بارزانی و نوێنەری سەرۆکی ئەمریکا کۆبونەوە

- 2/20/2019 11:19:00 PM 4145 جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە لە سەلاحەددین مەسعود بارزانی پێشوازی کرد لە جێمز جێفرى نوێنەری نوێى سەرۆكی ئەمەریكا بۆ هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتیی شەڕی دژی داعش و جۆڵ ڕایبێرن جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا بۆ كاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و كونسوڵی گشتیی ئەمەریكا لە هەولێر بە وەكالەت و ئەندامانی تیمی ئەمەریكی تایبەت بە سوریا.
تێكشكاندنی تیرۆر و بەدیهێنانی سەقامگیری، ئەولەوییەتی سەرەكیی ئەمەریكایە لە ناوچەكەدا

 

لە کۆبونەوەیەکدا گفتوگۆ لەسەر بارودۆخی سیاسیی ناوچەكە و عێراق و هەرێمی كوردستان كراوە و نوێنەری نوێى سەرۆكی ئەمەریكا بۆ هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتیی شەڕ دژی داعش ڕایگەیاندوە، سەرباری بوونی تەحەددیات و هەڕەشەی زۆر هەرێمی كوردستان یەكێكە لە سەركەوتوترین ناوچەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. 

جێمز جێفرى راشیگەیاندوە، تێكشكاندنی تیرۆر و بەدیهێنانی سەقامگیری، ئەولەوییەتی سەرەكیی ئەمەریكایە لە ناوچەكەدا.

دابینكردنی سەقامگیری و ڕێگەگرتن لە شەڕ و كاولكاری و ئازار و نەهامەتی بۆ گەلی كورد لە سوریا

 

لەبارەی بارودۆخی سووریا و دوا پێشهاتە سیاسی و مەیدانییەكان و نیگەرانی و پێشنیارەكان لەمەڕ ئایندەی كورد لە سووریا گفتوگۆى لەسەرکراوە و پێویستى هەماهەنگی و كاری هاوبەشی نێوان هەردولا بە مەبەستی دابینكردنی سەقامگیری و ڕێگەگرتن لە شەڕ و كاولكاری و ئازار و نەهامەتی بۆ گەلی كورد لە سوریا جەختى لەسەرکراوەتەوە.

هەر لەو كۆبوونەوەیەدا هەڕەشەكانی تیرۆریستان بۆ سەر ئاسایشی ناوچەكە خرایە بەر باس و گفتوگۆ و ئەوە دووپاتكرایەوە كە هەماهەنگی و كاری هاوبەشی هاوپەیمانان و هەرێمی كوردستان سەركەوتن و ئەنجامی زۆر ئیجابی لە تێكشكاندن و پاشەكشەكردن بە تیرۆر لێ كەوتووەتەوە.

بەردەوامیی هەماهەنگیی نێوان هەردوولا و پەیوەندییەكانی هەرێم و بەغدا و هەروەها پڕۆسەی سیاسیی هەرێم تەوەری دیكەی ئەو كۆبوونەوەیە بوون.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP