فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکوک: دەنگۆی گەڕانەوەی پێشمەرگە تەنھا لێدوانی سیاسییە

- 2/24/2019 12:30:00 PM 3998 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکانی کەرکوک رایگەیاند، پلانی ئەمنی نوێ، دوبارە بڵاوکردنەوەی ھێزەکانی سەربە ھەردوو وەزارەتی بەرگری و ناوخۆ لەخۆدەگرێت، دەشڵێت، "دەنگۆکان لەبارەی گەڕانەوەی پێشمەرگە، تەنھا قسە و لێدوانی سیاسیین".

سەعد حەربییە، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکان لە کەرکوک لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، "پلانی ئەمنی نوێ، دووبارە بڵاوکردنەوەی سەرجەم ئەو ھێزانە لەخۆ دەگرێت کە شاری کەرکوک و ناوچەکانی دەوروبەری دەپارێزن، ھەروەھا ھێزەکانی سەربە ھەردوو وەزارەتی بەرگری و ناوخۆ لە پلانە نوێیەکەدا، بەشدارییان پێدەکرێت".
پلانی ئەمنی نوێ دوبارە بڵاوکردنەوەی سەرجەم ئەو ھێزانە لەخۆ دەگرێت کە کەرکوک و دەوروبەری دەپارێزن

لەبارەی بڵاوبونەوەی هەواڵی گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ کەرکوک فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکان وتی "ئەوە تەنھا قسە و لێدوانی سیاسیین".

سەعد حەربییە ئاماژەی بەوەشکرد، "ژمارەی ھێزە ئەمنییەکان لە کەرکوک زیادکراون بە تایبەتیش کە ھێزەکانی پۆلیسی فیدڕال، دژە تیرۆر و لیوای 61 سەربە فیرقەی تایبەت لە پارێزگاکە بونیان ھەیە".

فەرماندەی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکان لە کەرکوک باسی لەوەشکرد، سەرجەم ئەو ھێزانە لەژێر فەرمانی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکان ئەرکەکانیان جێبەجێ دەکەن.

سەبارەت بە جێبەجێکردنی پلانە نوێیەکە، سەعد حەربییە رونیکردەوە، "پلانە ئەمنییە نوێیەکە لە چەند رۆژی داھاتودا، دەکەوێتە واری جێبەجێکردنەوە".


نیشانەکردن :

#كه‌ركوك

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP