کۆشکى سپى: 200 سەرباز لە سوریا دەهێڵینەوە

- 2/22/2019 9:54:00 AM 3998 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

وتەبێژى کۆشکی سپی ڕایگەیاند، ئەمریکا بڕیاریداوە بەشێک لە سەربازانى وڵاتەکەى کە خۆى لە نزیکەى 200 سەرباز دەبینێتەوە لە خاکى سوریا بهێڵێتەوە.

سارا ساندەرس وتەبێژی کۆشکی سپی رایگەیاندوە، بڕیاردراوە بەشێک لە سەبازانى ئەمریکا لە خاکى سوریا بۆ ماوەیەکى کاتى بهێڵرێنەوە کە خۆى لە نزیکەى 200 سەرباز دەبینێتەوە.
ئەو 200 سەربازە دابەشدەکرێن بۆ دو ناوچە

 

بە وتەى ساندەرس ئەو 200 سەربازە دابەشدەکرێن بۆ دو ناوچە، بەشێکیان لە باکورى رۆژهەڵاتى سوریا و بەشەکەى دیکەشیان  لە ناوچەى ئەلتەنف نزیک سنورى عێراق -ئوردن جێگیردەکرێن.

لە ئێستادا 2000 سەربازى ئەمریکى لەناو خاکى سوریادان و لە 19 ى کانونى دوەمى ساڵى رابردوە، دۆنالد ترەمپ سەرۆکى ئەمریکا بڕیاریدا بە کشانەوەى سەربازانى وڵاتەکەى لە سوریا، ئەوەش کاردانەوەى توندى ناوخۆیی و دەرەکى بەدواى خۆیدا هێنا و چەند بەرپرسێکى باڵاى ئەمریکى لەوانە وەزیرى بەرگرى ئەمریکا دەستیان لەکارکێشایەوە.

ئەمریکا داوای لە ئەوروپا کردووە بەرپرسیارێتی دامەزراندنی ناوچەی ئارام بگرێتە ئەستۆ

 

لەماوەى رابردودا رۆژنامەی واشنتن پۆست لە راپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، لیندسى گراهام پەرلەمانتارى کۆماریخوازى نزیک لە ترەمپ لە کاتی بەڕێوەچوونی کۆنفرانسی ئەمنیەتی میونخدا وتویەتی ئەمریکا داوای لە ئەوروپا کردووە بەرپرسیارێتی دامەزراندنی ناوچەی ئارام بگرێتە ئەستۆ.

لە بارەى کشانەوەى هێزەکانى ئەمریکا لە سوریا کە 2000 سەربازى ئەمریکین، گراهام وتویەتى، لە ئەگەرى ناردنى 1500سەرباز لەلایەن وڵاتانى ئەوروپا بۆ دامەزراندنى ناوچەى ئارام لە باکورى سوریا، ئەمریکا 200 سەرباز دەهێڵێتەوە.

وڵاتانی رۆژئاوا بەرپرسن لە بەرگریکردن لە کوردەکان، چونکە کورد ڕۆڵێکی گرنگیان لە شەڕی داعش گێڕاوە

 

گراهام رایگەیاندوە، کە لە رۆژى هەینى رابردوەوە ژمارەیەکى زۆر لە نوێنەرانى ئەمریکا و بەرپرسە باڵاکانیان کەوتونەتە هەوڵدان بەمەبەستى رازیکردنى ئەوروپا بۆ رەوانەکردنى 1500سەرباز بۆ دامەزراندنى ناوچەى ئارام لە سوریا و ئەگەر ئەوروپا قبوڵی بکات ترەمپ ئامادەیە بەشێک لە هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا بهێڵێتەوە. 

لیندیسى گراهام هۆشداریی داوە لە شەڕى دواى داعش و وتویەتى، ئەگەر بەرنامەیەک بۆ دواى شەڕى داعش دانەنرێت تورکیا لەرێگەى هێزى سەربازییەوە مامەڵە لەگەڵ کوردەکانى سوریا دەکات، بۆیە وڵاتانی رۆژئاوا بەرپرسن لە بەرگریکردن لە کوردەکان، چونکە کورد ڕۆڵێکی گرنگیان لە شەڕی داعش گێڕاوە.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP