سعودیە مامەڵەیەكی 10 ملیار دۆلاری لەگەڵ چین واژۆدەكات

- 2/22/2019 10:12:00 PM 3237 جار خوێندراوەتەوە


خەندان-

لەمیانەی سەردانی شازادەی جێنشینی سعودیە بۆ چین، كۆمپانیای ئارامكۆ-ی سعودیە وكۆمپانیاكانی چین رێکكەوتنێكیان لەبارەی پەرەپێدانی ئابوری هەردو وڵاتەوە ئەنجامدا. 

بە پێی ئاژانسی سپوتنیك-ی روسی، ئەمڕۆ هەینی كۆمپانیای ئارامكۆ، كە یەكێكە لە گەورەترین كۆمپانیاكانی نەوتی سعودیە، بە مەبەستی بنیادنانی پاڵاوگەیەكی نەوت و پترۆكیمیایی لە وڵاتی چین واژۆی لەسەر رێكەوتنێكی 10 ملیار دۆلاری كردوە.

كۆمپانیای ئارامكۆ لەو بارەیەوە رایگەیاند، لە ئێستادا هەردو وڵات كۆمپانیایەكی هاوبەش بەناوی “واجین-ئارامكۆ پترۆكیمایی بنیاددەنێن كە لە توانایدا دەبێـت رۆژانە 300 هەزار بەرمیل لە بەرهەمی ئەسیلین كراكەر بەرهەمبهێنێت.

ئەو مامەڵەیە لە چوارچێوەی گەشتەكەی شازادەی جێنشینی سعودیە بۆ وڵاتی چین ئەنجامدرا و لە بارەی پەیوەندیە ئابوریەكانی هەردو وڵاتەوە هەنگاوی گەورە نراوە.

دوێنێ پێنجشەممە، لەدوای بڕیارەكەی سعودیە بۆ پتەوكردنی پەیوەندیەكانی نێوان هەردو وڵات، موحەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە سەردانی وڵاتی چین-ی كرد و دوابەدوای چەند رێكکەوتنێكی بازرگانی، بە یاوەری باڵیۆزی چین لە سعودیە، سەردانی ناوچە گەشتیاریەكانی ئەو وڵاتەیان كرد.

ئەوە لەكاتێكدایە، وڵاتی سعودیە یەكێكە لە گەورەترین وڵاتی هەناردەكاری نەوتی خاو بۆ چین و هاوردەكاری زۆرینەی بەرهەمە چینیەكانە. 


نیشانەکردن :

#سعودیە #چین

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP