بەوێنە.. ئەو شارەی بە بەرزی دو نهۆم بەفری لێدەبارێت

- 2/25/2019 3:28:00 PM 28552 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

زستانی هەمو ساڵێك لە شاری ئاۆمۆری، روبەروی گەردەلوی بەفر دەبێتەوە.

شاری ئاۆمۆری، لە باكوری ناوچەی تۆهۆكو-ی وڵاتی ژاپۆن، ژمارەی دانیشتووانی نزیكەی 300 هەزار کەسە و یەكێكە لە ساردترین ناوچەكانی زەوی لە وەرزی زستاندا،كە ساڵانە روبەروی گێژاو و گەردەلولی بەفر دەبێتەوە كە لە ناوچەكانی سربیاوە سەرچاوەدەگرێت.

بە پێی ماڵپەری سی نێت-ی ئەمریكی، لە ساڵی 2018 دا تێكڕای رێژەی بەفربارین زیاتر لە 640 سانتیمەتر بووە، كە هێندەی بەرزی خانویەكی دو نهۆمیە.

 خاكەنازكردنی بەفر كارێكی رۆژانەی دانیشتوانی شارەكەیە و بەو سەرمایەی ئەوێ راهاتون، لە هەمانكاتدا رۆژی هەشتجار 35 شۆفڵ بەفری سەرزەوی فڕۆكەخانەكان لادەبەن و دواتر بەفرەكە دەڕژێننە ناو ئاوی دەریاوە، تا لە بەستنی بەفرەكە بە زەویەوە خۆیان بپارێزن.

بە گوێرەی زانیاریەكان زستانی رابردو، ئەو شارە 35 ملیۆن دۆلاری لە لابردنی بەفری سەر رێگاكان خەرجكردوە، بەڵام سنورەكانی چواردەوری شارەكە ناگرێتەوە كە شۆفڵ ناتوانێت پێیان بگات، بە هۆی ئەوەی رۆژانە بە بەردەوامی بەفر لەو ناوچانەدا دەبارێت.

ساڵانە لە وەرزی زستاندا سەردانی ناوچە شاخاویەكانی دەكەن بە مەبەستی بینینی دیمەنە نایابەكانی بەفر، چونکە لەو وەرزەدا درەختە سنەوبەرەكان بە توێژاڵی ئەستوری بەفر داپۆشراون و چەندین چالاكی لە ناوچە شاخاویەكاندا ئەنجامدەدەن ،كە بڵاوترینیان خلیسكێنەی سەر بەفرە.

سەرەڕای بەفرە زۆرەكەی، گەشتكردن بۆ شاری ئاۆمۆری سەخت نیە و ماوەی نێوان ئەو شارە و تۆكیۆ سێ بۆ چوار كاتژمێرە بە شەمەندەفەر، یاخود بە فڕۆكە دەتوانیت بگەیتە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی شارەكە لەسەر چیایەكی بڵندی شارەكە.

 

 

 





Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP