بەپەلە

مەکتەبى سیاسى یەکێتى لە شارى سلێمانى کۆبویەوە

- 2/23/2019 6:24:00 PM 7032 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ئێوارەی ئەمڕۆ بە سەرپەرشتى کۆسرەت رەسوڵ عەلى جێگرى یەکەمى سکرتێرى گشتى کۆبوونەوەى مەکتەبى سیاسى یەکێتى نیشتیمانى کوردستان لە شارى سلێمانى دەستیپێکرد.

بەپێی زانیاریەکانی خەندان، لە کۆبونەوەکەدا تاوتوێی دۆخی هەرێمی کوردستان و گفتوگۆکانی نێوان یەکێتی و پارتی دەکرێت بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان.


خەندان پێشتر لە راپۆرتێکدا بڵاویکردەوە کە مەسعود بارزانى سەرۆکى پارتى دیموکراتى کوردستان نامەیەکى ئاراستەى کۆسرەت رەسوڵ عەلى کردوە و ھەوڵی ھێورکردنەوەی ناکۆکییەکانی  نێوان حزبەکەی و یەکێتی داوە، هاوکات جەختی لەسەر "کاری پێکەوەیی و ھاوخەباتی"  نێوان ئەو دو حزبە کردوەتەوە، بە کلیک کردن دەتوانن تەواوى راپۆرتەکە بخوێننەوە.

 
کۆبونەوەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی لەکاتێکدایە 18ی ئەم مانگە پارتی و گۆڕان رێککەوتنامەی نێوانیان واژۆکرد و هەمان رۆژیش کۆبونەوەی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامدرا و دەستەی نوێی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان هەڵبژێردرا، ئەوەش ناڕەزایی توندی یەکێتی لێکەوتەوە.

دوای ئەو هەنگاوەی پارتی بۆ پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکومەت لەتیف شێخ عومەر، وتەبێژی یەکێتی رایگەیاند، دوای هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان بێ ئامادەبونی فراکسیۆنی حزبەکەی "قسەی جیاوازیان" دەبێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەگەر بڕیاربێت یەکێتی خولێکی دیکە لە دانوستان دەستپێبکاتەوە ئەمجارە دوای هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان و ئەو پێشهاتانەی هاتونەتە کایەوە لەسەرەوە دەستپێدەکەینەوە، یەکێتی بێجگە لەوەی لەسەر بەرنامە گشتگیرەکەی خۆی کە داویەتی بە برادەرانی پارتی، کاتێک هاتە سەر قسەکردن لەسەر پۆستەکان ئەوکات قسەیەکی دیکەمان دەبێت جیاواز لە خولی یەکەمی دانوستانەکان".

ناکۆکییەکانی پارتی و یەکێتی دوای ئەوە هات کە یەکێتی داوای دەکرد پرسی پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان و پۆستی پارێزگاری کەرکوک و پۆستەکانی دیکەی عێراق پێکەوە یەکلایی بکرێنەوە، بەڵام پارتی داوای دەکرد سەرەتا کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێبکهێندرێت پاشان گفتوگۆ لەبارەی پۆستەکانی دیکەوە بکرێت.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP