بەپەلە

پارتی لەسەردانەکەی بۆ لای یەکێتی پاشگەزدەبێتەوە
رۆژ نورى شاوه‌یس پەردەپۆشی ئامادەکاریەکانی شاندی باڵای حزبەکەی دەکات

- 2/27/2019 1:32:00 PM 35095 جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

رۆژ نورى شاوه‌یس، ئه‌ندامى مه‌كته‌بى سیاسى پارتى رایگه‌یاند، ئەوان چەند جارێک چوونەتە سلێمانی بۆ لای یەکێتی، دەشڵێت، "پێموایە ئێستا کاتی ئەوە هاتوە یەکێتی بێتە هەولێر".

رۆژ نوری شاوەیس، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی ئەمڕۆ چوارشەممە لەمیانی لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا لەبارەی سەردانی شاندی حزبەکەی بۆ لای یەکێتی لە سلێمانی رایگەیاند، "ئەوەی لێی دڵنیام جارێ هیچ مینێک دانەنراوە کە بتەقێتەوە، ئەگەر مینیش دابنرێت پارتی پوچەڵی دەکاتەوە، ئێمە سورین لەسەر دروستکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەشداری هەموو لایەنێک کە ئامادەبێت وەکو براو پشت".

هەرمینێک دابنرێت پارتی پوچەڵی دەکاتەوە، سورین لەسەر دروستکردنی حکومەتی هەرێم

شاوەیس لەبارەی سەردانی نێچیرڤان بارزانی بەسەرۆکایەتی شاندی پارتی وتی، "من نەمبیستوە نێچیرڤان بارزانی سەردانی سلێمانی بکات، سەردانی سلێمانی شتێکی ئاساییە، سلێمانی شاری خۆمانە، چ جیاوازییەکی لەگەڵ هەولێر و دهۆک نییە بە نیسبەت پارتی، سلێمانی شاری هەڵمەت و قوربانییە، شاری شێخ مەحمودی نەمرە".

نەمبیستوە نێچیرڤان بارزانی سەردانی سلێمانی بکات

 

راشیگەیاند، "بارزانی نەمر ماوەیەکی زۆری لە سلێمانی بردوەتەسەر، دۆست و لایەنگرانی پارتی لە سلێمانی لەژێر زەختێکی زۆر گەورەن، هێشتا هێزێکن کە حیسابێکی تەواویان بۆ دەکرێت".

ئەو لێدوانەی رۆژ نوری شاوەیس لەکاتێکدایە بڕیاربو سبەی پێنجشەممە شاندێکی باڵای پارتی بە سەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی سەردانی سلێمانی بکات و لەگەڵ یەکێتی کۆببێتەوە.

هەرچەندە سەردانی شاندێکی باڵای یەکێتی بۆ بەغدا لە شەوی رابردودا، سەردانی شاندی پارتی دواخست، بەڵام لێدوانەکانی رۆژ نورى شاوه‌یس پەردەپۆشی ئامادەکاریەکانی شاندی باڵای حزبەکەی دەکات بەسەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی کە ئامادەکاری بۆ کرابو.

شاوه‌یس دەشڵێت، "ئێمە چەند جارێک چوینەتە سلێمانی بۆ لای برادەرانی یەکێتی، بۆ لای برادەرانی گۆڕان و حیزبەکانی دیکە، ئایا ئێستا کاتی ئەوە نەهاتووە ئەوانیش بێن و سەرێکمان لێبدەن؟".
ئایا ئێستا کاتی ئەوە نەهاتووە شاندی یەکێتی بێت و سەرێکمان لێبدات؟

لەبارەی پرسی پارێزگاری کەرکوکەوە شاوەیس وتی، "تا ئێستا لەگەڵ یه‌كێتی له‌ به‌رامبه‌ر بارودۆخى كه‌ركوك دو بۆچونى جیاوازمان هه‌یه‌، یه‌كێتى ده‌ڵێت، ده‌بێت پارێزگار دابنرێت تا پرۆسه‌كان چاره‌سه‌ بكرێن، به‌ڵام ئێمه‌ پێمان وایه‌ ئه‌گه‌ر كورد حكومه‌تى هه‌بێت و فشار له‌ به‌غدا بكرێت به‌ ئاسایى دواتر پارێزگار داده‌نرێت، سه‌رۆك بارزانیش له‌نامه‌كه‌یدا بۆ كۆسره‌ت ره‌سوڵ ره‌ئیوایه‌ له‌ نێوان پارتى و یه‌كێتى كێشه‌ى كه‌ركوك چاره‌سه‌ر بكرێن".

سه‌باره‌ت به‌ رێكکه‌وتنه‌كه‌یان له‌گه‌ڵ بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان، ئه‌و ئه‌ندامه‌ى مه‌كته‌بى سیاسى پارتى ئاشكرایكرد، "ئێمه‌ وه‌كو پارتى به‌پێى رێنمایى سه‌رۆك بارزانى پابه‌ندى خاڵ به‌خاڵى رێكه‌وتنه‌كه‌ى نێوانمانین له‌گه‌ڵ بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان".



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP