ترەمپ نهێنی شکستی کۆبونەوەکەی لەگەڵ سەرۆکی کۆریای باکور ئاشکرا دەکات

- 2/28/2019 2:26:00 PM 29102 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-بەهمەن ئەحمەد

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا ئاشکرایکرد، کیم جۆن ئون، سەرۆکی کۆریای باکور داوای لابردنی تەواوی سزاکانی سەر وڵاتەکەی کردوە، ئەوانیش نەیانتوانیوە لەم قۆناغەدا ئەو داواکارییە جێبەجێبکەین.

پاش ئەوەی کۆبونەوەی لوتکەی نێوان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و کیم جۆن ئون، سەرۆکی کۆریای باکور بەبێ هیچ رێککەوتنێک کۆتاییهات، ترەمپ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا هۆکاری شکستەکەی ئاشکراکرد و رایگەیاند، "کیم داوای لابردنی هەمو سزاکانی کرد، ئێمەش لەم قۆناغەدا ئەو داواکارییەمان بۆ جێبەجێنەکراوە".
کیم داوای لابردنی هەمو سزاکانی سەر وڵاتەی کردوە

 

هەرچەندە ترەمپ لە کۆنگرە رۆژنامەوانیەکەدا هەوڵیدا شکستی کۆبونەوەکە بەبێ رێککەوتن ئاسایی باس بکات، بەڵام لەبەردەم رۆژنامەنوساندا روبەڕوی پرسیاری ئەوە کرایەوە کە بۆچی رۆژی رابردو زۆر بە ئومێدەوە سەیری کۆبونەوەکەی کردوە و ئەنجامەکەشی بەبێ واژۆکردنی رێککەوتن بوە.

ترەمپ لەوەڵامی ئەو پرسیارەدا وتی، "ئێستاش ئومێدم زۆرە و کۆبونەوەکە بەرهەمداربوە و هێشتا ئومێدم زۆرە لە ئایندەدا لەگەڵ کیم دەگەینە رێککەوتن".

ئێستاش ئومێدم زۆرە و کۆبونەوەکە بەرهەمداربوە

لەبارەی کەشوهەوای کۆتا ساتەکانی کۆبونەوەکەوە ترەمپ رونیکردەوە، "کۆبونەوەکە بە شێوەیەکی ئاسایی و هاوڕێیانە کۆتاییهاتوە و دەستبەرداری هاوڕێیەتی و ئومێدەکانی رێککەوتن نابن و تیمەکانیان لە چەند هەفتەی داهاتودا دەستدەکەنەوە بەکارکردن".

دوای کۆبونەوەکەی ترەمپ و کیم، کۆشکی سپی ئەمریکا رایگەیاند، کۆبونەوەی دۆناڵد ترەمپ و کیم جۆن ئون بەبێ هیچ رێککەوتنێک کۆتایی هاتوە، لەبارەی داماڵینی چەکی ئەتۆمی نیمچەدورگەی کۆریای باکور کۆبونەوەکانیان جێهێشتوە.

وتەبێژی کۆشکی سپی راشیگەیاند، رێکنەکەوتنی ئەمجارە بەواتای داخستنی مەلەفەکان نایەت و لە ماوەی چەند هەفتەی داهاتو تیمەکانیان جارێکی دیکە دەستبەدانوستانەکان دەکەنەوە.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP