پارتی داوا لە کۆمەڵی ئیسلامی دەکات بەشداری لە حکومەت بکات

- 2/21/2019 4:23:00 PM 11438 جار خوێندراوەتەوە
لۆگۆی پارتی و کۆمەڵ

خه‌ندان - ئەحمەد مستەفا

پارتی دیموکراتی کوردستان پەیوەندی بە کۆمەڵی ئیسلامی کوردستانەوە کردوە و پەیامی ئەوەی پێگەیاندوە کە دەیانەوێت بەشداری لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکات.

سه‌رچاوه‌یه‌كى باڵا له‌ ناو كۆمه‌ڵى ئیسلامى کوردستان بە خەندان-ی راگه‌یاند، مه‌كته‌بى سیاسى پارتى په‌یوه‌ندیان به‌ به‌رپرسانى كۆمه‌ڵ كردوه‌ داواى به‌شداریكردنیان لێكردون له‌ كابینه‌ى نۆیه‌مى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان.

ئاماژەی بەوەشکرد، "پارتى پێش دانیشتنى په‌رله‌مانى كوردستان له‌ 18ى ئەم مانگەدا، یه‌ك بۆ دوجار له‌ ئاستى مه‌كته‌بى سیاسى په‌یوه‌ندییان به‌ به‌رپرسانى باڵاى كۆمه‌ڵى ئیسلامى كردوه‌ و داواى به‌شداریكردینان لێكردین له‌ كابینه‌ى نۆیه‌مى حكومه‌ت".
پارتى پێش کۆبونەوەی په‌رله‌مان دوجار پەیوەندی بە کۆمەڵەوە کردوە

دوشەممەی رابردوو 18-2-2019 کۆبونەوەی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچو، تێیدا دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان هەڵبژێردرا، بەڵام فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی بایکۆتی کۆبونەوەکەی کرد و دەنگی بە کاندیدانی دەستەی سەرۆکایەتی نەدا.

پارتی تا ئێستا لەگەڵ گۆڕان و پێکهاتەی تورکمان گەیشتوەتە رێککەوتن بۆ پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەڵام لەگەڵ یەکێتی و کۆمەڵی ئیسلامی لە گفتوگۆدایە.

سەرچاوەکەی خەندان وتیشى، "كۆمه‌ڵى ئیسلامى پێى وایه‌ به‌شداریكردن له‌ حكومه‌ت به‌ته‌له‌فون نابێت، هه‌ربۆیه‌ له‌به‌رامبه‌ردا پارتى ڕایگه‌یاندوه‌ له‌سه‌ر به‌شداریكردنى كۆمه‌ڵ، شاندى دانوستانكارى پارتى سه‌ردانى كۆمه‌ڵ ده‌كات، به‌ڵام تائێستا ئه‌و سه‌ردانه‌یان ئه‌نجامنه‌داوه‌".
به‌شداریكردن له‌ حكومه‌ت به‌ته‌له‌فون نابێت

رونیشیکردەوە، "پێمان وانییه‌ پارتى بیەوێت كۆمه‌ڵ به‌شداربێت له‌ حكومه‌ت، وه‌ ئه‌گه‌ر به‌شداربێت له‌ حكومه‌تیش به‌ لاوازى به‌شدارى پێده‌كرێت".

پێمان وانییه‌ پارتى بیەوێت كۆمه‌ڵ لە حکومەت به‌شداربێت

داوای پارتی بۆ بەشداریکردنی کۆمەڵی ئیسلامی لە کابینەی نۆیەم لەکاتێکدایە بزوتنەوەی گۆڕان کە هاوپەیمانی سەردەمی ئۆپۆزسیۆن و حکومەتی بو لەگەڵ پارتی گەیشتوەتە رێککەوتنی کۆتایی بۆ بەشداریکردن لە کابینەکە.

لەوبارەیەوە سەرچاوەکە خەندان وتی، له‌سه‌ره‌تاى دانوستانه‌كانی پێکهێنانی کابینەی نۆیەمدا بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان داواى به‌شداریپێكردنى كۆمه‌ڵى كردوه‌.

گۆڕان داوای بەشداریکردنی کۆمەڵی لە حکومەت کردوە
لەماوەی بەڕێوەچونی دانستانەکاندا بۆ پێکهێنانی کابینەی نۆیەم، پارتی و کۆمەڵی ئیسلامی تەنها دوجار کۆبونەتەوە، جاری یەکەمیان سەردانی شاندی پارتی بو بۆ لای عەلی باپیر، ئەمیری کۆمەڵ کە وەک خۆیان وتیان بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندیەکانی نێوانیان بوە، جاریش دوەمیشان سەردانی شاندی کۆمەڵ بوە بۆ لای پارتی.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP