نرخی نەوتی خاو لەمساڵدا گەیشتە بەرزترین ئاست

- 2/23/2019 10:43:00 AM 3084 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

بەهۆی لێکنزیکبونەوەی زیاتری ئەمریکا و چین و ئەگەری واژۆکردنی رێککەوتننامەیەکی بازرگانی، نرخی نەوتی خاو لەبازاڕەکاندا بەرزبونەوەیەکی بەرچاوی بەخۆوەبینی و گەیشتە بەرزترین ئاست لەمساڵدا.

بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسی رۆیتەرز، نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنت گەیشتوەتە 67.73 دۆلار کە دەکاتە بەرزبونەوەی لەسەدا 1.2ی نرخی هەفتەی پێشو، بەرزترین ئاستی خۆی لەمساڵدا تۆمارکردوە.

هاوکات نرخی نەوتی تەکساسیش بڕی 30 سەنت زیادیکردوە و لە 57.26 دۆلاردا جێگیربوە، ئەوە لەکاتێکدا سەر لەبەیانی رۆژی هەینی نرخی نەوت تەکساس گەیشتە بەرزترین ئاستی خۆی کە 57.81 دۆلارە، بەوەش دەرکەوت هەفتانە نرخی نەوتی تەکساس سێ سەنت زیادیکردوە.

شاندی دانوستانکاری ئەمریکا و چین رۆژی هەینی کۆبونەوە بۆ بڕیاردان لەسەر درێژەدانی کۆبونەوەکان و هەردولاش پەرۆشییان پێوەدیاربو کە دەیانەوێت تا رۆژی یەکی ئازاری داهاتو بگەنە رێکەوتنێک.
شاندی دانوستانکاری ئەمریکا و چین دەیانەوێت بگەنە رێکەوتنێک

لەوبارەیەوە ئاندی لیپۆ، سەرۆکی کۆمپانیای نەوتی لیپۆ رایگەیاند، ئەگەری زۆری گەیشتن بەرێکەوتنێکی بازرگانی لە نێوان چین و ئەمریکا گڕوتینێکی خستە ناو بازاڕەکانی جیهان بەگشتی و نرخی نەوتیشی بەرزکردەوە.

رێککەوتنی بازرگانی نێوان چین و ئەمریکا هاوکاتە لەگەڵ بڕیاری کەمکردنەوەی بڕی هەناردەکردنی نەوت لەلایەن روسیا وڵاتانی هەناردەکاری نەوت.

هاوکات پرسی سەپاندنی سزا بەسەر دوو وڵاتی دیکەی هەناردەکاری نەوتدا کە ئێران و ڤەنزوێلایە وایکردوە بەردەوام نرخی نەوت لەبەرزبونەوەدا بێت و لە ئایندەشدا چاوەڕوانی بەرزبونەوەی دەکرێت. 


نیشانەکردن :

# نەوت

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP