کۆبونەوەکانى پەرلەمان راناگیرێت

- 2/22/2019 2:35:00 PM 12236 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ئەندامێکى پەرلەمانى کوردستان لە فراکسیۆنى پارتى رەتیدەکاتەوە کارەکانى پەرلەمانى کورستان رابگیرێت و رایدەگەیەنێت کە یەکەمین کار هەموارکردنەوەى یاساى سەرۆکایەتى هەرێم دەبێت، ژمارەى کورسى فراکسیۆنەکانیش لە لیژنەى یاسایی ئاشکرا دەکات.

هەڵبژاردنى لیژنەى یاسایی بە رێککەوتن دەبێت یان سیستمى سانتلیگۆ

 

هێڤیدار ئەحمەد، ئەندامێکى پەرلەمانى کوردستان لە فراکسیۆنى پارتى بە خەندان-ى راگەیاند: "دواى هەڵبژاردنى دەستەى سەرۆکایەتى پەرلەمانى کوردستان، دەبێت راستەوخۆ لیژنەى یاسایی هەڵبژێردرێت بۆ ئەوەى کار لەسەر ئەو یاسایانە بکەن کە گرنگ بۆ کۆمەڵگە، تا ئێستا دو کۆبونەوە لە نێوان سەرجەم فراکسیۆنەکانى پەرلەمانى کوردستان کراوە، کە ئایا هەڵبژاردنى ئەندامانى لیژنەکە بەپێى رێککەوتن بێت یاخود بەپێى سیستمى سانتلیگۆ بێت و بەپێى ژمارەى کورسى ئەندامانى پەرلەمان ئەندامەکانى دیاریی بکرێت".

بزوتنەوەى گۆڕان هیچ ئەندامێکى لە لیژنەى یاسایی نابێت

 

وتیشى: "فراکسیۆنى زۆرینە سەرۆکایەتى لیژنەکە وەردەگرێت، پارتى زۆرترین ئەندامى دەبێت لەناو لیژنەى یاسایی، بڕیارە لە سەرەتاى ئەم هەفتەیەک کۆبونەوەکان دەستپێبکەنەوە و دواتر ئەندامانى لیژنەکان لەناو پەرلەمانى کوردستاندا متمانەیان پێبدرێت، پارتى چوار بۆ پێنج ئەندامى لیژنەکەى بەردەکەوێت، نەوەى نوێ یەک ئەندام، لەنێوان کۆمەڵ و یەکگرتودا ئەندامێک و تورکمان ئەندامێک و کریستیان یەک ئەندام و یەکێتى دوو ئەندامى بەردەکەوێت".

یەکێتى دوو کورسى لیژنەى یاسایی بەردەکەوێت و گەر ئامادە نەبن بە بەتاڵى دەهێڵرێتەوە

 

لەبارەى ئامادەنەبوونى ئەندامانى یەکێتى لە دانیشتن و کۆبوونەوەکانى پەرلەمان رایگەیاند: یەکێتى دوو کورسى لە لیژنەى یاسایی بۆ دیاریی دەکرێت و لە حاڵەتى دیاریی نەکردنى ئەندامەکانى، ئەو کاتە کورسییەکانیان بە بەتاڵى دەمێنێتەوە، ئێستاش هەوڵێک هەیە کە یەکێتى بێت و بەشدارى دانیشتنەکان بکات.

لەدواى ١٨ مانگ لە ئاستێکى زۆر باڵا گفتوگۆ هەبوە لەنێوان یەکێتى و پارتى

 

ئەو پەرلەمانتارەى پارتى ئاماژەى بەوەشکرد کە "یەکێتى بڕیارێکى دروستى نەدا کە باکۆتى دانیشتنى پەرلەمانى کرد، چونکە پەرلەمان موڵکى کەس نییە و موڵکى هەموو هێزە سیاسییەکانە، وە لەدواى ١٨ مانگ لە ئاستێکى زۆر باڵا گفتوگۆ هەبوە لەنێوان یەکێتى و پارتى بۆ چارەسەرى کێشەکان".

یەکەمین کارى پەرلەمانى کوردستان هەموارکردنەوەى یاساى سەرۆکایەتى هەرێم دەبێت

 

لەبارەى دەنگۆى راگرتنى دانیشتنەکانى پەرلەمان تا ئەو کاتەى یەکێتى و پارتى دەگەنە رێککەوتن، هێڤیدار ئەحمەد رایگەیاند: بە هیچ شێوەک شتى وا نییە، بۆیە دەستەى سەرۆکایەتى هەڵبژێردراوە بۆ ئەوەى لیژنەى یاسایی دروستبکرێت و یەکەمین کارى لیژنەى یاساییش پرسى یاساى سەرۆکایەتى هەرێمى کوردستانە، کە ئەو پۆستە چۆن کارا دەکرێتەوە و هەمواردەکرێتەوە.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP