سبەى لیژنەى یاسایی پەرلەمانى کوردستان بەبێ ئامادەبونى یەکێتى هەڵدەبژێردرێت
گۆڕان: لە هەوڵداین هیچ هێزێک زۆرینەى ئەندامانى لیژنەکەى بەرنەکەوێت

- 2/25/2019 10:05:00 PM 8015 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

وابڕیارە سبەینێ پەرلەمانی کوردستان کۆببێتەوە و لیژنەی یاسایی هەڵبژێردرێت، سەرچاوەیەکیش لە یەکێتی دەڵێت" بەشداری کۆبونەوەی سبەینێی پەرلەمان ناکەین"، خەندانیش زانیویەتى کە ناکۆکى هەیە لە نێوان فراکسیۆنەکانى پەرلەمانى کوردستان لەسەر چۆنیەتى دابەشکردنى کورسییەکانى لیژنەى یاسایی.

ڤالا فەرید، سەرۆکی کاتی پەرلەمانی کوردستان  دوێنێ لە نوسراوێکدا داوای لە پەرلەمانتاران کرد رۆژی سێشەممە 26-2-2019 ئامادەبن بۆ پێكهێنانی لیژنه‌ی یاسایی په‌رله‌مانی كوردستان، به‌پێی حوكمى ماده‌كانی (28 و 29)، له‌ په‌یڕه‌وى ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان-عێراق".

سەرچاوەیەک لە ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە خەندان-ی راگەیاند، تا یەکێتی و پارتی نەگەنە رێککەوتن، ئەوان بەشداری هیچ کۆبونەوەیەکی پەرلەمان ناکەن و وا بڕیارە لە کۆتایی ئەم هەفتە یەکێتی و پارتی کۆبونەوە ئەنجامبدەن.
سەرۆکى لیژنەى یاسایی بۆ پارتى و جێگرەکەى بۆ یەکێتى و بڕیاردەرەکەى بۆ گۆڕان یەکلایی کراوەتەوە

 

پێشەوا هەورامى ئەندامى فراکسیۆنى پارتى لە پەرلەمانى کوردستان بە خەندان-ى راگەیاند، "لە کۆبوونەوەى سبەى پەرلەمانى کوردستان لیژنەى یاسایی هەڵدەبژێردرێن و بەهۆى ئەوەى فراکسیۆنەکانى پەرلەمانى کوردستانیش نەیانتوانیوە بگەنە رێککەوتن، بۆیە هەڵبژاردنى ئەندامانى لیژنەى یاسایی بە سیستمى سانتلیگۆ دەبێت".

لەبارەى ژمارەى کورسى لایەنەکان لە لیژنەى یاسایی، ئەو پەرلەمانتارەى پارتى وتى،"پارتى دیموکراتى کوردستان 4 بۆ 5 کورسى و یەکێتى 2 کورسى و ئەو کورسیانەشى دەمێننەوە لە نێوان فراکسیۆنەکانى دیکەى پەرلەمانى کوردستاندا دابەشدەکرێن بەپێى بەرکەوتەى خۆیان.

پێشتریش هێڤیدار ئەحمەد، ئەندامى پەرلەمانى کوردستان لە فراکسیۆنى پارتى بە خەندان-ى راگەیاندبوو،"فراکسیۆنى زۆرینە سەرۆکایەتى لیژنەى یاسایی وەردەگرێت، پارتى زۆرترین ئەندامى دەبێت لەناو لیژنەکە، چوار بۆ پێنج ئەندامى لیژنەکەى بەردەکەوێت، نەوەى نوێ یەک ئەندام، لەنێوان کۆمەڵ و یەکگرتودا ئەندامێک و تورکمان ئەندامێک و کریستیان یەک ئەندام و یەکێتى دوو ئەندامى بەردەکەوێت و ئەگەر ئامادە نەبن بە بەتاڵى دوو کورسیەکەى یەکێتى دەمێنێتەوە".

فراکسیۆنى گۆڕان دەنگ دەدات بە یەک کاندیدى کەمینەکان بۆ لیژنەى یاسایی

 

بەپێى پەیڕەوى ناوخۆى پەرلەمانى کوردستان ژمارەى ئەندامانى لیژنەى یاسایی پێکدێت لە 11 ئەندام کە خۆى لە سەرۆک وجێگر و بڕیاردەرو 8 ئەندامى لیژنەکەدا دەبینێتەوە، بەپێى زانیاریى پەرلەمانتارەکەى پارتى، لە ئەگەرى وەرگرتنى پێنج کورسى لەلایەن پارتی و دوو کورسى یەکێتى، تەنها چوار کورسى بۆ فراکسیۆنەکانى دیکەى پەرلەمانى کوردستان دەمێنێتەوە کە نەوەى نوێ کورسییەک و کۆمەڵ و یەکگرتو و کورسییەک و تورکمان کورسیەک و کریستیانەکانیش یەک کورسیان بەردەکەوێت.

لەوەڵامى پرسیارى ئایا پارتى ئامادەیە کورسیەک یاخود دوو کورسى خۆى بداتە فراکسیۆنێکى دیکەى پەرلەمانى کوردستان بۆ ئەوەى رێککەوتن لەنێوان فراکسیۆنەکان لەسەر لیژنەى یاسایی دروست ببێت، پێشەوا هەورامى پەرلەمانتارى پارتى رایگەیاند، "ئەگەر بەدەست من بێت بەهیچ شێوەیەک ئامادە نیم بەرکەوتەى پارتى بدەمە هیچ فراکسیۆنێکى دیکە".

لەلایەکى دیکەوە دابان محەمەد ئەندامى پەرلەمانى کوردستان لە فراکسیۆنى گۆڕان بە خەندان-ى راگەیاند: بەپێى ئەو رێککەوتنەى کراوە، هەڵبژاردنى لیژنەى یاسایی بە سیستمى سانتلیگۆ دەبێت و بزووتنەوەى گۆڕان تەنها یەک کورسى کە بڕیاردەرى لیژنەى یاسایی دەبێت بەردەکەوێت".

گۆڕان داوا دەکات کورسیەکى لیژنەى یاسایی بدرێتە یەکگرتووى ئیسلامى

 

ئەو پەرلەمانتارەى گۆڕان ئاشکراشی کرد کە هەوڵێک هەیە بۆ ئەوەى بە (کۆمەڵ و یەکگرتوو) تەنها یەک کورسى لیژنەى یاسایی وەربگرن و تورکمانەکان کورسیەک و کریستیانەکانیش یەک کورسى وەربگرن، بەڵام ئێمە لە فراکسیۆنى گۆڕان لەگەڵ ئەوەداین کە یەکگرتووى ئیسلامى کورسیەکى پێ بدرێت و ئامادە نین دەنگ بدەین بە کاندیدى کەمینەکان، ئەوەش لە پێناو ئەوەى هیچ فراکسیۆنێکى پەرلەمان نەتوانێت زۆرینەى ئەندامانى لیژنەکە پێکبهێنێت و هەر یاسایەک ویستى بە رەئی خۆى تێیپەڕێنێت، بەڵکو گرنگە یاساکان بە گفتوگۆ لە لیژنەى یاسایی یەکلایی بکرێنەوە".

 

ئاماژەى بەوەشکرد، یەکگرتوى ئیسلامى لە خولى پێشودا خاوەنى کەسێکى بە ئەزمونن لە لیژنەى یاسایی کە ئەویش ئەبوبەکر هەڵەدنییە و لەم خولەى پەرلەمانیش ئەندامە، بۆیە ئێمە لەگەڵ ئەوەداین ببێتەوە بە ئەندامى لیژنەى یاسایی.

بەپێى زانیارییەکانى خەندان، سەرۆکى لیژنەى یاسایی بۆ پارتى و جێگرەکەى بۆ یەکێتى و بڕیاردەرى لیژنەکەش بۆ بزووتنەوەى گۆڕان یەکلایی کراوەتەوە، بەڵام پارتى دیموکراتى کوردستان دەیەوێت کەمینەکان یەکى کورسیان بەربکەوێت، لە ئەگەرى وەرگرتنى دوو کورسى لیژنەکە بۆ کەمینەکان، یەکگرتووى ئیسلامى کوردستان کە خاوەنى پێنج کورسى پەرلەمانە هیچ ئەندامێکى لە لیژنەى یاسایی نابێت.

18ی ئەم مانگە پەرلەمانی کوردستان بەبێ ئامادەبونی فراکسیۆنی یەکێتی کۆبوەوە و د.ڤالا فەرید، بە سەرۆکی پەرلەمان، هێمن هەورامی، بە جێگری سەرۆکی پەرلەمان و مونا قەهوەچی، بە سکرتێری پەرلەمانی کوردستان هەڵبژێردران.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP