وتەبێژی یەکێتی: مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی کۆدەبنەوە

- 3/3/2019 1:15:00 PM 8817 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

وتەبێژی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان رایگەیاند، سبەی دووشەممە مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی لە شاری هەولێر کۆدەبنەوە.

لەتیف شێخ عومەر، وتەبێژی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ئەمڕۆ یەکشەممە لەمیانی لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "سبەی دووشەممە مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی لە شاری هەولێر کۆدەبنەوە و هەموو لایەکیش لە هەوڵی ئەوەداین لێک نزیک بین، پێویستیشە لێک نزیک بین".

ئاماژەی بەوەشکرد، "دەبێت لێک نزیکبونمان لەسەر بنەمای رێککەوتنامەی سیاسی و ئەو پرەنسیپانە بێت پێشتر باسمان لێکردوە بۆ ئەوەی رێککەوتنێکی تۆکمە و کۆنکرێتی بکەین".

کۆبونەوەی سبەی دووشەممەی پارتی و یەکێتی لەکاتێکدایە ئەمڕۆ شاندێکی باڵای یەکێتی بەسەرۆکایەتی کۆسرەت رەسوڵ، سەردانی پیرمام-ی کرد و لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆبوەوە.

بەپێی راگەیەندراوی کۆبونەوەکە، لە کۆبونەوەکەدا "پڕۆسەی سیاسیی هەرێمی كوردستان و ئاستەنگەكانی بەردەم پڕۆسەی سیاسی تاوتوێكراون و جەختیش لە كاری جدی و بەردەوامیی رێككەوتنی هەردوولا بۆ دامەزراندن و پتەوتركردنی دامودەزگاکانی هەرێمی كوردستان کراوەتەوە".

کۆبونەوەی مەسعود بارزانی و کۆسرەت رەسوڵ بۆ کردنەوەی ئەو دەرگا داخراوانە بوو، کە شاندی پارتی و یەکێتی بە ئەنجامدانی چەندین کۆبونەوە نەیانتوانیوە بیکەنەوە، بەهۆیەوە پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان و یەکلاییکردنەوەی پۆستی پارێزگاری کەرکوک پەکی کەوتوە.

مەرجی یەکێتی بۆ پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکومەت یەکلاییکردنەوەی پۆستی پارێزگاری کەرکوک و وەزارەتی دادی حکومەتی عێراقە، بەڵام پارتی دەڵێت، دەبێت سەرەتا کابینەی حکومەت پێکبهێندرێت پاشان پرسەکانی دیکە یەکلایی بکرێنەوە.

سەرچاوەیەکی باڵا لە ناو پارتی دیموکراتی کوردستانەوە بە خەندان-ی راگەیاند، پارتی لە بەرامبەر رازیبونی بە دیاریکردنی پارێزگاری کەرکوک لە پشکی یەکێتی، داوای شەراکەت لە بەڕێوەبردنی دۆسیەی نەوت و ئەمنی پارێزگاکەدا دەکات. 



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP