به‌رپرسانى یه‌كێتى لە کۆبونەوەدان
پارتى هەنگاو بۆ تێگه‌یشتن له‌ "قۆناغە نوێکەی" یەکێتی دەنێت

- 2/21/2019 10:09:00 PM 29848 جار خوێندراوەتەوە
پارتی و یەکێتی

خه‌ندان-

پارتى دیموكراتى كوردستان شاندى پێكهێنانى حكومه‌ت ده‌نێرێته‌وه‌ لاى مه‌كته‌بى سیاسى یه‌کێتی بۆ درێژه‌دان به‌ گفتوگۆكانى پێكهێنانى حكومه‌ت، هاوكات خه‌ندان زانیویه‌تى به‌رپرسه‌ باڵاكانى یه‌كێتى لەئێستادا له‌ ماڵى كۆسره‌ت ره‌سوڵ له‌ كۆبونه‌وه‌دان.

سه‌رچاوه‌یه‌كى باڵا له‌ناو پارتى دیموكراتى كوردستان به‌مه‌رجى ناو نه‌هێنان به‌ خه‌ندان-ى وت، شاندى دانوستانكارى پارتى بڕیاره‌ بوه‌ له‌م هه‌فته‌یه‌دا سه‌ردانى یه‌كێتى بكه‌ن، به‌ڵام چاوه‌ڕوانى گه‌ڕانه‌وه‌ى نێچیرڤان بارزانى بون تا سه‌ردانه‌كه‌ ئه‌نجامبده‌ن و پێده‌چێت له‌ چەند رۆژی هه‌فته‌ى ئاینده‌ شاندى دانوستانكارى پارتى به‌ سه‌رۆكایه‌تى نێچیرڤان بارزانى له‌ سلێمانى سه‌ردانى یه‌كێتى بكات. 

شاندى دانوستانكارى پارتى به‌ سه‌رۆكایه‌تى نێچیرڤان بارزانى سه‌ردانى یه‌كێتى دەكات

ئاماژەی بەوەشکرد، پارتى بۆ به‌رده‌وامیدان به‌ گفتوگۆكانى پێكهێنانى حكومه‌ت و كابینه‌ى نۆیەمی حکومەت و تێگه‌یشتن له‌ قۆناغى نوێى یه‌كێتى ڕایگه‌یاندوه‌، سه‌ردانى مه‌كته‌بى سیاسى یه‌كێتى ده‌كات و له‌سه‌ر ڕه‌شنوسى ڕێكه‌وتنى نێوانیشیان گفتوگۆ ده‌كرێت".

خه‌ندان زانیویه‌تی، به‌شێك له‌ به‌رپرسه‌ باڵاكانى یه‌كێتى لەئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە تا ئامادەکرانی ئەم هەواڵە له‌ ماڵى كۆسره‌ت ره‌سوڵ عه‌لى، جێگرى یه‌كه‌مى سكرتێرى گشتى یه‌كێتى له‌ كۆبونه‌وه‌دان.

به‌رپرسه‌ باڵاكانى یه‌كێتى لەئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە له‌ ماڵى كۆسره‌ت ره‌سوڵ عه‌لى له‌ كۆبونه‌وه‌دان

به‌پێى زانیارییه‌كانى خه‌ندان كۆبونه‌وه‌كه‌، بۆ وه‌رگرتنى ڕێوشوێن و میكانیزم و چۆنیه‌تى ده‌ستپێكردنه‌وه‌ى گفتوگۆكانیانه‌ له‌گه‌ڵ پارتى دیموكراتى كوردستان.

هه‌ر به‌پێى زانیارییه‌كانى خه‌ندان، له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا یه‌كێتى لارى نه‌بوه‌ له‌ سه‌ردانى پارتى بۆ لاى مه‌كته‌بى سیاسى و ده‌ستپێكردنه‌وى گفتوگۆكان، به‌مه‌رجێك پارتى پابه‌ند بێت به‌ ڕێككه‌وتنى 5ى شوبات.

بەرپرسانی یەکێتی دەڵێن، سازش ناكەن له‌سه‌ر یەکپاکێجی و گه‌ڕانه‌وه‌ى هاوسه‌نگى و هاوبه‌شى و حكومڕانى له‌ دامه‌زراوه‌ گرنگه‌كانى حكومه‌تى هه‌رێم، له‌ نه‌وت و گاز و دۆسیه‌ى ئه‌منى و  كه‌ركوك و به‌غدا.

یەکێتی سازش ناكات له‌سه‌ر گه‌ڕانه‌وه‌ى هاوسه‌نگى و هاوبه‌شى لە حكومڕانى

سەردانی شاندی باڵای پارتی بۆ لای یەکێتی لە کاتێکدایە 18ی ئەم مانگە پارتی و گۆڕان ڕێکەوتنامەی سیاسی نێوانیان بۆ چوار ساڵی ئایندە واژۆکرد، هەمان ڕۆژیش کۆبونەوەی پەرلەمانی کوردستانیان بەبێ یەکێتی ئەنجامدا و دەستەی سەرۆکایەتیان هەڵبژارد.

دوای ئەو هەنگاوەش لەتیف شێخ عومەر، وتەبێژی یەکێتی رایگەیاند، دوای هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان بێ ئامادەبونی فراکسیۆنی حزبەکەی "قسەی جیاوازیان" دەبێت.

 دوای هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان بێ ئامادەبونی یەکێتی "قسەی جیاوازیان" دەبێت

وتیشی، "ئەگەر بڕیاربێت یەکێتی خولێکی دیکە لە دانوستان دەستپێبکاتەوە ئەمجارە دوای هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان و ئەو پێشهاتانەی هاتونەتە کایەوە لەسەرەوە دەستپێدەکەینەوە، یەکێتی بێجگە لەوەی لەسەر بەرنامە گشتگیرەکەی خۆی کە داویەتی بە برادەرانی پارتی، کاتێک هاتە سەر قسەکردن لەسەر پۆستەکان ئەوکات قسەیەکی دیکەمان دەبێت جیاواز لە خولی یەکەمی دانوستانەکان".

ناکۆکییەکانی پارتی و یەکێتی دوای ئەوە هات کە یەکێتی داوای دەکرد پرسی پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان و پۆستی پارێزگاری کەرکوک و پۆستەکانی دیکەی عێراق پێکەوە یەکلایی بکرێنەوە، بەڵام پارتی داوای دەکرد سەرەتا کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێبکهێندرێت پاشان گفتوگۆ لەبارەی پۆستەکانی دیکەوە بکرێت.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP