هەواڵی ئەمڕۆ

ئاسایشى گه‌رمیان ده‌ستگیركردنى چه‌كدارێكى داعشى راگه‌یاند

- 2/25/2019 12:21:00 PM 5041 جار خوێندراوەتەوە
وێنەی خوازراو

خه‌ندان-

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى ئاسایشى گه‌رمیان رایگه‌یاند، چه‌كدارێكى داعشیان له‌ ناوچه‌ى مه‌یدان-ى نزیك ده‌ربه‌ندیخان ده‌ستگیركردوه‌ كه‌ پێشتر له‌ناو رێكخراوى تیرۆرستى قاعیده‌ كارى كردوه‌.

له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا كه‌ وێنه‌یەكى ده‌ست خه‌ندان كه‌وتوه‌، ئاسایشى گه‌رمیان ڕایده‌گه‌ینێت، لە چوارچێوەی هەڵمەتە بەردەوامەکانی هێزەکانی بەرێوەبەرایەتی ئاسایشی گەرمیان پاش ئەوەی زانیاری ورد و تەواو دەست هێزەکانمان كه‌وتوه‌، سەبارەت بە تاوانبارێکی تیرۆریست بەناوی (خا، ح، گ، ح) کە دوای تێکشکاندن و پەرتەوازەبونی داعش بۆ خۆحەشاردان بە ناسنامەی ساختەوە هاتۆتە هەرێمی کوردستان و لە سنووری شارۆچکەی دەربەندیخان نیشتەجێبوە.

بە ناسنامەی ساختەوە هاتۆتە هەرێمی کوردستان

ئاسایش ده‌شڵێت، دواتر لەلایەن هێزەکانمان تاوانباری ناوبراو دەستگیرکراوه‌ و لەکاتی لێکۆڵینەوەدا دانی بەوەدا ناوە کە لە ساڵی2005 وە پەیوەندی بە رێکخراوە تیرۆریستییەکانی که‌تائبى پورە عه‌شرین و قاعیده‌، کردوە و بەشداری چەندین کردەوەی تیرۆریستی کردوە.

هاوكات به‌پێى ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ى ئاسایش، لەکاتی سەرهەڵدانی داعش لە ناوچەکە ساڵی2014 بەیعەتی بە رێکخراوی تیرۆریستی داعش داوە و بۆ ماوەیەک لە سنوری حەمرین بوە و دواتر چۆتە موسڵ و لەلایەن رێکخراوەکەوە خانویەکیان پێداوە بۆ ماوەی یەک ساڵ لە موسڵ ماوه‌ته‌وه‌، دواتر پاش تێکشکانی داعش لە ناوچەکە چۆته‌ سوریا.

بۆ ماوەی یەک ساڵ لە موسڵ ماوه‌ته‌وه‌

پاش پرۆسەی رزگارکردنی موسڵ ناوبراو گەڕاوەتەوە بۆ عێراق، و پاشتر  بەناسنامەی ساختەوە بۆ خۆ حەشاردان هاتۆتە سنوری ناوچه‌ى مه‌یدان-ی سەر بە شارۆچکەی دەربەندیخان و نیشتە جێبوە.

تاوانباری ناوبراو کە بەڕەگەز عەرەبەو لە دایک بوی 1978، پێشتر دانیشتوی شارۆچکەی میقدادییه‌ بووە لە پارێزگای دیالەو لە لایەن هێزەکانی بەرێوەبەرایەتی ئاسایشی گەرمیانەوە بە پێی ماددەی2ی تیرۆر لە 4/2/2019 دەستگیرکراوەو لێکۆڵینەوەش بەردەوامە.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP