هواوی ركابەری گالاكسی دەكات و سمارتفۆنی “Mate X”ی راگەیاند كە توانای نوشتانەوەی هەیە

- 2/24/2019 10:10:00 PM 12400 جار خوێندراوەتەوە

خەندان- شادان عەلى

كۆمپانیای هواوی، نایابترین مۆبایلی زیرەكی كۆمپانیاكەی بە ناوی هواوی Mate X نمایشكرد.

ئەمڕۆ یەكشەممە، كۆمپانیای هواوی نوێترین مۆدێلی مۆبایلی كۆمپانیاكەی راگەیاند كە چەندین تایبەتمەندی نایابی هەیە و لەگەڵ نوێترین بەرهەمی گالاكسی كۆمپانیای سامسونگ كێبڕكێ دەكات.

هواوی Mate X، نوێترین بەرهەمی كۆمپانیای هواوی-ە و هاوشێوەی نوێترین بەرهەمی نمایشكراوی گالاكسی تایبەتمەندی نوشتانەوەی هەیە، مۆبایلەكە لە كاتی نوشتاندنەوەیدا شاشەكەی 20 سانتیمەترە و لەكاتی كرانەوەیدا 17 سانتیمەترە.

جیاوازی هەردو بەرهەمە نوێیەكەی گالاكسی و هواوی لەوەدایە، گالاكسی فۆڵد لە كاتی نوشتانەوەیدا هاوشێوەی كتێبێك دادەخرێت لەكاتێكدا هواوی Mate X لەكاتی نوشتانەوەیدا شاشەكەی بە دیوی دەرەوەیدا دەمێنێتەوە وهەردو دیوی مۆبایلەكە شاشەیە.

ئەوەش ئەوە دەگەیەنێـت لەكاتی نوشتاندنەوەی شاشە سەرەكیەكەیدا پێویستە لە بەشی دەرەوەیدا شاشەیەكی دیكەی جیاواز هەبێـت بۆ پیشاندانی زانیاریەكان و بەوپێیەش ئەو سمارتفۆنە نوێیە خاوەنی سێ شاشەیە.

سەرەڕای ئەو تەكنیكەی لە شاشەكەیدا بەكارهێنراوە، دوو باتری لە هەردو لاتەنیشتی مۆبایلەكەدا هەیە كە توانای شەحنكردنەوەی مۆبایلەكەی لە سفر-ەوە بۆ لەسەدا 85 لەماوەی 30 خولەكدا هەیە.

لە تایبەتمەندیەكانی دیكەی بەرهەمەكەی هواوی، ڕام-ەكەی 8 گێگابایتە و توانای خەزنکردنی زانیاری 512 گێگابایتە، هەروەها هەڵگری كامێرایەكە لە بەشی پشتەوەی ئامێرەكەدا كە توانای وێنەگرتنی بەشی پێشەوەی ئامێرەكەی هەیە.

هواوی Mate X كە سیمی 5G دەخوێنێتەوە، خێرایی زانیاریەكانی چوارهێندەی هواوی  4Gیە كە لە توانایدا دەبێت یەك گێگابایت زانیاری لە ماوەی سێ چركەدا دابگرێت.

بە پێی زانیاریەكانی ماڵپەڕی سی نێت-ی ئەمریكی، هواوی Mate X، لەكاتی نوشتاندنەوەیدا سمارتفۆن-ێكی تۆكمەیە كە هەردو لای شاشەیە و دەتوانیت بە تەواوەتیش بیكەیتەوە و هاوشێوەی تابلێتێكی شاشە فراوان بەكاریبهێنیت.

لەبارەی نرخی ئەو مۆبایلە نوێیەوە، هواوی رایگەیاندوە، نرخی ئامێرەكە لە دو هەزار و 600 دۆلارەوە دەستپێدەكات و بڕیارە لە ناوەڕاستی ساڵی 2019 دا بیخاتە بازاڕەكانی جیهانەوە.

بەرهەمە نوێیەكەی هواوی هەفتەیەك دوای نمایشكردنی نوێترین سمارتفۆنی گالاكسی دێت لە لایەن كۆمپانیای سامسونگ-ەوە لەكاتێكدا، رۆژێك دوای نمایشكردنی گالاكسی فۆڵد، کۆمپانیای سامسونگ لە دەیەمین ساڵیادیدا، مۆبایلی S10 ی بەچەند تایبەتمەندیەکی جیاوازەوە خستە بازاڕەکانى جیهانەوە.

 

 

 


نیشانەکردن :

#مۆبایل #هواوی

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP