بەسەرۆکایەتى سەرۆک بەرهەم کۆڕبەندى حزبە سیاسییەکانى عێراق و هەرێم دەستیپێکرد

- 2/27/2019 5:15:00 PM 10669 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ئێوارەى ئەمڕۆ لە شارى بەغداد بەسەرۆکایەتى سەرۆک بەرهەم کۆڕبەندى حزبە سیاسییەکانى عێراق و هەرێم دەستیپێکرد.

کۆبوونەوەکە بە سەرۆکایەتى سەرۆککۆمارى عێراق د. بەرهەم ساڵح، بە ئامادەبوونى سەرۆکوەزیرانى عێراق عادل عەبدولمەهدى و سەرۆکى پەرلەمانى عێراق، نوێنەرانى یەکێتى نیشتیمانى کوردستان و پارتى دیموکراتى کوردستان و هێزو لایەنە سیاسییەکانى عێراق و هەرێمى کوردستان لە کۆشکى سەلام دەستیپێکرد.

ئه‌ندامێكى فراكسیۆنى یه‌كێتى له‌ په‌رله‌مانى عێراق رایگه‌یاند، شاندێكى یه‌كێتى بۆ به‌شدارى له‌ کۆنگرەی لوتکەی لایەنە سیاسیەکانی عێراق و کوردستان له‌ به‌غدایه‌، کە به‌ سه‌رۆكایه‌تى سەرۆک به‌رهه‌م بەڕێوەدەچێت.

شیروان میرزا، ئه‌ندامى فراكسیۆنى یه‌كێتى له‌ په‌رله‌مانى عێراق به‌ خه‌ندان-ى وت،  شاندێكى یه‌كێتى به‌ سەرۆكایه‌تى كۆسرەت ره‌سوڵ، بۆ به‌شداریکردن لە کۆنگرەی لوتکەی لایەنە سیاسیەکانی عێراق و کوردستان لە بەغدایە، کە تێیدا گفتوگۆ له‌باره‌ى دۆسیه‌ى گه‌نده‌ڵی و ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ی تیرۆرەوە دەکرێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، كۆڕبه‌ندى حزبه‌ سیاسییه‌كانى عێراق به‌ سه‌رۆكایه‌تى سەرۆک به‌رهه‌م ساڵح بەڕێوەدەچێت.

له‌باره‌ى دۆسیه‌ى گه‌نده‌ڵی و روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی تیرۆرەوە گفتوگۆ دەکرێت

 

شەوی رابردو خەندان لە زاری سەرچاوەیەکی باڵای ناو یەکێتییەوە بڵاویکردەوە، "شاندەکەی یەکێتی نەخشە ڕێگای دانوستانێکی ئامانجداری گرنگی گەڵاڵەکردوە ھەتا لەگەڵ ھێزو لایەنە عێراقیەکان و دەسەڵاتدارانی بەغدا تاوتوێی بکات، بەئامانجی خزمەتکردنی خەڵکی هه‌رێمى كوردستان و یەکلاکردنەوەی کێشە ھەڵپەسێردراوەکانی نێوان بەغدا و کوردستان و ناوچە کوردستانیە کێشە لەسەرەکان".

شاندەکەی یەکێتی نەخشە ڕێگای دانوستانێکی ئامانجداری گرنگی گەڵاڵەکردوە

 

ئەو سەرچاوە باڵایە بە خەندان-ی وت، بڕیاره‌ له‌ ڕۆژانی داهاتوشدا شاندەکە چه‌ندین دیداری گرنگ و ئاستبەرز لەگەڵ ھێز و لایەن و کاربەدەست و سه‌ركرده‌ باڵاى عێراق ئەنجام بدات و لەبارەی پرسە گرنگەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراقەوە گفتوگۆ بکەن. 

شاندی یەکێتی له‌ رۆژانی داهاتودا چه‌ندین دیداری گرنگ و ئاستبەرز ئەنجامدەدات

 

شیروان میرزا راشیگەیاند، پۆستى پارێزگارى كه‌ركوك و وه‌زارتى دادی حکومەتی عێراق په‌یوه‌ندى ڕاسته‌وخۆى به‌ یه‌كێتییه‌وه‌ هه‌یه‌، به‌ڵام  بەفەرمی چونى شانده‌كه‌ بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ نییه‌.

ئەوەشی خستەڕو، هه‌فته‌ى داهاتوو كۆبونه‌وه‌كانى په‌رله‌مانى عێراق ده‌ستپێده‌كاته‌وه‌ و پێكهاته‌ى حكومه‌ت ده‌نگى كۆتایی له‌سه‌ر ده‌درێت، وه‌ك ته‌واوكارى كابینه‌كه‌، ئێستا بژارده‌كان له‌به‌رده‌مى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراقن تا ناوى كاندیده‌كانى یه‌كێتى بنێردرێن و ده‌نگى له‌سه‌ر بدرێن و كاندیدى یه‌كێتى بۆ پۆستى وه‌زاره‌تى داد، سمكۆ ئەسعەد ڕاویژکاری یاسایی مەکتەبی سیاسی یەکێتی كانديد ده‌بێت.

بژارده‌كان بۆ پۆستى وه‌زاره‌تى داد له‌ به‌رده‌مى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراقن

 

لەبارەی پۆستی پارێزگاری کەرکوکەوە میرزا رونیکردەوە، "پۆستى پارێزگارى په‌یوه‌ندى به‌ كۆبونه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى كه‌ركوك هه‌یه‌ و یه‌كێتى پێى وایه‌ ده‌بێت كۆبونه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى پارێزگا له‌ناو كه‌ركوك بكرێت، یەکێتی چه‌ند كاندیدێكى بۆ پۆستی پارێزگار هه‌یه‌".
یەکێتی وەک براوەی دووەمی هەڵبژاردنەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەیەوێت لە بەغداوە پێگەی خۆی لە عێراقدا بەهێزتربکات، لە ئێستاشدا جگە لەوەی پۆستی سەرۆککۆماری بردوەتەوە و لە ئاستی دەرەوەدا نوێنەرایەتی عێراق دەکات هاوکات نەخشەڕێگای چارەسەرکردنی قەیرانەکانی بردوەتە بەغدا و دەشیەوێت لە ڕێگەی پەیوەندیەکانیەوە لەگەڵ هێزە عێراقیەکان هاوسەنگی سیاسی لە عێراق و هەرێم بپارێزێت.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP