زەریف: کۆمپانیا ئەوروپیەکان لە ئێران کشاونەتەوە

- 2/22/2019 9:49:00 AM 5582 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

محه‌مه‌د جه‌واد زه‌ریف، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران رایگه‌یاند:"ئه‌مریكا هه‌موو هێزیی خۆى بۆ فشارخستنە سەر ئێران بەکارهێناوە و هه‌موو كه‌سێکیش ملى بۆ کەچ کردوە".

محه‌مه‌د جه‌واد زه‌ریف وەزیرى دەرەوەى ئێران رایگەیاندوە، سزاکانى ئەمریکا بۆ سەر ئێران بۆتەهۆی کەمبونەوەى هەناردەکردنى نەوت لە دوو ملیۆن و ٥٠٠ هەزار بەرمیل نەوتى رۆژانە بۆ خوار یەک ملیۆن و نیو، کە ئەمەش کەمترە لەو رێژەیەى پێش ئیمزاکردنى رێککەوتننامەى ئەتۆمى هەناردەى دەرەوە دەکرا.

زەریف وتویەتى: "ئه‌مریكا هه‌موو هێزیی خۆى بۆ فشارخستنە سەر ئێران بەکارهێناوە و هه‌موو كه‌سێکیش ملى بۆ کەچ کردوە، بە جۆرێک کۆمپانیا ئەوروپییەکان لە ئێران کشاونەتەوە"

وەزیرى دەرەوەى ئێران ئاماژەى بەوەشکردوە کە تاکوى گەلى ئێران ئیرادەى هەبێت، پابەند دەبن بە رێککەوتننامەى ئەتۆمى و لە دواین راپرسیدا لە 51% ى خەڵک پشتگیرى خۆیان بۆ رێککەوتننامەکە دەربڕیوە.
بونى بنکەى سەربازى ئێران لە سوریا لەسەر داخوازى و رەزامەندى حکومەتى دیمەشق بوە

 

لەلایەکى دیکەوە و پەیوەست بە دۆخى سوریا و هێرشەکانى ئیسرائیل بۆ سەر بنکە سەربازییەکانى ئێران لە سوریا، وەزیرى دەرەوەى ئێران رایگەیاندوە، بونى بنکەى سەربازى ئێران لە سوریا لەسەر داخوازى و رەزامەندى حکومەتى دیمەشق بوە، بەڵام ئیسرائیل بە هێرشەکانى یاسا نێودەوڵەتییەکانى پێشێل کردوە.

وتوشیەتى: ئیسرائیل بەو هێرشانەى سەرکێشییەکى مەترسیدار ئەنجام دەدات، کە رەنگە مەترسى دروستبونى پێکدادانى سەربازى بەدواى خۆیدا بهێنێت.

 


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP