"گوڵ نیسا" خەڵاتەکانی ڤێستیڤاڵی فیلمی "داهێنەرانە"ی سویسرای بردەوە

- 2/24/2019 8:18:00 AM 3311 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

فیلمی سینەمایی "گوڵ نیسا" لە دەرهێنانی سەتار چەمەنی گوڵ، خەڵاتی باشترین فیلم و باشترین ئەکتەری کچی لە ڤێستیڤاڵی فیلمی "داهێنەرانە"ی سویسرای بەدەستهێنا.

راگەیاندنی فیلمی سینەمایی "گوڵ نیسا" لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، فیلمی سینەمایی "گوڵ نیسا" Golnesa یەکەمین فیلمی ئاست بەرزی سینەماکاری کورد "سەتار چەمەنی گوڵ"، لە نوسینی سیناریۆی سینەماکاری کورد "ڤیدا ساڵحی"یە و خەڵاتەکانی ڤێستیڤاڵی فیلمی "داهێنەرانە"ی سویسرای بەدەستهێناوە.

ئاماژە بەوەشکراوە، یەکەمین خولی ڤێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمە "داهێنەرانە" لە چەندین بەش و لە نمایشی بەرهەمی کۆمەڵێک دەرهێنەر لە وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان لە رۆژانی 15 تا 18ی شوباتی 2019 لە شاری بێرن لە وڵاتی سویسڕا بەڕێوەچو.

ئەندامانی لیژنەی دادوەرانی ڤێستیڤاڵەکە خەڵاتی باشترین فیلم بە "سەتار چەمەنی گوڵ" و "یۆسف کەریمی" بەرهەمهێنەران ئەم فیلمە و هەروەها خەڵاتی باشترین ئەکتەری کچ بە خاتوو "یەگانە ڕەجەبی" ئەکتەری ئەم بەرهەمە سینەماییە بەخشی.

فیلمی سینەمایی "گوڵ نیسا" تا ئێستا لە 25 ڤێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلم بەشداریی کردوە و 8 خەڵاتی جیهانی لە بەشەکانی باشترین فیلم، باشترین دەرهێنان، باشترین بەڕێوەبەریی وێنەگرتن، باشترین ئەکتەری پیاو و باشترین ئەکتەری کچی بەدەستهێناوە و لە چەندین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلم کاندیدی باشترین سیناریۆ بوە.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP