بەپەلە

وه‌زاره‌تى دارایی ده‌ست به‌ دابه‌شكردنى موچه‌ى مانگى 12 ده‌كات

- 2/23/2019 10:37:00 AM 132129 جار خوێندراوەتەوە
دابەشکردنی موچە

خه‌ندان-

سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ وه‌زاره‌تى دارایی و ئابوری رایگه‌یاند، له‌ سه‌ره‌تاى مانگى ئازارەوە ده‌ست به‌دابه‌شكردنى موچه‌ى مانگى 12ى ساڵى رابردوى فه‌رمانبه‌ران ده‌كات.

سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ وه‌زاره‌تى دارایی و ئابورى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان به‌ خه‌ندان-ى وت، ئەگه‌ر ڕۆژى ساڵیادى راپه‌رین له‌ 5ى ئازار ببێته‌ پشو، وه‌زاره‌ته‌كه‌ى له‌ 6ى ئازار ده‌ست به‌دابه‌شكردنى موچه‌ى مانگى 12ى ساڵى رابردوى فه‌رمانبه‌ران و موچه‌ خۆرانى هه‌رێمى كوردستان ده‌كات.

له‌ 6ى ئازار ده‌ست به‌دابه‌شكردنى موچه‌ى مانگى 12ى ساڵى رابردو ده‌كرێت

ئاماژەی بەوەشکرد، حكومه‌تى عێراق له‌ 13ى ئه‌م مانگه‌، بڕى 317 ملیار دینار بۆ موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران راده‌ستى وه‌زاره‌تى دارایی هه‌رێم كردوه‌، له‌گه‌ڵ داهاته‌كان ڕێكده‌خرێن و له‌موچه‌ى مانگى 12 به‌كارده‌هێنرێت، هاوكات له‌ چه‌ند ڕۆژى ئاینده‌ گه‌نجینه‌كان وه‌زاره‌ته‌كان ئاگادارده‌كه‌نه‌وه‌ بۆ ناردنى لیستى موچه‌كانیان.

سەرچاوەکەی وەزارەتی دارایی دەشڵێت، له‌ وه‌زارتى دارایی پێوه‌رێك نییه‌ به‌ناوى خشته‌ی دابه‌شكردنى موچه‌، به‌ڵام له‌سه‌ره‌تادا هه‌ریه‌ك له‌ وه‌زاره‌ته‌كانى پێشمه‌رگه‌ و په‌روه‌رده‌ و پاشتر ته‌ندروستى له‌ماوەى هەفتەى یەکەمى دابەشکردنەکەدا موچه‌کانیان وه‌رده‌گرن.

 له‌ وه‌زارتى دارایی پێوه‌رێك نییه‌ به‌ناوى خشته‌ی دابه‌شكردنى موچه‌

لە سەرەتای ساڵی 2016 ەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان کار بە سیستەمی پاشەکەوتی موچە دەکات و مانگانە بڕێک لە موچەی فەرمانبەران پاشەکەوت دەکات، بە ئامانجی "کەمکردنەوەی خەرجی و زیادکردنی داهات".

تا ئێستاش دیارنیە کەی کۆتایی بە سیستمی پاشەکەوتی موچە دەهێندرێت، بەڵام بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێن، دوای ناردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی 2019ی عێراق گۆڕانکاری بەسەر سیستمی پاشەکەوتەکەدا دێت.

ساڵی رابردوو وەزارەتی دارایی نۆ موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی دابەشکرد، بەر لە کۆتایی هاتنی ساڵیش رێباز حەملان، وەزیری دارایی و ئابوری رایگەیاند، دابەشکردنی مووچەی مانگەکانی 10، 11 و 12 لە ساڵی 2019 دا دابەشدەکرێت، تا ئێستاش دابەشکردنی ئەو سێ موچەیە کۆتایی نەهاتوە.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP