سامسونگ سمارتفۆنی"گالاكسی فۆڵد"ی نمایشكرد

- 2/22/2019 7:56:00 PM 13149 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-شادان عەلی

سامسونگ بە چەند تایبەتمەندیەكی نایابەوە، نوێترین مۆبایلی زیرەكی كۆمپانیاكەی نمایشكرد.

رۆژی چوارشەممە 20ی شوبات، كۆمپانیای سامسونگ نوێترین مۆدێلی مۆبایلی گالاكسی نمایشكرد كە بڕیارە لە بەرواری 26ی نیسان-ی ئەمساڵدا بیخاتە بازاڕەكانی جیهانەوە.

مۆبایلی گالاكسی فۆڵد، كە نوێترین بەرهەمی كۆمپانیای سامسونگ-ە، تایبەتمەندی نوشتانەوەی هەیە و لە كاتی نوشتاندنەوەیدا شاشەكەی 11.7 سانتیمەترە و لەكاتی كرانەوەیدا 18.5سانتیمەترە. 

لەو بەرهەمە نوێیەدا، سامسونگ تەكنەلۆژیایەكی نوێی بەكارهێناوە بە بەردەوامی و لەكاتی كاركردنیدا رێگەدەدات ئامێرەكە بكەیتەوە و دایبخەیت بێئەوەی كاریگەری نەرێنی لەسەر شاشەكەی هەبێـت. 

سەرەڕای تەكنیكە نوێیەكەی كە بۆ شاشەكەی بەكارهێنراوە، لە هەردو لاتەنیشتە نوشتاوەكەیەوە  باتری تێدایە و ڕام-ەكەی 12 گێگابایتە، هەروەها هەڵگری شەش كامێرایە كە سێ كامێرا لە بەشی پشتەوەیدایە و كامێرایەك لە بەشی پێشەوە و دو كامێرا لە ناو ئامێرەكەدا جێگیركراون.

بە پێی ماڵپەڕی سی نێت-ی ئەمریكی، گالاكسی فۆڵد، لەكاتێكدا دەینوشتێنیتەوە سمارتفۆن-ێكی تۆكمەیە و لەكاتێكدا بە تەواوەتی دەیكەیتەوە دەبێتە بە تابلێتێكی شاشە فراوان. 
 
لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا، لەكاتێكدا شاشەكەی فراواندەكەیت، دەتوانیت سێ ئەپڵیكەیشنی جیاواز لە هەمانكاتدا بەكاربهێنیت لە رێگەی تایبەتمەندیەكەوە كە سامسونگ پێیدەڵێت (مەڵتی ئاكتیڤ ویندۆو).

كۆمپانیاكە رایگەیاندوە، مۆبایلە نوێیەكە بە رەنگەكانی، رەشی گەردونی، زیوین، سەوزی مەریخی، شینی فەلەكی و بە دو ڤێرژنی جیاوازی 4G و5G دەخاتە بازاڕەكانی جیهانەوە.

لەبارەی نرخی ئەو مۆبایلە نوێیەوە، سامسونگ رایگەیاندوە ئامێرەكە هەرزان نابێت و نرخەكەی لە هەزار و 980 دۆلارەوە دەستپێدەكات.

ئەوە لەكاتێكدایە، رۆژێك دوای نمایشكردنی گالاكسی فۆڵد، کۆمپانیای سامسونگ لە دەیەمین ساڵیادیدا، مۆبایلی S10 ی بەچەند تایبەتمەندیەکی جیاوازەوە خستە بازاڕەکانى جیهانەوە.


نیشانەکردن :

#سامسونگ

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP