پێشبینی دوبارەبونەوەی پردێیەکی دیکە دەکات
به‌هادین نورى بۆ خەندان: بەبێ تەزویر پارتی 20 کورسی و یەکێتی 15 کورسی بەدەستدەهێنن

- 2/27/2019 2:30:00 PM 32778 جار خوێندراوەتەوە
به‌هادین نورى

خەندان-

سازدانی- ئه‌حمه‌د مسته‌فا

به‌هادین نورى، سیاسه‌تمه‌دار و سكرتێرى پێشوى حزبى شیوعى عێراق لەبارەی دۆخی سیاسی هەرێمی کوردستان و عێراقەوە دەدوێت و دەڵێت، ئەگەر هەڵبژاردنێکی بێ تەزویر بەڕێوەبچێت ئەوا "پارتی 20 کورسی و یەکێتی 15 كورسى بەدەستدەهێنن"، هاوکات پێشبینی دوبارەبونەوەی روداوێکی هاوشێوەی 2015 دەکات لە بازگەی پردێ، کاتێک رێگری لە یوسف محەمەد، سەرۆکی ئەوکاتی پەرلەمانی کوردستان کرا بگەڕێتەوە سەر کارەکەی له‌ هه‌ولێر.

به‌هادین نورى، سیاسه‌تمه‌دار و سكرتێرى پێشوى حزبى شیوعى عێراق لەمیانی چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ خەندان رایگەیاند، ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کە لە 30ی ئەیلولی ساڵی رابردو بەڕێوەچو "راست نیە، ته‌حه‌داى پارتى ئه‌كه‌م به‌ لیستى پاكى هه‌ڵبژاردن و بێ ته‌زویر به‌شدارى هه‌ڵبژاردن بكات 20 كورسى ناهێنێت و یه‌كێتیش 15 كورسى ناهێنێت، به‌ڵام ئێستا به‌هەر‌دوكیان 66 كورسییان هێناوه‌".

ئەو له‌ 11ى شوباتى ساڵی 1927 له‌ دایكبوه‌، له ‌ته‌مه‌نى 19 ساڵیه‌وه‌ چووەته‌ بوارى سیاسەته‌وه‌ و له ‌ساڵى 1949 بۆماوه‌ى چوار ساڵ بوەته‌ سكرتێرى حزبى شیوعى عێراق، لە ساڵی 2004 ەوە کاری سیاسی راگرتوە، وه‌ك خۆى ده‌ڵێت، ته‌نها قه‌ڵه‌مه‌كه‌ى به‌رده‌وامه‌.

خه‌ندان: با سەرەتا لە دۆخی ناوخۆی هەرێمەوە دەستپێبکەین، دوای نزیکەی شەش مانگ لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، دۆخى ئێستاى هه‌رێم چۆن ده‌بینیت؟ 

به‌هادین نورى: بارودۆخێكى ئاڵۆز به‌رده‌وامه‌ ئه‌و كێشانه‌ى كه‌ ئێستا هه‌ن  له‌ 2004 ەوە له‌و كاته‌وه‌ى پارتى و یه‌كێتى دۆسیه‌ى نه‌وتیان گرتوەته‌  ده‌ست دروستبون، ئێستا هه‌ر ئه‌و دۆخه‌ى پێشتریش نیه‌ به‌ڵكو شێوه‌ و فۆڕمێكى دیكه‌شى وه‌رگرتووه‌، له ‌نێوان حكومه‌ت و گه‌ل، حكومڕان له‌لایه‌ك و گه‌ل و نیشتمان له‌لایه‌كى دیكه‌، به‌ڵام ئێستا هه‌رێمى كوردستان، له‌و قۆناغه‌دایه‌ كه‌ كێشمه‌ كێشم له‌ناو حكومڕانان خۆیاندایه‌.
ئه‌وه‌ نزیکەی شەش مانگه‌  لایه‌نه‌كان نه‌یانتوانیوه‌ حكومه‌ت دروستبكه‌ن، پارتى و یه‌كێتى شكستهێنا له‌ حكومڕانیكردنى ئه‌م گه‌له‌ بچوكه‌ى خۆیان، 28 ساڵه‌ ده‌سه‌ڵاتیان گرتوەته‌ ده‌ست نه‌ئه‌توانن ده‌سه‌ڵات به‌جێبهێڵن، نه‌ ئه‌شتوانن چاكسازى بكه‌ن، ئه‌و موچانه‌ى بۆ خه‌ڵكى به‌ناو ساختەوە بۆ هەندێک لە خەڵک بە ناو پێشمەرگە و فەرمانبەرەوە بڕاوەته‌وه،‌ بوه‌ته‌ به‌ڵا به‌سه‌ر میلله‌ت و ده‌سه‌ڵاتیش خۆیانه‌وه‌، گه‌نده‌ڵیش به‌رده‌وام ده‌بێت تا شەفافیەت نه‌بێت له‌ خه‌رجى و داهات.

خه‌ندان: کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆچی دروست نابێت؟ 

به‌هادین نورى: پێكهێنانى حكومه‌ت  له‌سه‌ر  بناغه‌ى ژیانى خه‌ڵك و پڕۆژه‌ ته‌واونه‌كراوه‌كان نییه‌، به‌ڵكو له‌سه‌ر كورسى و پاره‌ى زیاتره‌، ئه‌وه‌ش بوەته‌ قه‌یران بگره‌ به‌وه‌ش قه‌یرانه‌كه‌ زیاتر قوڵتربوەته‌وه‌، به‌جۆرێك ده‌سه‌ڵاتى سیاسى دۆخێكی وایان دروستكردوه‌ كه‌ هه‌رخۆیان له‌ده‌سه‌ڵاتدابن.
ئه‌گه‌ر به‌هه‌ڵبژاردنێكى خاوێن ببوایه‌ ئه‌وه‌ ئه‌و ئه‌نجامانه‌ى ئێستا هه‌ن به‌وشێوه‌یه‌ نه‌ده‌بو، كه‌ ئێستا بوەته‌ واقع، ده‌نگده‌رى ڕاستى  له‌سه‌دا 25 تێنه‌ده‌په‌ڕى، خه‌ڵك له ‌به‌رامبه‌ر ئه‌و خواست و داوایانه‌ى هه‌یانبوو بۆ پارتى و یه‌كێتى و به‌دینه‌هێنرا، به‌نه‌چون بۆ ده‌نگدان په‌یامێكیان پێدان.

خه‌ندان: کەواته‌ ئەنجامی هەڵبژاردنەکان چۆن بون؟

به‌هادین نورى: ئه‌و رێژه‌یه‌یى به‌ده‌ستهاتوه‌ ئێستا، ڕاست نییه‌، ته‌حه‌داى پارتى ئه‌كه‌م  به‌لیستى پاكى هه‌ڵبژاردن و بێ ته‌زویر به‌شدارى هه‌ڵبژاردن بكات 20 كورسى ناهێنێت و یه‌كێتش 15 كورسى ناهێنێت، كه‌چى ئێستا به‌هەر‌دوكیان 66 كورسییان هێناوه‌.
له‌ هیچ جارێكى پێشوودا به‌هێنده‌ى ئیستا ده‌نگیان نه‌بوه‌ له‌كاتێكدا خه‌ڵك نه‌چوە بۆ‌ ده‌نگدان، خۆشیان ئه‌و واقعه‌ ده‌زانن له‌ ڕاستیدا ئه‌وه‌ قه‌یرانه‌، پڕۆسه‌یه‌كى ئاسایی ئه‌وه‌یه‌ هه‌ركه‌سه‌ و به‌مافى حه‌قیقى خۆى به‌شدارى په‌رله‌مان بكات، ئه‌وكاتیش نه‌ ململانێ له ‌نێوان پارتى  و یه‌كێتى ده‌بو نه‌لایه‌نه‌كانى دیكه‌ش سه‌ریان لێده‌شێوا له‌ مامه‌ڵكردن له‌گه‌ڵیان.

خه‌ندان: پرسى پێكهێنانى حكومه‌ت هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ پێكهێنانى حكومه‌ت له‌ به‌غدا و دروستبونى دۆخێكى سیاسى و ئیدارى نوێ له‌ كه‌ركوك، كێشه‌ى سه‌ره‌كى  پارتى و یه‌كێتى چین له‌ پێكنه‌هاتنیان؟ 

به‌هادین نورى: قه‌یرانى كه‌ركوك، له‌ پله‌ى یه‌كه‌مدا ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ریفراندۆمێكى ناكات و ناوه‌خت كرا، هێزى عێراقى گه‌ڕایه‌وه‌ كه‌ركوك، ئه‌گینا كورد  فره‌سه‌تێكى بۆ ڕێكه‌وتبوو مادده‌ى 140 جێبه‌جێبكات، ئه‌مان ماده‌كه‌یان گۆڕییه‌وه‌ به‌ سه‌ربه‌خۆى كوردستان، وڵاتانى ئه‌مریكا و ئه‌وروپا و روسیا و ئێران و توركیا و به‌غدا وتیان، نه‌خێر بۆ ریفراندۆم له‌ ناوخۆى هه‌رێمى كوردستانیش ڕه‌وتێكى فكرى و سیاسى دروستبو وتى، "كاتى نیه‌"، به‌ڵام مه‌سعود بارزانى وتى گوێ له‌كه‌س ناگرم و كردى ئه‌وه‌ش كێشه‌ى كه‌ركوكى دروستكردوه‌، به‌وپێیه‌ش خۆیان دروستكه‌ری بون، نه‌ك له ‌كه‌ركوك به‌ڵكو  بگره‌  خانه‌قین و شه‌نگار و مه‌خموریش بونه‌ته‌ قوربانى دۆخه‌كه‌.
پارتى ئه‌یەوێت پارێزگارى كه‌ركوك  وه‌ربگرێت، له‌پاش ڕیفراندۆم هه‌نگاوى جددى ناوه‌ له‌ عێراقى نوێدا و نایه‌وێت دۆخى پێشووى ئیدارى كه‌ركوك دوباره‌ ببێته‌وه‌ و ئه‌و پۆسته‌ سه‌ره‌كیانه‌ى پارێزگاكه‌ بكه‌وێته‌ ده‌ست یه‌كێتى، یه‌كێتیش سوره‌ له‌سه‌ر هه‌ڵوێستى، هه‌رچه‌نده‌ كه‌ركوك ئێستا له‌ده‌ستى كورد نه‌ماوه‌، به‌ڵام له‌ بردنى نه‌وت به‌رده‌وامن، ئه‌وه‌ش ره‌نگدانه‌وه‌ى له‌ ناو به‌غدادیش هه‌بوه‌.

خه‌ندان: كێشه‌ى هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆككۆماریش له‌گه‌ڵ پاكێجى كێشه‌كاندایه‌، عێراقیه‌كان سه‌رۆكێكى نوێیان به‌ناوى به‌رهه‌م ساڵح هه‌ڵبژارد، به‌شێك له‌ چاودێران به‌پیاوى كرانه‌وه‌ى په‌یوه‌ندییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان ناویده‌هێنن، تۆ چی دەڵێیت لەوبارەیەوە؟

به‌هادین نورى: به‌رهه‌م ساڵح له‌به‌رئه‌وه‌ى كه‌سایه‌تییه‌كى ناسراوبو كارى له‌ به‌غدا كردوه‌، عه‌ره‌به‌كان و لایه‌نه‌كان ده‌نگیان پێدا و پارتى به‌وه‌ش تێكشكا، پارتى ئه‌وه‌ى پێ هه‌زم  ناكرێت، چونكه‌ كردوێتى به‌عاده‌ت له‌ نه‌خۆشكه‌وتنى مام جه‌لاله‌وه‌ پارتى ده‌ستیپێكردوه‌ ورده‌ ورده‌ جومگه‌كانى ده‌سه‌ڵات ڕاده‌كێشێته‌ ده‌ستى خۆى له‌ یه‌كێتى ئه‌سه‌نێته‌وه‌، پارتى ئەیە‌وێت پارێزگارى كه‌ركوك له‌ به‌رامبه‌ر پۆستى سه‌رۆككۆمار وه‌ربگرێت، به‌ڵام یه‌كێتى به‌وه‌ ڕازى نییه‌.

خه‌ندان: بەبۆچونی تۆ ڕۆڵى  به‌رهه‌م ساڵح چیده‌بێت؟ 

به‌هادین نورى: به‌رهه‌م ساڵح جێگرى دوه‌مى سكرتێرى گشتى یه‌كێتى بو، خاڵى به‌هێزى به‌رهه‌م ساڵح ئه‌وه‌یه‌ چه‌ند ساڵ له‌ ده‌ره‌وه‌ ژیاوه‌ و ئه‌زمونى ئەمریکا و دیموكراسى ڕۆژئاواى بینیوه‌ و پیاوێكى ڕۆشنبیه‌ و سیاسیشه‌، له‌ هه‌ندێك كه‌سى دیكه‌ى ئیدارى سه‌رۆك وه‌زیرانێكى جیاوازتر بوه‌ توانیوتى كارى باشتر بكات، له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و كه‌سایه‌تیانه‌ى پۆسته‌كه‌یان كردوه‌ به‌ پۆستێكى خێڵه‌كى.
ئه‌و خیلافات و باڵباڵێنه‌ى كه‌وته‌ ناو یه‌كێتى كاریگه‌ى له‌سه‌ر به‌رهه‌م ساڵح كرد له‌ ڕۆژانێكدا، په‌ره‌ی سه‌ند و گه‌یشته‌ دۆخێكى وا كه‌ به‌رهه‌م ساڵح جیابێته‌وه‌ و حزبێك دروستبكات، ئه‌وه‌ش بۆ پیاوێكى سیاسى ئاساییه‌، من له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ڕه‌خنه‌م له‌ خۆم گرتوه‌ ده‌بوو له ساڵی‌ 1975 حزبى شیوعى و له‌ 1983 شوعیه‌ت جێبهیڵم و جێم نه‌هێشتوه‌. 
له‌ به‌رهه‌م ساڵح  ئومێدده‌كرا ببێته‌ حزبێك كه‌ 8 بۆ 9 كورسى بهێنێت له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانى هه‌رێم ئه‌وه‌ش به‌پێى پێگه‌ و نفوسى سیاسى، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ له‌ پڕ شتێكى دیكه‌ رویداو خۆى شتێكى دیكه‌ى هه‌ڵبژارد و گه‌ڕایه‌وه‌ ناو یه‌كێتى و ئاشتبوه‌وه‌ ئه‌و هه‌نگاوى ئاشتبونه‌وه‌یه‌ش گرفت نیه‌، به‌ڵكو كێشه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌  نه‌ده‌بو حزبى دروستبكردایه، ئێستاش فره‌ست له‌به‌رده‌سته‌ و مێژوى كۆتایی نه‌هاتوه‌ ده‌بێت كارێك بكات قه‌ره‌بوى ئه‌و كاره‌ى پێبكاته‌وه‌.

خه‌ندان: هەنگاو بۆ پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکومەت نراوە دیارترینیان رێکەوتنی پارتی و گۆڕانە، بۆچونی تۆ لەسەر ئەو رێککەوتنە چیە؟

به‌هادین نورى: ده‌مه‌وێت بڵێم ئێستا منافه‌سه‌یه‌كى نامه‌شروع كه‌وتوەته‌ ناو پارتى و یه‌كێتى، گۆڕان سه‌رى لێشێواوه‌ نازانێ چیده‌كات، گۆڕان زوتر ئه‌زمونى خۆى له‌گه‌ڵ هه‌ردوكیان تاقیكرده‌وه‌، له‌گه‌ڵ پارتى چوه‌ حكومه‌ت، ئه‌نجامه‌كه‌ى ئه‌وه‌بو كه‌وا مه‌سعود بارزانى و پۆلیسه‌كانى له‌ پردێوه‌ سه‌رۆكى په‌رله‌مان و وه‌زیره‌كانیان ده‌ركرد، هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ یه‌كێتى ئه‌زمونى گۆڕان ئه‌وه‌بو، كه‌ به‌ به‌شدارى مام جه‌لال و نه‌وشیروان مسته‌فا  ڕێكه‌وتنى ده‌باشان واژۆكرا، به‌ڵام هیچ خاڵێكى لێ جێبه‌جێنه‌كرا،  ته‌نها 250 هه‌زار دۆلارى یه‌كێتى نه‌بێت كه‌ ماوه‌یه‌ك ده‌درایه‌ گۆڕان، له‌به‌رامبه‌ر بێده‌نگبونیان. 

ئێستا گۆڕان له‌گه‌ڵ پارتى ڕێكه‌وتوەته‌وه‌، ئه‌وه‌ بژارده‌ى خۆیانه‌، به‌ڵام چۆن په‌یوه‌ندییه‌كى ناماقوڵ له‌ ڕوى سیاسییه‌وه‌ له‌م وڵاته‌ دروستبوه‌ هه‌رچى سیفاتى خراپ هه‌یه‌ پارتى نای به‌گۆڕانه‌وه‌ ئێستا چووه‌ ڕێكه‌وتوه‌ له‌گه‌ڵی و به‌نیازن  دۆخى وڵات بگۆڕن، ئه‌گه‌ر ئه‌و ڕێكه‌وتنه‌ ته‌نفیزبكه‌ن یه‌كه‌م كه‌س ئه‌بم چه‌پڵ لێده‌ده‌ه‌م، به‌ڵام قه‌ناعه‌تم نییه‌ جێبه‌جێى بكه‌ن، چونكه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ جێبه‌جێبكرێت پارتى هیچى نامێنێت.
پێموایه‌ پارتى جددى نییه‌ له‌ ڕێككه‌وتنى له‌گه‌ڵ داخوازیه‌كانى گۆڕان، ته‌جروبه‌ى ڕابردو پێمان ده‌ڵێت، پارتى ئه‌گه‌رى ئه‌وه‌ى هه‌یه‌  هه‌ركاتێك له‌ به‌رژه‌وه‌ندى خۆى بینى هه‌ڵبگه‌ڕێته‌وه‌ و  ئه‌و ده‌ركردنه‌ى پردێ به‌شێوه‌یه‌كى دیكه‌ دوباره‌ بكاته‌وه‌ به‌رامبه‌ر بە گۆڕان.

خه‌ندان: پێتوایە رێککەوتنەکەی نێوان پارتی و گۆڕان جێبەجێدەکرێت؟

بەهادین نوری: پارتی ئه‌و رێکكەوتنە جێبەجێ‌ ناكات کە‌ گۆڕان داوای كردو‌ه، گۆڕان‌ ئه‌زموونى له‌گه‌ڵ پارتى و یه‌كێتیش هه‌یه‌ هیچیان له‌په‌یوه‌ندییه‌كانیان جددى نه‌بون له‌گه‌ڵ گۆڕان ئیلتیزاماتى خۆیان جێبه‌جینه‌كردووه‌، ئێستا من واى به‌باش ده‌زانم  بۆ گۆڕان كه‌ په‌یوه‌ندییه‌كى ئاسایى هه‌بێت له‌گه‌ڵ پارتى و یه‌كێتى و به‌یه‌ك چاو سه‌یرى هه‌ردوكیان بكات نه‌ك به‌ته‌ره‌فگیر ئه‌وه‌ ئەكات زه‌ره‌رى قورستر ده‌كات.
گۆڕان له‌سه‌ره‌تادا ئۆپۆزسیۆنێكى جددى بوو، به‌ڵام ورده‌ ورده‌ لاواز بو ئێستا لاوازتریشبوه‌ له‌ جاران، ئه‌وه‌ش به‌هۆكارى ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ ژماره‌ى كورسیه‌كاتى له‌ 24 بۆ 12 كورسى دابه‌زیوه‌، به‌ڵكو له‌ناو جه‌ماوه‌ر و ڕۆشنبیران، گۆڕانه‌كه‌ى جاران نه‌ماوه‌ و زۆرێك له‌ گۆڕانخوازان جێیانهێشتوه‌ به‌ڵگه‌ى لاوازبونى گۆڕان له‌وه‌دایه‌ حه‌جمى بچوك بوەته‌وه‌.

خه‌ندان: ژیانى سیاسى خۆت كۆتایی پێهێناوه‌ یان ئێستاش ده‌تەوێت پشتیوانى هه‌نگاوى سیاسى لایه‌نێك بیت؟

به‌هادین نورى: له‌ 1984 شیوعیم جێهشتوه‌ فه‌تره‌یه‌ك هه‌وڵمدا حزبێكى ماركسى دروستبكه‌م له‌وكاته‌وه‌ 35 ساڵه‌ ده‌رچووم له‌ حزبى شیوعى 10 ساڵ هه‌وڵمدا ڕێكخراوێكى دیموكراتى دروستبكه‌م له‌وه‌ش سه‌ركه‌وتو نه‌بوم، چونكه‌ سه‌رى  گوریسه‌كان له‌ بنده‌ستى پارتى و یه‌كێتیه‌ كه‌س نه‌یتوانى به‌ ویستى خۆى جوڵانه‌وه‌یه‌كى سیاسى دروستبكات، ته‌نانه‌ت گۆڕانیش له‌ ئه‌نجانى ئینشیقاقى یه‌كێتى و ده‌رچون له‌و پارته‌ دروستبون و سه‌ربه‌خۆیان نه‌بوه‌ به‌قیاده‌ى شه‌خسى دوه‌مى ناو یه‌كێتییه‌وه‌ چونه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌.
دیموكراسى نیه‌ له‌م وڵاته‌ له‌ كه‌شێكى دیموكراسیدا ئه‌وه‌ى به‌رپرسه‌ له‌ بڕیارى ریفراندۆم لێكۆڵیه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ ده‌كرێت ئه‌وه‌ له‌ وڵاتێكى ئه‌وروپى روبدات هیچ به‌هایه‌كى نابێت، ئه‌گه‌ر دیموكراسى هه‌بێت سزا و چاودێرى و لێكوڵینه‌وه‌ له‌سه‌ر دۆخى سیاسى و حكومڕانى ئه‌بێت، ئێستا ئه‌وه‌نده‌ دیموكراسى په‌یدا بوه‌ كه‌ خه‌ڵك ده‌توانێت قسه‌بكات، به‌ڵكو ئه‌وه‌ش به‌ گۆڕانگارى عه‌وله‌مه‌ و له‌گه‌ڵ داهێنانى سۆشیال میدیا كاریگه‌ى له‌سه‌ری هه‌بوه‌.

عێراقیش له‌سایه‌ى عه‌وله‌مه‌ به‌ره‌و  دیموكراسى ئه‌چێت نازانم بڵێم چه‌ند ساڵى دیكه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ شێكى حه‌تیمیه‌ كه‌ عێراق و توركیا  و ئێران  و سعودییه‌ له‌ كاتى جیاوازدا دێت و ده‌بنه‌ نمونه‌یه‌كى دیموكراسى وه‌ك كه‌نه‌دا و سه‌نگافوره‌ و سوید و یاسا ڕێگه‌ى خۆى ده‌گرێت و هاوڵاتى قیمه‌تى خۆى ده‌بێت، به‌ڵام پارته‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كانى ئێره‌ حه‌زناكه‌ن له‌وه‌ تێبگه‌ن و كورسى چۆڵبكه‌ن ئه‌وه‌ش كارێكى ناخۆشه‌ بۆ پارتى و یه‌كێتى.

رۆژنامەنوس ئەحمەد مستەفا و سیاسەتمەدار بەهادین نوری

خه‌ندان: پێشنیاری تۆ بۆ چاره‌سه‌رى دۆخى ئێستای هەرێمی کوردستان و بەغدا چییه‌، پارتی و یەکێتی ده‌توانن چی بکەن لەمکاتەدا؟

به‌هادین نورى: ئه‌گه‌ر به‌قسه‌ى من بكه‌ن پارتى و یه‌كێتى خۆیان واز له‌و كاره‌ بێزراو هه‌ڵوێستانه‌ بێنن، ئه‌بێت ڕێگه‌بده‌ن له‌ سبه‌ینێوه‌ پاش ساڵێك هه‌ڵبژادنێكى ڕاسته‌قینه‌ى خاوێن بكه‌ن، ئه‌وه‌ دۆخه‌كه‌ ئه‌گۆڕێت ئه‌گه‌ریش ڕێگه‌ نه‌ده‌ن، له ‌ئاینده‌ خۆیان هه‌ستده‌كه‌ن كه‌ دوارۆژیان نییه‌ عه‌وله‌مه‌ وه‌ختى پارتى و یه‌كێتى كه‌مكردوەته‌وه‌.

بۆ پێشڕه‌ویكردن و باشكردنى ئه‌و دۆخه‌، بافڵ تاڵه‌بانى ده‌توانێت ئه‌وه‌بكات و پشتیوانى گه‌ل وه‌ربگرێت و له‌ هه‌مو ڕویه‌كه‌وه‌  شانسى هه‌یه‌ ده‌سه‌ڵاتى كوردستان بكه‌وێته‌ ده‌ستى، ئه‌وكات پارتى ناتوانێت ڕێگه‌ لێبگرێت و له‌سه‌دا 15 بۆ 20ى له‌به‌ره‌ى پارتى ده‌بن، به‌ڵام  له‌سه‌دا 80ى ئه‌چێته‌ لاى ریفۆرم و كاره‌كه‌ى بافڵ تاڵه‌بانى سه‌ركه‌وتو ده‌بێت، كه‌ ده‌توانرێت له‌ ماوه‌ى كه‌متر له‌ 30 ساڵ بارودۆخى له‌ ڕێگه‌یه‌وه‌ بگۆڕیت.

خه‌ندان: ئۆپۆزسیۆن لە هەرێمی کوردستان له‌ كوێى قۆناغى سیاسى و حكومڕاندایه‌؟ 

به‌هادین نورى: له‌ هه‌رێمى كوردستان ئۆپۆزسیۆن له‌گه‌ڵ جیابونه‌وه‌ى نه‌وشیروان مسته‌فا په‌یدابو، ئیسلامییه‌كان هه‌بون حه‌زیان له‌ حكومه‌ت نه‌بوو، به‌ڵام به‌هیچ شێوه‌یه‌ك به‌سه‌ره‌كى و بە فه‌رمى ویستى ئۆپۆزسیۆنیان نه‌بوو، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ى لێره‌ دیموكراسى نییه‌ و  ئۆپۆزسیۆنیش په‌یامى له‌ده‌ستدا ئه‌وه‌ش بوه‌ هۆى نه‌مانى.

بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان كه‌ هه‌ڵبژاردنى ناوخۆییان كرد سه‌رجه‌مى خانه‌ى ڕاپه‌راندیان كه‌ هه‌ڵبژێردران كۆنه‌ یه‌كێتی بون به‌ په‌روه‌رده‌ و وعه‌قڵێتى یه‌كێتى فێرى سیاسه‌ت بون و به‌شێك له‌ خانه‌ى ڕاپه‌راندن گه‌ر له‌ده‌روه‌ى یه‌كێتى ببونایه‌، ئه‌وه‌ ده‌كرا به‌شێوه‌یه‌كى دیكه‌ سیاسه‌ت بكه‌ن، به‌تایبه‌ت هه‌ندێك له‌وانه‌ى له ‌ده‌ره‌وه‌ى یه‌كێتى چونه‌ ناو گۆڕان فۆڕمیێكى دیكه‌یان ده‌ویست.

نه‌وه‌ى نوێ ئۆپۆزسیۆنه‌، به‌ جورئه‌ته‌وه‌ سه‌رۆكه‌كه‌ى قسه‌ى كردوه‌ له‌سه‌ر بارودۆخه‌كه‌، به‌ڵام پیاوێكى گه‌نجه‌ و له ‌پێشدا په‌یوه‌ندییه‌كى سیایى نه‌بوه‌ تا به‌ئه‌زمونه‌وه‌ ده‌ستبكات به‌ كارى سیاسى و  تموحى شه‌خسى هه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌زمونى كه‌م ئه‌زمون بوو له‌هه‌ندێك كاردا سه‌رى له‌ دۆخه‌كه‌ ده‌رنه‌ئه‌كرد، به‌ نواندنى هه‌ندێ هه‌ڵوێست و كردار  خزمه‌ت و په‌یامى خسته‌  به‌رژه‌وندى حزبى حكومڕان.
ئیسلامییه‌كان ئه‌گه‌ر ئۆپۆزسیۆنێكى به‌هێزى علمانیان نه‌بوایه‌ هیچكات نه‌یاتوانیوه‌ خۆیان ده‌ربخه‌ن وه‌ك ئۆپۆسیۆن، كۆمه‌ڵ له‌گه‌ڵ گۆڕان ئۆپۆزسیۆنى كرد، یه‌كگرتوو له‌برى ئۆپۆزسیۆن بوون چووه‌ به‌ره‌ى ریفراندۆم بۆیه‌ ژماره‌ى كورسیه‌كانى كه‌میكرد. 

خه‌ندان: په‌یامى چه‌پ گرنك بو یان ئوپۆزسیۆن؟ كامیان هه‌ڵگرى ئه‌و په‌یامه‌بوون پێى ده‌وترا ده‌نگى  شه‌قام و بینینى كاره‌ "ناردوستیه‌كانه‌" فۆڕمى حوكمڕان؟

به‌هادین نورى:  شیوعى  كه‌ چه‌ترى كۆكه‌ره‌وه‌ى  چه‌پ بوو ئێستا نه‌ماوه‌ و پوكاوه‌ته‌وه‌،  به‌وه‌ش چه‌تره‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ى ئۆپۆزسیۆن پوكاوه‌ته‌وه‌ هیچى نه‌ما، ئێستا ئه‌گه‌ر دیموكراسى بێت له‌ كوردستاندا ئه‌وكاته‌ به‌بێ ئه‌وه‌ى داواى بكه‌ین و قسه‌ى له‌سه‌ر بكه‌ین ئه‌وه‌ ئۆپۆزسیۆن شانبه‌شانى حكومه‌ت خۆى دروستده‌بێت.

چه‌پ له‌ ناوه‌ڕاستى سه‌ده‌ى پێشو هه‌ڵبژادنى ئازادبووایه‌ له‌سه‌دا 60ى وه‌رده‌گرت، حزبى شیوعى چه‌ترى حه‌ره‌كه‌ى چه‌پخوازبوه‌ له ‌ساڵانى 40 و 50 و 60 كانی سەدەی رابردودا حزبى شیوعى سه‌قافى و ئه‌ده‌بى بوون و زۆربه‌ى شاعیره‌كان له‌ناو عێراق و كوردیش یان دۆست یان ئه‌ندامى حزبكه‌ بوون، ڕێكخستنى هه‌ر گه‌وره‌ چه‌پ  بوه‌ به‌ڵام،  ئێستا پوكاوه‌ته‌وه‌ له‌ هه‌ڵبژاردندا 8 هه‌زار ده‌نگیان هێناوه‌  له‌ ئاستى عێراقیش له‌ شارێكى وه‌كو به‌غداد نه‌توانراوه‌ كورسییه‌ك بهێنێت.

من خۆم چه‌پم و به‌ڵام خۆم ناخمه‌ ناو بازنه‌یه‌كه‌وه‌،  كه‌ حزبى شیوعى له‌گه‌ڵ سه‌دام ڕێكه‌وت من دژى بووم كه‌ حزبى شوعى پێشمه‌رگایان خزانده‌ ناو شه‌ڕى براكوژى من دژبوم من خۆ له‌و بازنبه‌ به‌ دوو ئه‌گرم.

خه‌ندان: به‌غدا و هه‌رێم مامه‌ڵه‌ى نێوانیان هێشتا ئاسه‌وارى ڕیفراندۆم و ناكۆكییه‌كانى بودجه‌ و ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان پێوەدیارە، چییان له‌ یه‌ك ده‌وێت و كامیان پێویستیان به‌وى دیكه‌یه‌؟

به‌هادین نورى: به‌غدا حه‌زناكات مافى كورد بدات ئه‌و هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ى ده‌وێت كورد به‌شێك بێت له‌ عێراق و كه‌مترین مافى هه‌بێت و سه‌رۆك وه‌زیره‌كان هه‌ر ئه‌مه‌یان ویستووه‌، مزگه‌وتى زۆتر دروستببێت و نوێژكه‌ر زیاتر و شیعاراتى ئیسلامییه‌كان زیاتر بوترێت، ئه‌وان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ نین كورد مافی هه‌بێت، ئه‌وه‌ش ده‌رخه‌رى  ونبونی دیموكراسییه‌.
به‌غدا مه‌جبوره‌ هه‌ندێك شت بدات، ئه‌و جیاوازییه‌ سیاسییه‌ پێویسته‌ به‌نه‌زه‌رى  ئیعتبار وه‌ربگیردێت، كورد ئه‌بێت ئه‌وه‌ بزانى كه‌ ئامانجى كیانى سه‌ربه‌خۆ بێت بۆ دروستبون، ئه‌وه‌ش ته‌نها و ته‌نها به‌ دیموكراسى به‌ده‌ستدێت، به‌ شه‌ڕ كورد ناتوانێت و ئه‌و ئه‌زمونه‌ش  تاقیكراوه‌ته‌وه‌  له‌ ساڵی 1961 ەوە شه‌ڕ دژى به‌غدا كراوه‌، له‌وه‌ش خراپتر دژى عه‌بدولكه‌ریم قاسم بوو كه‌ نیشتمانپه‌روه‌رێكى ڕاسته‌قینه‌بوو كه‌ كورد به‌شداربون له‌ روخانیدا.

ئێستا دیموكراسى نییه‌و په‌نابردن بۆ زه‌برو زه‌نگ بۆ وه‌رگرتنى مافى كورد كارێكى هەڵەیە‌ 75 بۆ 88 روداوه‌كانى ئه‌و سه‌رده‌مه‌ى سه‌دام حوسێن پێمان ده‌ڵێت، كورد ئه‌بێت فێرببێت كاتێك ئه‌توانى سه‌ربه‌خۆ بێت كه‌ نیزامێكى دیموكراسى هه‌بێـت و رێكه‌وتن بكات بۆ به‌ده‌ستهێنانى.

بۆ دۆخى ئێستا، ئه‌بێت له‌ چوارچێوه‌ى ئه‌و دۆخى كه‌ هه‌یه‌ لایه‌نه‌ سیاییه‌كان له‌گه‌ڵ به‌غدا ڕێبكه‌ون به‌بێ ئه‌وه‌ى چاوەڕوانى  سه‌ربه‌خۆى  و ڕیفراندۆم  بكه‌ن، ئه‌وان به‌ر ڕیفراندۆم كارئاسانیان كرد بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ كەركوك و خانه‌قین و مه‌خمور و شه‌نگال، ئه‌وه‌ ده‌بێت وانه‌یه‌كى لێوه‌ره‌بگرن كه‌ ناتوانن ڕیفراندۆم بكه‌ن وه‌ به‌ زه‌بر و زه‌نگ حكوم وه‌ربگرن.
به‌داخه‌وه‌ حكومڕانان خۆیان ڕێگه‌یان داوه‌ به‌ ته‌داخول، سێ ده‌وڵه‌تمان هه‌یه‌ دراوسێ هه‌رسێكیان زلهێزن توركیا ئێران سعودیه‌ و هه‌رسێكیان به‌رژه‌وه‌ندییان له‌وه‌دایه‌ سیاسه‌تى هه‌رێم به‌ كه‌یف و حه‌زى ئه‌وان بێت به‌وشێوه‌یه‌ نفوسیان له‌ناوچه‌كه‌ هه‌یه‌ زۆرتر ئێران ئیسفاده‌ى له‌ شیعه‌بوونى عێراق كردووه‌.

خه‌ندان: جیاواز له‌ هه‌رێمى كوردستان، ڕۆژئاواى كوردستانیش بوەته‌ باسى ڕۆژ، له‌رووى سه‌ربازیەوە شه‌ڕڤانان له‌ كۆتاییهێنان به‌داعش نزیكبونه‌ته‌وه‌، ئه‌زمون و ئاینده‌ی ئەو بەشەی کوردستان چۆن ده‌بینى؟

به‌هادین نورى: چۆن كوردستانى عێراق  له‌ 1991 چانسى به‌ركه‌وت به‌هۆى شه‌رى كه‌نداوه‌وه‌  كورد شانسى بۆ هاتو زیندوبێته‌وه‌ حكومه‌ت له‌و سێ پارێزگایه‌ى ئێستا  دروستبكات و  به‌ 12 ساڵ خۆى حكوم بكات، به‌هه‌مان شێوه‌ به‌هۆى  شه‌ڕى ناوخۆى سوریاوه‌ و ململانێى كه‌وتوەته‌ سوریا به‌هۆى دابه‌شبونى قه‌ومى سوریا، كه‌ له‌ عه‌ره‌ب و عه‌له‌وى و كورد پێكدێت، فرسه‌تێك كه‌وتوەته‌ به‌رده‌م كورد له‌ ڕۆژئاوا و له‌ مێژى سوریادا رویداوه‌ و روبه‌رێكى فراوانن خاكیان له‌ده‌ستدایه‌. 

ئەگه‌ر ته‌داخولاتى نێوده‌وڵه‌تى نه‌بیت كورد نه‌یده‌توانى ئه‌وه‌ بكات به‌هۆى خیلافاتى نێوده‌وڵه‌تى ئه‌مریكاو روسیا و وڵاتانى ناوچه‌وكه‌وه‌ دروستبوه‌، كوردستانى ڕۆژئاوا به‌ هه‌ڵبژاردن دروست نه‌بوه،‌ ئه‌مریكا چاودێرى نه‌كردایه‌ ئه‌وه‌ دۆخه‌ى ئێستا بۆ كورد و دروست نه‌ده‌بو، به‌ڵام ئێسا تره‌پ هه‌ڵوێستى ئه‌مه‌ریكاى گۆریوه‌، تره‌مپ كابرایه‌كى ناشایسته‌یه‌ بۆ سه‌رۆكایه‌تى ئه‌مریكا ئه‌و كورسیه‌ى به‌هۆى هه‌وڵ و كۆششی پۆتن و جوله‌كه‌ له‌ ئه‌مه‌ریكا و ئیسرائیل وه‌رگرت.

خەندان: پێتوایە ئەمریکا بە تەواوەتی لە سوریا دەکشێتەوە و دەستبەرداری رۆژئاوای کوردستان دەبێت؟

بەهادین نوری: ئه‌گه‌ر ئه‌مریكا بكشێته‌وه‌ ئه‌زمونى كوردستانى ڕۆژئاوا سه‌ركه‌وتوو نابێت، چونكه‌ توركیاو ئه‌سه‌د ئه‌وه‌ نیه‌ كه‌ ڕێگه‌ى سه‌ركه‌وتن بده‌ن و ڕوسیاش له‌ عه‌فرین چیكرد ئه‌گه‌رى زۆرى هه‌یه‌ به‌رامبه‌ر به‌ كوردستانى ڕۆژئاوا هه‌رمان سناریۆ دوبرا بكاته‌وه.
ئه‌بێت كورده‌كانى سوریا کتمانە به‌ به‌ڵێى تره‌مپ نه‌كه‌ن، چاره‌ نیه‌ به‌ڵێنیدا ئه‌مێنه‌وه‌ له‌گه‌ڵیان بن، چاره‌یه‌كى باشتر نییه،‌ به‌ڵام وریابن من خۆم باوه‌ڕو به‌ تره‌مپ نییه‌و قسه‌كانى ئێستاشى ئه‌خاته‌ ژێر پێیه‌كانى خۆى له‌ هه‌ركاتێكدا بێت، پێویسته‌ كوردانى ڕۆژئاوا به‌ ترس و گومانه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ  تره‌مپ بكه‌ن هه‌رچه‌نده‌ خیارێكى باشتریشیان نییه‌ ئه‌گه‌ر تره‌مپ جێیان بهڵێت.

خه‌ندان: پارتى كرێكارانى كوردستان ڕوڵى چیده‌بێت له‌و كاته‌دا، كه‌ زۆربه‌ى كات وه‌ك پارتێكى چه‌كدارى دژ به‌ توركیا ده‌بینرێت و لە رۆژئاواش پێگەی بەهێزە؟

به‌هادین نورى: په‌كه‌كه‌ یارمه‌تییه‌كى باشى كورده‌كاتى ڕۆژئاواى  داوه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌شێوه‌یه‌كى عاقڵانه‌ى سیاسییانه‌ دۆخه‌كه‌ به‌ڕێوه‌نه‌بات، ئه‌گه‌ر وا هه‌ستبكات خۆى نه‌بێت سیاسه‌تى ڕۆژئاوا به‌ڕێوه‌ناچێت ئه‌وه‌ هۆیه‌كى سلبییه‌، په‌كه‌كه‌ فكره‌یه‌كى هه‌ڵه‌یه‌كى گه‌وره‌ى هه‌یه‌ وه‌ك پارتى خۆیان به‌ كوێخاو سه‌ركرده‌ى هه‌موو پارچه‌كان ده‌زانن و حزیان له‌ هه‌موو پارچه‌كان هه‌یه‌ ئه‌وه‌ش كارێكى هه‌ڵه‌یه‌ دۆخه‌كه‌ تێكده‌دات.

ئه‌و دۆخه‌ى ئێستا ڕۆائاوا ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر هه‌ڵوێستى ئه‌مه‌ریكییه‌كان مانه‌وه‌ى ئه‌مریكا و ڕێگه‌نه‌درێت به‌ شه‌ڕى كورده‌كان و شه‌رى برا كوژى، كوردستانى ڕۆژئاوا ئه‌و قه‌ده‌ره‌ى ئۆتۆنومى هه‌یه‌ و له‌گه‌ڵ كوردستانى عێراق كه‌ ئه‌مه‌ریكا یارمه‌تیان بدات ئه‌وه‌ ده‌بێته‌ بناغه‌یه‌كى گرنگ.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP