یه‌كێتى ئه‌وروپا 56ملیۆن دۆلار بۆ عێراق دابینده‌كات

- 2/21/2019 4:47:00 PM 1689 جار خوێندراوەتەوە
جەنگ لەعێراق

خه‌ندان-

یه‌كێتی ئه‌وروپا بۆ یارمه‌تیدانی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و سه‌قامگیریی عیراق 56ملیۆن دۆلار ته‌رخان ده‌كات، ئه‌وه‌ش لەمیانی  سەردانێکی كۆمیساری یه‌كێتی ئه‌وروپا و جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی به‌لجیكا و جێگری نوێنه‌ری تایبه‌تی سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان بۆ بەسەرکردنەوەی پرۆژه‌كانی موسڵ راگەیەندرا.

به‌ڵێنیاندا به‌ دابینکردنی 56ملیۆن دۆلاری ئەمەریکی

نوسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هەماهەنگی کاروباری مرۆیی (ئۆچا) له‌عێراق رایگه‌یاند، شاندێكی هاوبه‌شی نه‌ته‌وە یه‌كگرتووه‌كان و یه‌كێتی ئه‌وروپا پرۆژه‌كانی موسڵ-یان بۆ سه‌قامگیركردن و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ به‌سه‌ركرده‌وه‌ و له‌گه‌ڵ به‌سه‌ركردنه‌وه‌ی چالاكییه‌كانی یارمه‌تیدانیش له‌ چادرگه‌ی حه‌مام عه‌لیل، به‌ڵێنیاندا به‌ دابینکردنی 56ملیۆن دۆلاری ئەمەریکی، له‌لایه‌ن یه‌كێتی ئه‌وروپاوه‌ بۆ بیادنانه‌وه‌ى ناوچه‌ وێرانبوه‌كان له‌سه‌رتاسه‌ری عێراق و دابینكردنی یارمه‌تی مرۆیی و گەشەپێدان.

شانده‌كه‌ كه‌ پێكهاتبو له‌ كریستۆس ستایلیانداس، كۆمیساری ئه‌وروپا بۆ به‌ڕێوه‌بردنی قه‌یران و جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی به‌لجیكا و وه‌زیری دارایی كه‌ به‌رپرسه لە‌ به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی ساخته‌كاری له‌ باج و ئه‌لێكسانده‌ر دی كروو، وه‌زیری هاوكاری گه‌شه‌پێدان، ومارتا روداس، جێگری نوێنه‌ری تایبەتی سكرتێری گشتی بۆ هه‌ماهه‌نگیی مرۆیی لە عێراق. 

داعش لە گۆڕەپانی شەڕدا دۆڕاوە، بەڵام ئێمه‌ پێویسته‌ بەردەوام بین لەسەر نەهێشتنی بیروبۆچونی ژەهراوییان

له‌ میانه‌ى سه‌ردانه‌كه‌یان بۆ موسڵ، كۆمیساری یه‌كێتی ئه‌وروپا وتی"داعش لە گۆڕەپانی شەڕدا دۆڕاوە، بەڵام ئێمه‌ پێویسته‌ بەردەوام بین لەسەر نەهێشتنی بیروبۆچونی ژەهراوییان، من باوه‌ڕی ته‌واوم هه‌یه‌ كه‌ قه‌یرانه‌كه‌ كۆتایی نه‌هاتوه‌، بۆیه‌ پێویسته‌ له‌ هۆكاره‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ی ئه‌م شه‌ڕه‌‌ بكۆڵینه‌وه‌ و به‌ هانای هه‌مو عێراقییه‌ به‌ركه‌تووه‌كانه‌وه‌ بچین، ئه‌گه‌رنا سه‌ركه‌وتنی مه‌یدانیمان له‌ده‌ست ده‌چێت.

كۆمسیارى یه‌كێتى ئه‌وروپا، پاش دابینكردنی 34ملیۆن دۆلار، له‌لایه‌ن یه‌كێتی ئه‌وروپاوه‌ بۆ یارمه‌تییه‌ مرۆییه‌كانی ساڵی 2019 بۆ عێراق، له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا وتی" یه‌كێتی ئه‌وروپا درێژه‌ به‌ یارمه‌تییه‌كانی ده‌دات بۆ قەیرانی عێراق و یارمه‌تی ده‌سه‌ڵاته‌كانی عێراقیش ده‌دات له‌گه‌ڵ ده‌ربڕینی هاوپشتیی له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی عێراقدا تا ئەوکاتەی پێویست بێت". 

کۆمیساری یەکێتی ئەوڕوپا راشیگەیاند، کە بڕی 20ملیۆن یۆرۆی دیکە بۆ سندوقی پەرەپێدان زیاددەکرێت و دەبێتە یارمەتییەک بۆ دوبارە بنیادنانەوەی کەلەپوری کلتوری وڵاتەکە و فەراهەمکردنی کار و دەرفەت بۆ گەنجان. 



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP