ژمارەیەک کرێکاری ئیدارەی راپەڕین ماوەی سێ مانگە موچەیان پێنەدراوە

- 3/3/2019 10:11:00 AM 1926 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

لە سنوری ئیدارەی راپەڕین ماوەی سێ مانگە نزیکەی 700 کارمەندی ژینگە پارێز موچەیان پێنەدراوە و ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانیش دەڵێت، ئەو کرێکارانە قوربانی نێوان حکومەت و کۆمپانیای کەرتی تایبەتن.

کاسترۆ مەعروف، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە خەندان-ی راگەیاند، لەگەڵ بەرپرسانی ئیدارەی راپەڕین و خاوەنی کۆمپانیاکە قسەیان کردوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان و لەم هەفتەیەدا موچەیەک وەردەگرن و تا هاتنی نەورۆزیش دەبێت سەرجەم موچەکانیان پێبدرێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو کۆمپانیانەی لە کوردستانن پارە لە حکومەتی هەرێم و وەزارەتی دارایی وەردەگرن، بە بیانوی ئەوەی کە پارەیان لەلایەن حکومەتەوە پێنادرێت، بۆیە موچەی ئەو کارمەندانەیان نەداوە، بەڵام دەبێت کاتێك کۆمپانیایەک پڕۆژەیەکی بۆ دەردەچێت پابەند بکرێت بە دابینکردنی موچەی تەواوی کارمەندەکان.

کاسترۆ مەعروف راشیگەیاند، ئەو کرێکارانەی کە لەو کۆمپانیایەدا کاردەکەن مانگانە 300 هەزار دینار وەردەگرن و ژمارەشیان نزیکەی 700 کرێکار دەبن.

نیشانەکردن :

#رانیە #موچه‌

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP