فەیسبوک بەنهێنی دەیان زانیاری تایبەتی بەکارهێنەرانی وەردەگرێت

- 2/23/2019 4:14:00 PM 5654 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

بەبێ رەزامەندی بەکارهێنەرانی، فەیسبوک و تەنانەت بەبێ بونی ئەکاونتیش، چەندین ئاپی کۆمپیوتەری بەناوبانگ بەشێوەیەکی نهێنی زانیاری لەسەر بەکارهێنەرانی  کۆدەکەنەوە و دەیدەنە کۆمپانیای فەیسبوک.

بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی دەیلی مەیل-ی بریتانی، زیاتر لە 11 ئاپی بەناوبانگ زانیاری زۆر هەستیار لەبارەی بەکارهێنەرانی فەیسبوک کۆدەکەنەوە و بەشێوەیەکی نهێنی و بەبێ رەزامەندی دەیدەنە کۆمپانیای فەیسبوک.

رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ ئاشکرایکردوە، ئەو ئاپ و بەرنامە کۆمپیوتەرییانەی کە بەنهێنی زانیاری دەدەنە فەیسبوک بریتین لە ئاپی بەناوبانگی پێوانی دوری (Flo Period & Ovulation Tracker) و ئاپی خانوبەرە (Realtor ) و ئاپی لێدانی دڵ و (HR Monitor).

ئەوەش زانراوە، لە ڕێگەی ئەم ئاپانەوە فەیسبوک زانیاری ورد لەبارەی کێش و باڵا و لێدانی دڵ و سوڕی مانگانەی ئافرەت و چەندین زانیاری دیکە کۆدەکاتەوە.

بەپێی راپۆرتەکانی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، زانیارییە کۆکراوەکان لە ڕێگای کۆمەڵێک بەرنامەی پێشکەوتوی سۆفتوێرەوە دەنێردرێن کە توانای دروستکردنی ئاپی مۆبایلیان هەیە و زانیارییەکان تۆماردەکەن و دەینێرن.

لەوبارەیەوە وتەبێژی فەیسبوک رایگەیاندوە، کۆکردنەوەی زانیارییەکان بۆ مەبەستی رێکلامکردن نیە و تەنها دەیانەوێت زانیارییە هەواڵییەکانی خۆیانی پێ بەهێزبکەن.

دەشڵێت، لە ئێستادا لە ئامادەکاری دۆزینەوەی رێگای بەهێزتردان تا زانیارییەکان بەسەلامەتی بگەنە فەیسبوک.

پسپۆڕانی پاراستنی زانیاری تایبەت، بەگومانەوە لەم هەنگاوەی فەیسبوک دەڕوانن و پێیانوایە پێشێلکردنی یاسای پاراستنی مافی زانیاری تایبەت (GDPR)ەو فەیسبوکیش ئەوە رەتدەکاتەوە.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP