لەسەر بەهەڵەدابردنى ئەحمەد حاجى رەشید داواى لێبوردن دەکات

- 2/23/2019 11:21:00 PM 46243 جار خوێندراوەتەوە

خەندان- 

ئه‌حمه‌د حاجی ره‌شید، ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق داواى لێبوردن لە بڵاوکردنەوەى هەواڵێک دەکات لە پەیجەکەى خۆى و دەڵێت لەبەر پەرۆشیم بۆ هاوڵاتیان ئەو پۆستەم بڵاوکردۆتەوە، بەڵام دواتر بۆمدەرکەوتوە کە هەواڵەکە ناراستە.

ئه‌مشه‌و ئه‌حمه‌د حاجی ره‌شید، له‌ پەیجى تایبەتى خۆی له‌ تۆڕى کۆمەڵایەتى فه‌یسبوك بڵاویكرده‌وه‌: "هاوڵاتیانی خۆشەویست دۆلار فرۆشانی بازاڕی دراو، هەواڵێک هەیە کە بازاڕەکانی به‌غدا پڕبوە لە دۆلاری ئەمریکی کە لە ئەسڵدا ئەو دراوانەن کە کاتی خۆی ژمارەکانیان بلۆککراوە و خاوەنداریەتی دەگەڕێتەوە بۆ وڵاتی لیبیاو سەردەمی موعه‌مه‌ر قه‌زافی، بۆیە دۆلارەکان ئەسڵین و ئامێره‌كان توانای ئاشكراكردنیان نیە، چونکە لەراستیدا تەزویر نین، بەڵکو بلۆککراون، ژمارەکانیشیان لای بانکی ناوه‌ندی نیە تا بڵاویانبکاتەوە".

ئەو ئەندامەى ئەنجومەنى نوێنەران نوسیبوشى: "تاکە چارەسەر ئەوەیە بە ڕێژەی زۆر جێگەی گومانەو لە هەرکەستان کڕی بیناسن و مەرجتان هەبێت".

دواتر و هەر ئەمشەو لە پۆستێکى دیکەدا، رونکردنەوەیەکى لەسەر ئەو هەواڵە بڵاوکردەوە و رایگەیاند:  "لەبەر پەرۆشیم بۆ هاوڵاتیان و دۆلار فرۆشان هەواڵێکم بڵاو کردبویەوە سەبارەت بەپاره‌ی بلۆککراوی وڵاتی لیبیا، دوای پەیوەندی کردن بە بەرپرسانی بانکی و بازرگانەکانی بەغدا و ئەندامانی لیژنەی دارایی، بۆم دەرکەوت ئەو هەواڵە دەزگایەکی راگەیاندن ناردویەتی و بڵاوی کردوەتەوە"

ئەحمەد حاجى رەشید نوسیویشیەتى: "بەبێ لێپێچینەوە منیش لە پەرۆشیم هەواڵەکەم دابەزاند، بۆیە داوای لێبوردن دەکەم هەواڵەکە بەو شێوەیە نیە هیچ کێشەیەکی وا لە ئارادا نیە".

دەشڵێت: "هەڵەی من بڵاوکردنەوەی هەواڵەکەبوو پێش لێپێچینەوە، دروستیەکەی دەبوایە لێپێچینەوەم بکردایە پێش بڵاوکردنەوە".
پۆستەکەى پێشوى ئەحمەد حاجى رەشید

نیشانەکردن :

#عیراق

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP