بەپەلە

یەکێتى و کۆمەڵ رێککەوتنى سیاسى ئەنجامدەدەن

- 3/3/2019 10:01:00 PM 10925 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

یەکێتى نیشتیمانى کوردستان و کۆمەڵى ئیسلامى کوردستان رێککەوتنێکى سیاسى ئەنجامدەدەن لەسەر چۆنیەتى بەڕێوەبردنى هەرێمى کوردستان.

ئەمڕۆ لە هەولێر وەفدێکى مەکتەبى سیاسى یەکێتى سەردانى کۆمەڵى ئیسلامى کوردستانى کردو لەگەڵ عەلى باپیر ئەمیرى کۆمەڵى ئیسلامى و ئەنجومەنى سیاسى ئەو حزبە کۆبونەوە.
دەبێت مانیفێستێک دروست بکرێت لە چوارچێوەى پێکەوە ئیشکردنى لایەنە سیاسییەکاندا بێت بۆ حوکمڕانییەکى رەشید نەک بۆ حوکمڕانییەکى تەسکبینى تاکلایەنە

 

دوای كۆبونەوەكە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا كە بۆ هەریەك لە سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەکێتى و عەبدولستار مەجید ئەندامی ئەنجومەنى سیاسى كۆمەڵ سازكرابوو، پیرە رایگەیاند: "بەباوەڕی تەواو بەوەی بەبێ رێزگرتن لەئیرادەی یەكتر ناتوانین هیچ بكەین بە رێزگرتن لەیەكتر دەتوانین بەسەر كێشەكانماندا زاڵ ببین كۆبووینەوە".

سەعدى پیرە وتیشی: "سوپاسی مامۆستا عەلی باپیر و هەڤاڵانی دەكەین لەو هەڵوێستە جوانانەی كە لە دوای 18ی مانگ لە كۆبونەوەكاندا نواندییان، زەرورەتى یەكڕیزی نەتەوەكەمان عاملی سەركەوتنمانە بەسەر هەموو كێشەكاندا، پێویستە دامەزراوە رەسمییەكان دامەزراوەی نیشتیمانی بن، دامەزراوى حزبى نەبن، نابێت لە کێشەى نێوان لایەنە سیاسیەکان دامەزراوەکانى هەرێمى کوردستان ببنە بەشێک لەو کێشانە".

ئەوەشى خستەرو کە "دەبێت مانیفێستێک دروست بکرێت لە چوارچێوەى پێکەوە ئیشکردنى لایەنە سیاسییەکاندا بێت بۆ حوکمڕانییەکى رەشید نەک بۆ حوکمڕانییەکى تەسک بینى تاک لایەنە".

رێککەوتنێک ئەنجامبدرێت بۆ خزمەتکردنى خەڵکى هەرێمى کوردستان

 

لاى خۆشیەوە عەبدولستار مەجید ئەندامی ئەنجومەنى سیاسى کۆمەڵى ئیسلامى رایگەیاند: "پێشوازیکردنمان لە وەفدێكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەمەبەستی زیاتر پتەوكردنی پەیوەندییەكانمان بوو بە ئاڕاستەی خزمەتكردنی زیاتر بەخەڵكی هەرێمی كوردستان".

راشیگەیاند: "باسمان لەوەكرد كە لەسەر پرۆژەیەك یان كۆمەڵێك بنەما رێكبكەوین كە شێوازی حكومڕانی ئەم وڵاتە بەشێوەیەكی تەندروست بەڕێوەببرێت و چۆن تەباییەك دروستبكەین كە روبەروی هەمو كێشەكان ببینەوە بەهەموو جۆرەكانییەوە، وە پێمانباشبوە کە رێککەوتنێکی فراوان لەچوارچێوەى میساقێکدا لەگەڵ هەمو لایەنەکان ئەنجامبدرێت بۆ بەڕێوەبردنى ئەم وڵاتە".



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP