بەپەلە

بارزانی و کۆسرەت ڕەسوڵ دێنە سەرخەت
خەندان ناوەرۆکی نامەکانیان بلاودەکاتەوە

- 2/23/2019 8:20:00 PM 30772 جار خوێندراوەتەوە

خەندان -

پارتى و یەکێتى نامە گۆڕینەوەکەى نێوان مەسعود بارزانى و کۆسرەت رەسول عەلى بە ئیجابى وەسفدەکەن و بە سەرەتاى دانانى بناغەیەکى پتەو بۆ گەیشتنە رێککەوتنێکى گشتگیر دایدەنێن.

خەندان پێشتر لە راپۆرتێکدا ئاشکرایکردبو کە مەسعود بارزانى سەرۆکى پارتى دیموکراتى کوردستان نامەیەکى ئاراستەى کۆسرەت رەسوڵ عەلى کردوە و ھەوڵی ھێورکردنەوەی ناکۆکییەکانی  نێوان حزبەکەی و یەکێتی داوە، هاوکات جەختی لەسەر "کاری پێکەوەیی و ھاوخەباتی"  نێوان ئەو دو حزبە کردوەتەوە، لە دواى هەڵسەنگاندنى نامەکە لەلایەن مەکتەبى سیاسى یەکێتیەوە، کۆسرەت رەسوڵ عەلى وەڵامى نامەکەى دایەوە.

سەرچاوەیەکى باڵا لە پارتى دیموکراتى کوردستان لەبارەى ناوەرۆکى نامەکەى کۆسرەت رەسوڵ عەلى کە بەمەرجى ناونەهێنان قسەى بۆ خەندان کرد رایگەیاند: پارتی دیموکراتی کوردستان ئەو وەڵامەى کۆسرەت رەسوڵ کە بەناوى یەکێتیەوە ئاراستەى بارزانى کردۆتەوە بەسەرەتای کردنەوەی گرێکوێرەکە دادەنێت.
بارزانى بۆچونى وابوە بەزویی ناکۆکییەکانى نێوان یەکێتى و پارتى کۆتاییان پێبهێنرێت

 

ئەو سەرچاوەیە وتیشى: "پارتى پێیوایە بەڕێوەبردنى ئەم هەرێمە بەبێ یەکێتى ئاستەمە، هەر لەو روانگەیەشەوە بارزانى ئەو نامەیەى بۆ کۆسرەت رەسوڵ ناردوە و بۆچونى وابوە،و بەپێویستى زانیوە بەزویی ناکۆکییەکانى نێوان یەکێتى و پارتى کۆتاییان پێبهێنرێت".

هەر سەبارەت بەو دەسپێشخەرییەى بارزانى، خەندان پەیوەندى کرد بە بەرپرسانى باڵاى یەکێتى نیشتیمانى کوردستان، دواجار سەرچاوەیەکى باڵا لە یەکێتى بە خەندان-ى راگەیاند: "مەکتەبى سیاسى یەکێتى نامەکەی بارزانی بەئیجابی ھەڵسەنگاند و وەک بەدەنگەوەچونی دەسپێشخەریەکەی بارزانی، کۆسرەت ڕەسوڵ بەناوی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانەوە لەنامەیەکدا وەڵامێکی ئەرێنی ناردەوە بۆ بارزانی و پارتی دیموکراتی کوردستان".

ئەو نامە گۆڕینەوەیە، بە سەرەتاى دانانى بناغەیەکى پتەو بۆ گەیشتنە رێککەوتنێکى گشتگیر دادەنرێت

 

سەرچاوەکەى یەکێتى ئەوەشى ئاشکرا کرد کە یەکیتی پێیوایە کە "ئەو نامە گۆڕینەوەیە، بە سەرەتاى دانانى بناغەیەکى پتەو بۆ گەیشتنە رێککەوتنێکى گشتگیر دادەنرێت". 

وێڕای ئەوەش پرسیارگەلێکى دیکە دێنە گۆڕێ، ئایا بەھاتنە کایەی بارزانی و کۆسرەت ڕەسوڵ ئیتر یەکێتى و پارتى دەگەنەچارەسەر؟  ئایا ئەو نامە گۆڕینەوەی نێوانیان دەگات بەڕێکەوتن لەسەر پاکێجە جیاوازەکانیان؟ ئایا یەکێتى و پارتى جارێکى دیکە دەتوانن رێککەوتنێک ئەنجامبدەن کە شوێنى رێککەوتنى ستراتیژى رابردویان بگرێتەوە؟

بەبڕواى چاودێرانى سیاسى، ئەو نامە گۆڕینەوەى نێوان مەسعود بارزانى و کۆسرەت رەسوڵ، هەنگاوى دیکەى بەدوادا دێت و پێدەچێت لە یەکەمین هەنگاویشدا، پاکێجەکانى نێوانیان بگۆڕنەوە، لەپێناو لێکتێگەیشتن و گەیشتنە رێککەوتن لەسەر یەکپاکێجى لەسەر تەواوى کێشەکانى هەرێمى کوردستان و ناوچە دابڕێنراوەکان و بەغداد.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP