راوێژكاری ئەسەد: ئەردۆغان بەنیازە ئیخوان موسلیمین بخاتە نێو حكومەتی سوریا

- 2/22/2019 4:44:00 PM 2180 جار خوێندراوەتەوە

خەندان- شادان عەلى

بوسەینە شەعبان، راوێژكار و سیاسەتمەداری سوری بە بەشار ئەسەد-ی سەرۆكی سوریای راگەیاندوە، سەرۆككۆماری توركیا نیازی ئەوەی هەیە ئیخوان موسلیمین بنێرێتە ناو حكومەتی سوریا.

لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ پێگەی ئەلمەیادین، بوسەینە شەعبان وتی،"لە سەرەتای دروستبونی جەنگەوە ئەردۆغان لە رابردو لە ئێستاشدا كار لەسەر ئەوەدەكات هێز بداتەوە بە ئیخوان موسلیمین و دەیەوێت بیانكات بە بەشێك لە دەسەڵاتدارانی سوریا".

ئاماژەی بەوەشدا، كیانی دینی لە سوریادا جێیان نابێتەوە، چونكە سوریا دەوڵەتێكی سێكیولار (عیلمانی)ە و دەوڵەتێكی گشتگیرە.

سەرۆككۆماری توركیا هاوسۆزی لەگەڵ رێكخراوە ئیسلامیەكاندا هەیە

 

ئەو لێدوانەی شەعبان لەكاتێكدایە، بەشار ئەسەد، سەرۆكی سوریا لە لێدوانێكیدا، لە بەرواری 17ی شوباتی ئەمساڵدا رایگەیاند،"ئەردۆغان كەمێك كۆیلەی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكایە" و ئاماژەی بەوەشكرد سەرۆككۆماری توركیا هاوسۆزی لەگەڵ رێكخراوە ئیسلامیەكاندا هەیە.

ئیخوان موسلیمین، لە لایەن سوریا و ژمارەیەك وڵاتی دیكەی ناوچەكەوە بە گروپێكی تیرۆریست لە قەڵەم دەدرێت و لە روسیا قەدەغە كراوە، هەندێكی دیكە لە وڵاتان بڕوایان وایە حكومەتی ئەنقەرە پشتگیری لەو گروپە دەكات.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP