بەپەلە

ئەنجومەنی ناوەندی سەرکردایەتی یەکێتی سەرپشک کرد

- 3/2/2019 6:46:00 PM 17088 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ئەمڕۆ شەممە 2/3/2019 ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتی لەبارەگای مەکتەبی سیاسی لە سلێمانی کۆبوەوە رایگەیاند، لە ئەگەری رێکنەکەوتن لەگەڵ پارتیدا سەرکردایەتی یەکێتی سەرپشک کرد بۆ بیرکردنەوە لەهەڵبژاردنی هەر بژاردەیەکی دیکە.

پشتگیری خۆمان بۆ سیاسەت و پرۆژەی یەکێتی دەردەبڕین کە پرۆژەیەکی نیشتیمانیە

لە راگەیەندراوێکدا کە ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتی بڵاویکردوەتەوە و دەڵێت، "پشتگیری خۆمان بۆ سیاسەت و پرۆژەی یەکێتی دەردەبڕین کە پرۆژەیەکی نیشتیمانیە و نەخشەرێیە بۆ رێکەوتنێکی سیاسیانە و دۆزینەوەی چارەسەرێکی ریشەییانە بۆ کۆی کێشە ناوخۆییەکانی هەرێم و ئاساییکردنەوەی بارودۆخی کەرکوک و ناوچە دابڕێندراوەکان و دانانی پارێزگارێک بۆ کەرکوک لە پشکی یەکێتی وەک ئیستیحاقی دەنگدان و سەرخستنی ئەم پرۆژەیە لەبەرژەوەندی گەلی کوردستان و کورد و هێنانە کاییەی حکومەتێکی بەهێز و سەرکەوتوە".

لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەشخراوەتەڕو، "سەبارەت بەخولی داهاتوی دانووستان لە نێوان یەکێتی و پارتی، پێشنیار دەکەین ئەگەر هەردوو لایەنی سەرەکی نەگەیشتنە رێککەوتنی سیاسی و لایەنی بەرامبەر بەبێ سازان و بەبێ بەشداری یەکێتیی لە رێی سەرۆکایەتی کاتی پەرلەمانەوە و بەشێوەیەکی تاکڕەوانە بەرنامەکەی خۆی جێبەجێبکات، ئەوا ئێمە وەک ئەنجومەنی ناوەندی ئەنجومەنی سەرکردایەتی سەرپشک دەکەین بۆ بیرکردنەوە لە هەڵبژاردنی بژاردەیەکی دیکە".

هیواخوازن هەردوو لایەنی سەرەکی لە چوارچێوەی دانوستانێکی هاوسەنگدا بگەنە رێکەوتنێکی سیاسی و لە داهاتوویەکی نزیکدا حکومەتێکی بەهێز و هاوسەنگ و سەرکەوتوو پێکبهێندرێت

ئاماژەی بەوەشکردوە، هیواخوازن هەردوو لایەنی سەرەکی لە چوارچێوەی دانوستانێکی هاوسەنگدا بگەنە رێکەوتنێکی سیاسی و لە داهاتوویەکی نزیکدا حکومەتێکی بەهێز و هاوسەنگ و سەرکەوتوو پێکبهێندرێت و خزمەتی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بکات و کۆتایی بەم دۆخە نەخوازراوەی هەرێمی کوردستان بهێندرێت.

ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتی دەشڵێت، سوربونی یەکێتیی لەسەر ئاسایکردنەوەی دۆخی ناوچە دابرێندراوەکان و دانانی پارێزگارێک و ئەکتیڤکردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک راستگۆیی و بەرپرسیارێتی یەکێتیی دەردەخات بەرامبەر کەرکوک و کەرکوکییەکان و ناوچە دابڕێندراوەکان بەگشتی.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP