بەرلە ناشتنی چاوەکانی دەکاتەوە

- 2/23/2019 4:38:00 PM 22752 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

لە روداوێکی نامۆدا لە هندۆراس، خێزانێک بۆ ماوەی چوار رۆژ لاشەی منداڵەکەیان هەڵدەگرن، بەهیوای گەڕانەوەی بۆ ژیان.

بەگوێرەی هەواڵێکی رۆژنامەی "دەیلی مەیلی" بەریتانی، لە شاری یۆرۆ منداڵێکی تەمەن یەک ساڵ و نیو بەهۆی بەرزبونەوەی پلەی گەرمی لەشیەوە و بێهۆشبونی رەوانەی نەخۆشخانە دەکرێت.

کاتێک دەگەنە نەخۆشخانە و پزیشکەکان پشکنینی بۆ دەکەن، رایدەگەیەنن کە بەرلەوەی بگاتە نەخۆشخانە مردووە، بە چاوی گریان و خەمێکی قوڵەوە ئەو خێزانە مەراسیمی ناشتنی منداڵەکەیان رۆژی یەکشەمەی رابردوو ئەنجامدەدەن.

ئەو خانمەی کە لاشەی منداڵەکە دەگرێتە باوەشی و پوریەتی، هەست بە گەرمی لەشی دەکات، لەهەمانکاتدا یەکێک لە ناسیاوەکانیان کە لە مەراسیمەکە ئامادەدەبێت، دەڵێت "من بینیم چاوی کردەوە و هەناسەی دەدا".

ئەم قسەیە کاریگەری لەسەر خێزانەکە دەبێت و بڕیاردەدەن ناشتنەکەی دوابخەن، بەهیوای گەڕانەوەی بۆ ژیان، بەڵام لە پاش چوار رۆژ جیرانەکانیان سکاڵا دەکەن لای پۆلیس، چونکە هەست بە بۆنی ناخۆشی ئەو ماڵە دەکەن، هەربۆیە پۆلیس بە زۆر ناچاریان دەکات منداڵەکەیان لە کۆتایی هەفتەی رابردوو بنێژن.

باوکی ئەو منداڵە دەڵێت "ئامادەبووم هەموو شتێک بکەم لەپێناو منداڵەکەم، هەربۆیە دەمویست دڵنیابمەوە لە مردنی".



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP