خەندان دەستپێشخەریەکی مەسعود بارزانی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی پارتی و یەکێتی ئاشکرادەکات

- 2/23/2019 3:18:00 PM 70253 جار خوێندراوەتەوە
مەسعود بارزانی و کۆسرەت رەسوڵ

خەندان-

مەسعود بارزانی دەستپێشخەریەک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان پارتی و یەکێتی رادەگەیەنێت، بۆ ئەو مەبەستەش نێچیرڤان بارزانی رادەسپێرێت بە سەرۆکایەتی شاندێک سەردانی یەکێتی بکات.

بەپێی زانیاریەکانی خەندان کە لەسەرچاوەیەکی تایبەتەوە لەناو پارتی دیموکراتی کوردستان دەستی کەوتوە، "مەسعود بارزانی بۆ چارەسەری ناکۆکییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی نامەیەکی ئاڕاستەی کۆسرەت ڕەسوڵ و مەکتەبی سیاسی یەکێتی کردوە".

زانیاریەکانی خەندان ئاماژە بەوە دەکەن، لەو نامەیەدا بارزانی ھەوڵی ھێورکردنەوەی ناکۆکییەکانی  نێوان حزبەکەی و یەکێتی داوە، هاوکات جەختی لەسەر "کاری پێکەوەیی و ھاوخەباتی"  نێوان ئەو دو حزبە کردوەتەوە.
بارزانی ھەوڵی ھێورکردنەوەی ناکۆکییەکانی  نێوان حزبەکەی و یەکێتی داوە

مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لەنامەکەیدا رەزامەندی حزبەکەی  دەربڕیوە لەسەر پرسی یەکپاکێجی و ڕێکەوتنی بەرفراوان لە نێوان پارتی و یەکێتی، لەو پێناوەشدا شاندێکی پارتی بە سەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی دەنێرێتە سلێمانی.

نامەکەی بارزانی دەستپێشخەریەکە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان پارتی و یەکێتی، دوای ئەوەی 18ی شوبات بە ئەنجامدانی کۆبونەوەی پەرلەمانی کوردستان کەلێنێک کەوتە پەیوەندیەکانیانەوە.

خەندان زانیویەتی، لە ئێستادا نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی بەسەردانێک لە دەرەوەی وڵاتە و بڕیارە دوای گەڕانەوەی بۆ هەرێمی کوردستان سەردانی مەکتەبی سیاسی یەکێتی بکات و لەگەڵ بەرپرسانی ئەو حزبە دوبارە دانوستانەکانیان دەستپێبکەنەوە.

هاوکات سەرچاوەیەکی باڵا لەناو یەکێتی نیشتیمانی کوردستان گەیشتنی نامەکەی مەسعود بارزانی بە بەرپرسانی یەکێتی پشتڕاستکردەوە، بەڵام ئامادە نەبو زانیاری لەسەر ناوەڕۆکی نامەکە بدات، تەنھا وتی، "نامەیەکی ئیجابی و خێرە و گرنگە ئەو دو حزبە پێکەوە تەبا و ھاوخەباتبن و ناکۆکییەکان چارەسەر بکرێن".

نامەیەکی ئیجابی و خێرە و گرنگە ئەو دو حزبە پێکەوە تەبا و ھاوخەباتبن

ئەوەشی وت، "بارزانی دەتوانێت ڕۆڵی یەکلاکەرەوە بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندیەکانی نێوان پارتی و یەکێتی بگێڕێت".

هاوکات ئەمڕۆ شەممە کۆسرەت رەسوڵ لەگەڵ ئەندامانی فراکسیۆنی سەوز لە پەرلەمانی کوردستان کۆبوەوە و لەبارەی پەیوەندیەکانی نێوان پارتی و یەکێتی و پابەندبونی فراکسیۆنی سەوز بە بڕیارەکانی یەکێتییەوە گفتوگۆیان کرد.

کۆبونەوەی ئەمڕۆی کۆسرەت رەسوڵ و ئەندامانی فراکسیۆنی سەوز

سەردانی شاندی پارتی بۆ لای یەکێتی لەکاتێکدایە یەکێتی بە فەرمی لە رێگەی وتەبێژەکەیەوە رایگەیاندوە، دوای کۆبونەوەی پەرلەمانی کوردستان بەبێ ئامادەبونی فراکسیۆنەکەیان "ئێستا قۆناغێکی نوێیە و قسەی جیاوازیان دەبێت".

ناکۆکییەکانی پارتی و یەکێتی دوای ئەوە هات کە یەکێتی داوای دەکرد پرسی پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکومەت و پۆستی پارێزگاری کەرکوک و پۆستەکانی دیکەی عێراق پێکەوە یەکلایی بکرێنەوە، بەڵام پارتی داوای دەکرد سەرەتا کابینەی نۆیەمی حکومەت پێبکهێندرێت پاشان گفتوگۆ لەبارەی پۆستەکانی دیکەوە بکرێت.

پارتی بە واژۆکردنی رێکەوتن لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان و نزیکبونەوەی لە پێکهاتەی تورکمان توانی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان هەڵبژێرێت، بەڵام بۆ بەڕێکەوتنی شەمەندەفەری کابینەی نۆیەمی حکومەت پێویستی بە رەزامەندی یەکێتی دەبێت، پێدەچێت بە دەستپێشخەریەکەی بارزانی گەشتە چوار ساڵییەکەی کابینەی نۆیەمی حکومەت بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی دەستپێبکات.


نیشانەکردن :

#یەکێتی #پارتی

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP