پارتى: هه‌رهه‌نگاوێك بۆ یه‌كڕیزى جێگه‌ى ده‌ستخۆشییه‌
سەرۆک بەرهەم لایەنە عێراقییەکانی لەسەر یەک مێز کۆکردەوە

- 2/28/2019 3:55:00 PM 13202 جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان -

کۆڕبەندى حزبە سیاسییەکانى عێراق بە دەستپێشخەری د. بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق بەڕێوەچو، تێیدا سەرجەم لایەنە سیاسییە عێراقییەکان لەسەر یەک مێز کۆبونەوە و لەبارەی پرسە گرنگەکانەوە گفتوگۆیان کرد.

کۆڕبەندى حزبە سیاسییەکانى عێراق دوێنێ چوارشەممە بە سەرۆکایەتی د. بەرهەم ساڵح و ئامادەبونی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق و دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان و سەرجەم لایەنە سیاسییە ناکۆکەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان بەڕێوەچو، ئەوەش لەکاتێکدایە عێراق لە قۆناغی راگوزەردایە و بەرەو قۆناغی دوای کۆتاییهاتنی داعش و بونیادنانەوە و کرانەوەی پەیوەندییەکانی بەڕوی دەرەوەدا هەنگاو دەنێت.

لوقمان فه‌یلی، وته‌بێژی سه‌رۆكایه‌تی كۆماری عێراق رایگەیاند، كۆبونه‌وه‌كه‌ باسی له‌ بارودۆخی وڵات و گۆڕانكارییه‌ ئه‌منی و سیاسییه‌كان و دوا پێشهاته‌كانی جه‌نگی دژی تیرۆر و هه‌ڵوێسته‌كانی تایبه‌ت به‌ بوونی هێزی بیانی له ‌عێراق و ڕاده‌ی جێبه‌جێكردنی كارنامه‌ی حكومه‌ت و كاركردن بۆ وه‌لانانی گرفت و ناكۆكییه‌كان كرد. 

فه‌یلی لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، به‌شداربوانی كۆبونه‌وه‌كه‌ پێداگریان له ‌پێویستی گه‌ڵاڵه‌کردنی بۆچونێكی هه‌مه‌لایه‌ن کرد، بۆ باشتر به‌ڕێوه‌بردنی وڵات و ده‌سته‌به‌ركردنی خۆشگوزه‌رانی و دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌رێكی گونجاو بۆ نه‌هێشتنی به‌ربه‌سته‌كانی به‌رده‌م پرۆسه‌ی دیموكراسی له‌عێراقدا.

قوباد تاڵه‌بانى، جێگرى سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان کە لە کۆبونەوەکەدا بەشداریکردوە رایگەیاند، بەردەوامی ئەم جۆرە کۆبونەوانە گرنگن بۆ دروستبونی لێکگەیشتنی زیاتر لە نێوان لایەنە سیاسییەکاندا.

تاڵه‌بانى، لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی‌ فه‌یسبوك نوسیویه‌تی‌، "رەنگە لە کوردستانیش پێویستمان بە کۆبونەوەی راوێژی نیشتمانی هەبێت بۆ تاوتوێکردنی بابەتە گرنگ و چارەنوسسازەکان و ئەو پرسانەی رەهەندی نیشتمانیان هەیە".

لە کۆڕبەندى حزبە سیاسییەکانى عێراق، هۆشیار زێباری، نوێنەری پارتی دیموکراتی کوردستان ئامادەبو، پەرلەمانتارێکی ئەو حزبەش دەڵێت، "هه‌ر هه‌نگاوێك بۆ یه‌كڕیزى نێوان لایەنە عێراقیەکان بنرێت جێگه‌ى ده‌ستخۆشییه‌".

دانا شەهید جه‌زا، ئه‌ندامی فراكسیۆنى پارتى لە په‌رله‌مانى عێراق به‌ خه‌ندان-ى رایگەیاند، "هه‌رهه‌نگاوێك ببێته‌ مایه‌ى یه‌ك ڕیزى لایه‌نه‌كان جێگه‌ى ده‌ستخۆشییه‌، به‌تایبه‌ت له‌ نێوان لایه‌نه‌ كوردستانییەکان له‌ به‌غدا، ئه‌گه‌ر هه‌ركه‌سێك بێت ئه‌وه‌ هه‌نگاوێكى گرنگه‌".

ئاماژەی بەوەشکرد، "پێویسته‌ هه‌ندێك خروقات کە له‌ كوردستان ڕوده‌دات نه‌گه‌نه‌ به‌غدا و له‌ناوخۆ چاره‌سه‌ر بكرێن، تا كاریگه‌ری نه‌بێت له‌ په‌یوه‌ندى و كارى نێوان هێزه‌ سیاسییه‌كان".

دانا شەهید جه‌زا

ئەندامەکەی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق راشیگەیاند، "یه‌كێك له‌ كێشه‌ سه‌ره‌كییه‌كانى عێراق  ئه‌وه‌یە كه‌ له‌ قۆناغى زۆر گرنگدا نه‌یتوانیوه‌ بڕیارى سه‌ربه‌خۆ بدات".

دوای هەڵبژاردنی د. بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق و راسپاردنی عادل عەبدولمەهدی، بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت، عێراق هەنگاوەکانی بۆ بونیادنانەوە و دروستکردنەوەی پەیوەندیە سیاسیەکانی دەرەوەی دەستپێکرد و لەماوەکانی رابردوشدا سەرۆک بەرهەم چەندین سەردانی بۆ وڵاتانی (فەڕەنسا، ئیتاڵیا، تورکیا، ئێران، سعودیە، ئیمارات، قەتەر، کوەیت، میسر) ئەنجامداوە و چەندین شاندی باڵای وڵاتانیش سەردانی عێراقیان کردوە. 

دانا شەهید جه‌زا دەڵێت، "لاوازى حكومه‌تى پێشوى عێراق به‌ربه‌ست بوه‌ له‌به‌رده‌م پێگه‌ و ده‌سه‌ڵاتدا، ته‌داخولات هه‌بوه‌ و به‌رژه‌وه‌ندى وڵاتانى ده‌ره‌وه‌ كاریگه‌رى نه‌رێنى هه‌بوه‌، پێویسته‌ عێراق بۆ سه‌ربه‌خۆیی هه‌نگاو بنێت".

پێشتر ئەنجومەنی ئەتلەنتیک کانسڵ راپۆرتێکی لەبارەی سەرۆکایەتی نوێی عێراقەوە بڵاوکردبوەوە و رایگەیاندبو، لە ماوەی سەرۆكایەتیەكانی پێشوتردا، خەڵكی عێراق پێگەی سەرۆكایەتی کۆماریان وەك پێگەیەكی لاواز و كەمبایەخ لە روی سیاسیەوە سەیردەكرد و پێیانوابو، ئەو "پێگەیە خاوەنی هیچ هێزێكی سیاسی نیە"، بەڵام راستییەكەی ئەوەیە كە سەرۆكانی پێشو سودیان لە پێگەكەیان نەبینیوە و بەكاریان نەهێناوە.

لە راپۆرتەکەدا هاتوە، سەرۆک کۆمار بە سەردانەكانی بۆ پایەتەختی زۆر لە وڵاتانی ناوچەكە "توانیویەتی وێنەیەكی نوێی جوانی حكومەتی عێراقی پیشانی وڵاتانی دونیا بدات، بەبونی دكتۆر بەرهەم، سەرۆكایەتی عێراق شێوازێكی نوێ وەردەگرێت و دەگاتە ئاستێكی نوێ لە وزەی كاركردنیدا، بەتایبەتی لە پەیوەندیە نێودەوڵەتیەكاندا".



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP