بۆ بەشداریکردن لە کۆنگرەی عەرەبی- ئەوروپی
سه‌رۆك به‌رهه‌م ساڵح سه‌ردانى میسر و فه‌ڕه‌نسا ده‌كات

- 2/23/2019 1:18:00 PM 3649 جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان- ئه‌حمه‌د مسته‌فا

وته‌بێژى سه‌رۆكایه‌تى كۆمارى عێراق رایگه‌یاند، د. به‌رهه‌م ساڵح، سه‌رۆك كۆماری عێراق بۆ به‌شداریکردن لە لوتكەی ئابورى عەرەبی- ئەوروپی سەردانی میسر دەکات و دواتریش له‌سه‌ر بانگهێشتى فەرمی سەرۆکی فه‌ڕه‌نسا سه‌ردانى کۆشکی ئیلزێ ده‌كات.

حه‌سه‌ن جیهاد، وته‌بێژى سه‌رۆكایه‌تى كۆمارى عێراق به‌ خه‌ندان-ى راگەیاند، "سه‌رۆك به‌رهه‌م ساڵح بۆ به‌شداریكردن له‌ لوتكه‌ى ئابورى عه‌ره‌بى- ئه‌وروپى ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ ده‌گاته‌ شارى شرم شێخ له‌ میسر و بەشداری لوتكەی ئابورى عەرەبی- ئەوروپی دەکات".
سه‌رۆك به‌رهه‌م ساڵح ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ ده‌گاته‌ شرم شێخ

ئاماژەی بەوەشکرد، "له‌ چوارچێوه‌ى لوتكەی ئابورى عەرەبی- ئەوروپیدا باس له‌ گرفت و ته‌نگه‌شه‌ ئابوربیه‌كان و چونێتى گشه‌پێدانى په‌یوه‌ندییه‌كانى عێراق و وڵاتانى ناوچه‌كه‌ و ئه‌وروپا ده‌كرێت، پێده‌چێت چه‌ند ڕێككه‌وتنێكیش له‌ چواچێوه‌ى لوتكه‌كه‌دا واژۆ بكرێن". 

دوای هەڵبژاردنی بە سەرۆک کۆماری عێراق، د. بەرهەم ساڵح سەردانی چەندین وڵاتی دراوسێ و ئەوروپای کردوە و هەوڵی باشکردنی پەیوەندیەکانی عێراق و وڵاتانی داوە. 

وته‌بێژى سه‌رۆكایه‌تى كۆمارى عێراق راشیگەیاند، "سه‌رۆك كۆمارى عێراق له‌ 26ى شوبات و پاش سه‌ردانه‌كه‌ى بۆ میسر، له‌سه‌ر بانگهێشتى ئیمانیۆل ماكرۆن، سه‌رۆكى فه‌ڕه‌نسا سه‌ردانى فه‌ڕه‌نسا ده‌كات و له‌ كۆشكى ئیلیزێ پێشوازى فه‌رمى لێده‌كرێت".

رونیشیکردەوە، له‌و سه‌ردانه‌یدا سه‌رۆك به‌رهه‌م هه‌وڵى باشتركردن و به‌ره‌وپێشونى په‌یوه‌ندییه‌كانى به‌غدا و پاریس ده‌دات، هاوکات لەگەڵ سەرۆکی ئەو وڵاتەدا باس له‌ دۆخى سیاسى و شه‌ڕى دژ به‌ داعش دەکەن.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP