هەواڵی ئەمڕۆ

دۆناڵد ترەمپ و کیم جۆن ئون گەیشتنە ڤێتنام

- 2/26/2019 5:41:00 PM 3932 جار خوێندراوەتەوە


خەندان-

ئەمڕۆ سێشەممە هەریەک لە کیم جۆن ئونی سەرۆکی کۆریای باکور و دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمەریکا گەیشتنە هانۆی پایتەختی ڤێتنام.

بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسی رۆیتەرز، ئەمرۆ سێشەممە 26/2/2019 هەریەک لەسەرۆکی ئەمەریکا و کۆریای باکور گەشتنە هانۆی پایتەختی ڤێتنام.

کیم جۆن ئون چەند کاتژمێرێک پێش سەرۆکی ئەمەریکا لە ڕێگەی شەمەندەفەرەوە گەشت کە ماوەی دوو رۆژ و نیو بەردەوام بو، دۆناڵد ترەمپیش لە ڕێگەی فڕۆکەوە کاتژمێر 9:00 شەو بە کاتی هانۆ گەیشتە پایتەختی ئەو وڵاتە.
 هەردوو سەرۆک لەژێر فشاردا بن بۆ گەیشتن بە رێکەوتنێک لەبارەی داماڵینی چەکی ئەتۆمی کۆریای باکور

 

کۆبونەوەی جارێکی دیکەی نێوان هەردو سەرۆک هەشت مانگ پاش ئەنجامدانی یەکەم کۆبونەوەیان دێت لە سەنگافورە و پێدەچێت هەردوو سەرۆک لەژێر فشاردا بن بۆ گەیشتن بە رێکەوتنێک لەبارەی داماڵینی چەکی ئەتۆمی کۆریای باکور.

چەند رۆژێک بەرلە ئێستا ژمارەیەک لەسیناتۆری دیموکراتەکان و بەرپرسانی ئاسایشی ئەمەریکا هۆشیارییان دایە سەرۆکی وڵاتەکەیان لەئەگەری رێککەوتنێک کە کەمترین فشاری بۆ سەر سەرۆکی کۆریای باکور نابێت و داوایان کرد رێککەوتنێکی گەرەنتیکراو ئەنجامبدات کە ببێتە هۆی ناچارکردنی سەرۆکی کۆریا کە دەستبەرداری چەکە ئەتۆمییەکانی ببێت و چیتر نەبێتە هەڕەشە بۆسەر ئەمەریکا.

لەبەرامبەریشدا کۆریای باکور دەیەوێت ئەمەریکا دەستبەرداری سزا ئابورییەکانی ببێت و بەفەرمی رایبگەیەنێت جەنگی نێوان ساڵانی 1950-1953 ی کۆریا کۆتایهاتوە.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP