بەخوا زوو بەردم پێ نامێنێت
قوباد تاڵەبانی وەڵامی شاسوار عەبدولواحید دەداتەوە

- 2/22/2019 3:52:00 PM 72475 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

بەپێى تۆمارێکى دەنگى کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بڵاوبوەتەوە، قوباد تاڵەبانى لەبەرامبەر قسەکانى شاسوار عەبدولواحید رایگەیاند، ئەو بابەتە کێشەیەکى گەورە نیە لاى من، بەڵام لام سەیرە سەرۆکى جوڵانەوەیەکى وەک نەوەى نوێ ئەوە بیرکردنەوەکانى بێت، لەجیاتى بیرکردنەوە لە پەروەردەکردنى نەوەى نوێ، بیر لە پەیڕەوکردنى بیروباوەڕى سەدام بکاتەوە.

قوباد تاڵه‌بانی‌ له‌و تۆماره‌ دەنگیەدا کە لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکان مشتومڕی گەرمی بە دواداھات ده‌ڵێت "لام سه‌یره‌ كه‌سێك كه‌ خۆی‌ به‌نه‌وه‌ی‌ نوێ‌ وه‌سف ده‌كات‌ و خۆی‌ به‌نه‌وه‌ی‌ نوێ‌ داده‌نێت‌ و حه‌ره‌كه‌كه‌شی‌ ناوی‌ نه‌وه‌ی‌ نوێیه‌ بیر له‌چاره‌سه‌ره‌ کۆنەکان ده‌كاته‌وه‌، بیر له‌هه‌ڵواسین‌و سێداره‌دان‌و ئه‌و جۆرە قسانه‌ ده‌كات، ئەوە لە قسەى کەسێک ناچێت کە نەوەى نوێ بێت و نوێنەرایەتى نەوەى نوێ بکات".

تاڵەبانی دەڵێت،" ئێمە ئەبێت بیر لە ئایندە بکەینەوە نابێت هەمیشە بگەڕێینەوە بۆ رابردو، هه‌ڵواسین‌ و كوشتن‌ و لەسێدارەدان سیاسەتى سەدام و په‌یڕه‌وكردنی‌ بیروباوه‌ڕی‌ سه‌دام بوو".

من جێگرى سەرۆکوەزیرانم، دەبێت ته‌حه‌مولی‌ ره‌خنه‌ و هه‌ندێ‌ قسه‌ی‌ لابه‌لاو هه‌ندێ‌ قسه‌ی‌ نامه‌نتیقیش بكه‌م

 

جێگرى سەرۆکوەزیرانى هەرێمى کوردستان رایگەیاندوە، "ئێمە دەبێت بیر لە سبەینێ بکەینەوە، نەوەى نوێى ئێمە دەبێت پەروەردە بکرێت تاکو بیر لە ئاشتى بکەنەوە، بیر لە پێکەوەژیان و پێکەوە کارکردن بکەنەوە، هیوادارم ئێمە قۆناغى کۆنمان تێپەڕاندبێت لە هەرێمى کوردستان.

له‌به‌شێكی‌ دیکەى تۆماره‌ دەنگیەكه‌دا قوباد تاڵه‌بانی‌ ده‌ڵێت "من جێگرى سەرۆکوەزیرانم، ئه‌بێ‌ ته‌حه‌مولی‌ ره‌خنه‌و هه‌ندێ‌ قسه‌ی‌ لابه‌لاو هه‌ندێ‌ قسه‌ی‌ نامه‌نتیقیش بكه‌م، ئه‌گه‌ر جێگرى سەرۆکوەزیران نەبومایە و ئەو قسەیەى بکردایە، ئیحتیماله‌ عه‌شایه‌رانه‌ عیلاجم بكردایه‌‌، به‌ڵام من پۆست‌و وه‌زیفه‌یه‌كم هه‌یه،‌ ئیحترامی‌ وه‌زیفه‌كه‌ی‌ خۆم ده‌گرم، خۆ ئه‌گه‌ر قسه‌كانی‌ سه‌رپێچی‌ قانونی‌ كردبێت، داوام له‌محامییه‌كانی‌ خۆم كردووه‌ دیراسه‌ی‌ قسه‌كانی‌ بكه‌ن، ئەگەر سەرپێچى قانونى هەبێت، ئیحتیماله‌ ئیجرائاتی‌ قانونیمان هه‌بێت به‌رامبه‌ری‌".

 قوباد تاڵه‌بانی‌ لە کۆتایی ئەو تۆمارە دەنگییەدا وتویەتى،" ئەو بابەتە موشکیلەیەکى گەورە نییە لاى من، چونکە زوو زوو سه‌.. بەرامبەرم ئه‌وه‌ڕێت، ئه‌گه‌ر هەر سە...بەرامبەرم بوەڕێت و بەردێکى تێبگرم، به‌خوا زوو به‌ردم پێ‌ نامێنێت".

لە چەند رۆژى رابردودا شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکى جوڵانەوەى نەوەى نوێ لە وەڵامى کۆمێنتى هاوڵاتییەک بێمنەتى خۆى بەرامبەر یەکێتى دەربڕى و نوسیبوى"یەکێتى میوانێکی رەزا قورسن و رۆژێک دێت بەرپرسەکانی لەو بەردەرکی سەرایە هەڵدەواسرێن".



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP