مەسعود بارزانی و كۆسرەت رەسوڵ کۆبونەوە

- 3/3/2019 12:38:00 PM 31369 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

مەسعود بارزانی و كۆسرەت رەسوڵ لە پیرمام کۆبونەوە و بەپێی راگەیەندراوی کۆبونەوەکەش پڕۆسەی سیاسیی هەرێمی كوردستان و ئاستەنگەكانی بەردەم پڕۆسەی سیاسی تاوتوێكراون.

ئەمڕۆ یەکشەممە شاندێکی باڵای یەکێتی بە سەرۆکایەتی کۆسرەت رەسوڵ، جێگری سکرتێری گشتی سەردانی پیرمام-ی کرد و لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆبوەوە.

بەپێی راگەیەندراوی کۆبونەوەکە، لە کۆبونەوەکەدا "پڕۆسەی سیاسیی هەرێمی كوردستان و ئاستەنگەكانی بەردەم پڕۆسەی سیاسی تاوتوێكراون و جەختیش لە كاری جدی و بەردەوامیی رێككەوتنی هەردوولا بۆ دامەزراندن و پتەوتركردنی دامودەزگاکانی هەرێمی كوردستان کراوەتەوە".

راگەیەندراوی كۆبونەوەی مەسعود بارزانی و شاندی باڵای یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان

ڕۆژی یەكشەممە 3ـی 3ـی 2019 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی و كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری سكرتێری گشتیی یەكێتیی نیشتیمانی كوردستان و شاندی یاوەری كە پێكهاتبون لە ئەرسەلان بایز و عیماد ئەحمەد ئەندامانی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان، كۆبونەوە.

لە دیدارەكەدا پڕۆسەی سیاسیی هەرێمی كوردستان و ئاستەنگەكانی بەردەم پڕۆسەی سیاسی تاوتوێ كرا و جەختیش لە كاری جدی و بەردەوامیی ڕێككەوتنی هەردوولا بۆ دامەزراندن و پتەوتركردنی دامودەزگای هەرێمی كوردستان كرایەوە ئەویش بە لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندییەكانی گەلی كوردستان و گیانی برایەتی و هەست بە بەرپرسیارێتیی هەموو لایەك، بە جۆرێك كە لە ئاست داواكاری و خواستی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان بێت.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP