بە هۆکارێکی سەیر سێجار لەپەتی سێدارە گەڕاوەتەوە

- 2/23/2019 3:59:00 PM 19506 جار خوێندراوەتەوە

 خەندان- بەهمەن ئەحمەد 

بیسۆن کاولای تەمەن 40 ساڵ کە خەڵکی مالاوی ئەفەریقایە سێجار بەهۆی ماندوبونی جێبەجێکاری لەسێدارەدانەکەی، لەمردن گەڕاوەتەوە و لەسێدارە نەدراوە. 

بەپێی راپۆرتێکی ماڵپەڕی ( بی بی سی نیوز) چیرۆکی نیسۆن ئەوکاتە دەستپێدەکات کە لەکۆمپانیایەکی نەوت و گاز لەجۆنس بێرگ کاردەکات و پارەی کڕینی چەند پارچە زەوییەک پەیدادەکات.

ئەم پیاوە دەگەڕێتەوە گوندە بچوکەکەی خۆیان لەباشوری مالاوی، دەستدەکات بەبەرهەمهێنانی دانەوێڵە و میوە و بەرهەمی دیکەی کشتوکاڵی و نزیکەی پێنج کەسیش لەپرۆژەکەیدا دادەمەزرێنێت،  دواتر وەک خۆی دەڵێت دراوسێکانی ئیرەییان پێبردوە و کێشەی گەورەیان بۆ دروستکردوە. 

بەوهۆیەشەوە رۆژێک چەند کەسێکی گوندەکەیان هێرش دەکەنە سەر یەکێک لەکارمەندەکانی بیسۆن و زۆری لێدەدەن و دواتر بەنیوە مردووی بەجێیدەهێڵن بەجۆرێک کە هەمیشە پێویستی بەکەسێک دەبێت هاوکاری بکات لەرۆشتن بۆ تەوالێت.

رۆژێک لەکاتی گواستنەوەی بۆ تەوالێت بیسۆن خۆی بەهۆی تەڕی رێگەکە و زۆری باران دەکەوێت بەزەویدا و کارمەندەکەشی دەکەوێت و بەهۆیەوە  پاش گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە گیانلەدەستدەدات. 

دواتر پۆلیس لێکۆڵینەوە لەرووداوەکە دەکات، لەساڵی 1992 دا بەتۆمەتی کوشتنی کارمەندەکەی و پاش ئەوەی خەڵکی گوندەکە دەبن بەشایەتحاڵ و داوا لەدژی تۆماردەکەن سزای لەسێدارەدانی بۆدەردەچێت.

لەکاتی جێبەجێکردنی سزاکەیدا کە واباوە بەکۆمەڵ و بەپێی لیستێک جێبەجێکار مانگی جارێک زیندانیکراوەکان لەسێدارە دەدات و لەوشوێنەش تەنها یەک ئامێری لەسێدارەدان هەیە، بۆیە هەر سێ جارەکە بەهۆی ماندوبونی جێبەجێکاری سزاکە سزادانەکەی دوادەخرێت بۆمانگی دواتر. 

کۆتا جار لەکاتی جێبەجێکردنەکەی پێیرادەگەیەنن کە ئەو یەکێکە لەو 21 کەسەی کە ئەمرۆ سزادەدرێت و پرۆسەی لەسێدارەدانەکەشی کاتژمێر 1 ی پاش نیوەڕۆ دەستپێدەکات، پاش بەردەوامبونی جێبەجێکار بۆماوەی دوو کاتژمێر و کۆتایهاتنی ماوەی کارکردنەکەی، بیسۆن و دوو کەسی دیکە دەمێننەوە بۆ مانگی داهاتوو. 


دواتر لەساڵی 1994 و دامەزراندنی سیستمێکی حکومرانی دیموکراسی فرەحزبی لە مالاوی، بریاری راگرتنی هەموو بریارەکانی لەسێدارەدان دەدرێت و بیسۆنیش یەکێک دەبێت لەو کەسانەی کە بریارەکە دەیانگرێتەوە و پاش ئەو بریارە ماوەی زیاتر لە 25 ساڵە هیچ سەرۆکێک واژۆی لەسێدارەدانی نەکردوە.

هەرچەندە بیسۆن چانسی ژیانی بۆ گەڕاوەتەوە، بەڵام ئەو هێشتا لەبڕیاری لەسێدارەدانەکەی رزگاری نەبوە و لەبارێکی دەرونی خراپدایە و تا ئێستاش دوو جار هەوڵی خۆکوشتنی داوە.

 


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP