بەپەلە

بۆ کردنەوەی "دەرگا داخراوەکان" کۆسرەت رەسوڵ سەردانی بارزانی دەکات

- 3/3/2019 8:46:00 AM 21367 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

مەسعود بارزانی و کۆسرەت رەسوڵ ئەمڕۆ یەکشەممە کۆدەبنەوە و هەوڵی کردنەوەی ئەو دەرگا داخراوانە دەدەن کە تا ئێستا لە چەندین کۆبونەوەی شاندی حزبەکانیاندا نەتوانراوە بکرێنەوە.

خەندان لە زاری سەرچاوەیەکی باڵا لەناو پارتی دیموکراتی کوردستانەوە زانیویەتی، ئەمڕۆ یەکشەممە کۆسرەت رەسوڵ، جێگری سکرتێری گشتی یەکێتی سەردانی مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکات لە پیرمام و لەبارەی کێشەکانی نێوانیانەوە گفتوگۆ دەکەن.

بارزانی و کۆسرەت رەسوڵ هەوڵی کردنەوەی ئەو دەرگا داخراوانە دەدەن، کە شاندی هەردولا بە ئەنجامدانی چەندین کۆبونەوە نەیانتوانیوە بیکەنەوە، بەهۆیەوە پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان و دیاریکردنی کەسێک بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکوک پەکی کەوتوە.

مەرجی یەکێتی بۆ پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکومەت یەکلاییکردنەوەی پۆستی پارێزگاری کەرکوک و وەزارەتی دادی حکومەتی عێراقە، بەڵام پارتی دەڵێت، دەبێت سەرەتا کابینەی حکومەت پێکبهێندرێت پاشان پرسەکانی دیکە یەکلایی بکرێنەوە.

سەرچاوەیەکی باڵا لە ناو پارتی دیموکراتی کوردستانەوە بە خەندان-ی راگەیاند، پارتی لە بەرامبەر رازیبونی بە دیاریکردنی پارێزگاری کەرکوک لە پشکی یەکێتی، داوای شەراکەت لە بەڕێوەبردنی دۆسیەی نەوت و ئەمنی پارێزگاکەدا دەکات. 

هەرچەندە دوێنێ شەممە لەتیف شێخ عومەر، وتەبێژی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان راگەیاندبو، کە رۆژی یەکشەممە کۆبونەوەی شاندی باڵای پارتی و یەکێتی بەڕێوەدەچێت، بەڵام ئەنجامدانی ئەو کۆبونەوەیە پەیوەستە بە ئەنجامی کۆبونەوەی بارزانی و کۆسرەت رەسوڵ کە ئەمڕۆ بەڕێوەدەچێت.

خەندان ئەوەشی زانیوە، "ئەگەر کۆبونەوەی مەسعود بارزانی و کۆسرەت رەسوڵ بەدڵی هەردولابێت، ئەوا لە ئایندەیەکی نزیکدا مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی کۆدەبنەوە بۆ واژۆکردنی رێککەوتنامەی سیاسی نێوانیان".


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP