هه‌ردوو سه‌رۆك، به‌رهه‌م و ماکرۆن كۆبوونه‌وه‌
دۆخی سیاسی و ئه‌منی رۆژهه‌ڵاتی ناوەڕاست و جیهانیان تاوتوێکرد

- 2/25/2019 7:06:00 PM 3355 جار خوێندراوەتەوە

خەندان- 

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ سه‌رۆككۆمار د. به‌رهه‌م ساڵح  له ‌كۆشكی ئه‌لیزێ له‌گه‌ڵ ‌سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا ئیمانیۆل ماكرۆن كۆبووه‌ و سه‌باره‌ت به‌ دۆخی سیاسی و په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌ دیبلۆماسیه‌کان و هه‌لومه‌رجی ئه‌منی رۆژهه‌ڵاتی ناوەڕاست و جیهان گفتوگۆیانكرد.

له ‌کۆبونەوەکەدا سه‌رۆك به‌رهه‌م ساڵح و سه‌رۆك ماكرۆن باسیان له‌ گرنگی په‌یوه‌ندییه‌ دووقۆڵییه‌كان و چۆنیه‌تی به‌ره‌وپێشبردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی عێراق و فه‌رەنسا له ‌گشت بواره‌كاندا كرد که‌ زامنی به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌شی هه‌ردوولا بکات و یارمه‌تیده‌ری عێراقیش بێت بۆ تێپه‌ڕاندنی قه‌یرانه‌کان و ده‌ستپێکردنی پرۆسه‌ی ئاوه‌دانکردنه‌وه‌.

سه‌رۆك به‌رهه‌م ساڵح له‌و سه‌ردانه‌ فەرمیەدا ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد كه ‌فه‌ڕه‌نسا هاوبه‌شێكی ستراتیژی و دۆستێكی گرنگی عێراقه‌ و ڕۆڵی به‌هێزی هه‌یه‌ له‌ پشتیوانیكردنی عێراق له ‌پرۆسه‌ی بنبڕكردنی تیرۆر و هێنانه‌كایه‌وه‌ی سه‌قامگیری و ئارامی له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا، هه‌روه‌ها تیشكی خسته ‌سه‌ر په‌یوه‌ندی‌ مێژویی نێوان عێراق و فه‌ره‌نسا.
عێراق دەرگاى بۆ وه‌به‌رهێنان له‌ كه‌رته‌كانی پیشه‌سازی و نه‌وت و وزه‌دا بەروى کۆمپانیاکانى فەرەنسا کراوەیە

 

هه‌ر له‌کۆبونەوەکەدا سه‌رۆك به‌رهه‌م ساڵح خواستی عێراقی بۆ به‌‌شداری فه‌ڕه‌نسا له‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی عێراق و بوژانه‌وه‌ی ژێرخانەکەی ده‌ربڕی و له‌م روه‌شه‌وه‌ جه‌ختی له‌  ناوچه‌ ئازادكراوه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی داعش کرده‌وه‌، هاوكات‌ داوایكرد فه‌ره‌نسا هاوكاری عێراق بكات له‌ وه‌به‌رهێنان له‌ كه‌رته‌كانی پیشه‌سازی و نه‌وت و ووزه‌دا، به‌تایبه‌ت باسی له‌ پێویستی گه‌شه‌پێدانی توانا سه‌ربازی و ئه‌منیه‌كانی عێراق له‌ لایه‌ن فه‌ره‌نساوه‌ کرد، له‌م چوارچێوه‌یه‌شدا ڕۆڵی به‌رچاوی فه‌ره‌نسای له ‌هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژی تیرۆر و پشتیوانیكردنی عێراق له‌ به‌رنگاربونه‌وه‌ی داعشدا به‌ گرنگ وه‌سفکرد.

سه‌رۆك ماكرۆن وێڕای ده‌ربڕینی خۆشحاڵی خۆی به‌ سه‌ردانه‌که‌ی سه‌رۆک به‌رهه‌م ساڵح، ته‌ئکیدی له‌ پێویستی به‌هێزکردنی په‌‌یوه‌ندییه‌کانی عێراق و فه‌ره‌نسا کردەوه‌، هاوکات ئاماده‌یی وڵاته‌كه‌شی نیشاندا بۆ پێشكه‌شكردنی هاوكاری له‌كه‌رتی ووزه‌ و پیشه‌سازی و نه‌وتدا، راشیگه‌یاند، بۆ سه‌قامگیری و ده‌سته‌به‌رکردنی ئاسایش و ئارامی ئاماده‌ی هه‌ماهه‌نگی و کاری هاوبه‌شن له‌گەڵ عیراقدا.

 

 

 

 



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP