بەپەلە

کۆبونەوەی چاوەڕوانکراوی پارتی و یەکێتی دواخرا
وەفدێکی باڵای یەکێتی بەنەخشەرێگایەکەوە گەیشتە بەغدا

- 2/26/2019 9:20:00 PM 115104 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

كۆبوونه‌وه‌ى چاوەڕوانکروای نێوان پارتى و یه‌كێتى کە بڕیاربو پێنجشەممەی ئە‌م هه‌فته‌یه‌ لەسلێمانی ئه‌نجامبدرێت دواخرا، هاوکات ئەمڕۆش شاندێکی باڵای یەکێتی بە "نەخشە ڕێگایەکی ئامادەکراوی ئامانجدارەوە" بەسەرۆکایەتی کۆسرەت رەسوڵ گەیشتە بەغدا.

بڕیاربوو پێنجشەممەی ئەم هەفتەیە پارتی و یەکێتی لە ئاستی باڵادا کۆببنەوە و لەبارەی کێشەکانی نێوانیانەوە گفتوگۆبکەن، بڕیاری کۆبونەوەکەش دوای ئاڵوگۆڕی نامەیەکی لێتێگەیشتن هات لە نێوان مەسعود بارزانی کۆسرەت ڕەسوڵ. 

خەندان زانیویەتی، "بەھۆی ئەوەی پارتی تاکلایەنە و بەبێ گەڕانەوە بۆ یەکێتی کۆبونەوەکانی پەرلەمان ئەنجامدەدات، یەکێتی بەتەواوی نیگەران بوە بۆیە لەم پێناوەدا ئەو حزبە بەرنامەیەکی بەئاڕاستەی سەربەخۆیی خۆی ھەنگاوە سیاسیەکان دەستپێکردوە، لەم چوارچێوەیەشدا ئەمشەو شاندێکی باڵای ئەو حزبە بەسەرۆکایەتی کۆسرەت ڕەسوڵ گەیشە بەغدادی پایتەخت".

یەکێتی متمانەی بە پارتی نەماوە کە ڕێز لە ڕێکەوتنەکانی نێوانیان بگرێت‌

 

خەندان لە سەرچاوەیەکی باڵای یەکێتییەوە زانیویەتی، کە سەردانی ئەم  ‌شه‌وی شاندی باڵاى یه‌كێتیى به‌ سه‌رۆكایه‌تى كۆسره‌ت ره‌سوڵ بەمەبەستی دۆزینەوەی ڕێگەچارەیەکە بۆ پرسى دانانی پارێزگاری كه‌ركوك و یەکلاکردنەوی وه‌زیرى دادی عێراق له‌گه‌ڵ به‌رپرسانى بەغدا، کە یەکێتی بەشایستەی خۆی دەزانێت، و "لەم ڕوەوە متمانەی بە پارتی نەماوە کە ڕێز لە ڕێکەوتنەکانی نێوانیان بگرێت‌". 

ئەو سەرچاوە باڵایە بە خەندان-ی وت، بڕیاره‌ له‌ ڕۆژانی داهاتودا شاندەکە چه‌ندین دیداری گرنگ و ئاستبەرز لەگەڵ ھێز و لایەن و کاربەدەست و سه‌ركرده‌ باڵاى عێراق ئەنجام بدات و لەبارەی پرسە گرنگەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراقەوە گفتوگۆ بکەن. 

شاندەکەی یەکێتی نەخشە ڕێگای دانوستانێکی ئامانجداری گرنگی گەڵاڵەکردوە بەئامانجی خزمەتکردنی خەڵکی هه‌رێمى كوردستان

 

سەرچاوەکەی خەندان وتیشی،"شاندەکەی یەکێتی نەخشە ڕێگای دانوستانێکی ئامانجداری گرنگی گەڵاڵەکردوە ھەتا لەگەڵ ھێزو لایەنە عێراقیەکان و دەسەڵاتدارانی بەغداد تاوتوێی بکات، بەئامانجی خزمەتکردنی خەڵکی هه‌رێمى كوردستان و یەکلاکردنەوەی کێشە ھەڵپەسێردراوەکانی نێوان بەغدا و کوردستان و ناوچە کوردستانیە کێشە لەسەرەکان".

یەکێتی وەک براوەی دووەمی هەڵبژاردنەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەیەوێت لە بەغداوە پێگەی خۆی لە عێراقدا بەهێزتربکات، لە ئێستاشدا جگە لەوەی پۆستی سەرۆککۆماری بردووەتەوە و لە ئاستی دەرەوەدا نوێنەرایەتی عێراق دەکات هاوکات نەخشەڕێگای چارەسەرکردنی قەیرانەکانی بردوەتە بەغدا و دەشیەوێت لە ڕێگەی پەیوەندیەکانیەوە لەگەڵ هێزە عێراقیەکان هاوسەنگی سیاسی لە عێراق و هەرێم بپارێزێت.


نیشانەکردن :

#یەکێتی #پارتی #بەغدا

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP