چەندین بڕیار لەبەرژەوەندى جوتیارانى کورد لە کەرکوک دەردەکرێت

- 2/20/2019 10:18:00 PM 3289 جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

ئه‌ندامێكى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق رایگه‌یاند، سه‌رجه‌م ئه‌و زه‌وییانه‌ى ده‌كه‌وێته‌ چوارچێوه‌ى چاکسازى کشتوکاڵى ده‌گه‌ڕێنردێنه‌وه‌ بۆ كورد و توركمانه‌كانى كه‌ركوك. 

رێبوار ته‌ها، ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق به‌ خه‌ندان-ى وت، هه‌ریه‌ك له‌ نوێنه‌رى سه‌رۆكایه‌تى كۆمارى عێراق و ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى عێراق و په‌رله‌مان له‌ پێكهاته‌كانى  كورد و توركمان و عه‌ره‌ب و نوێنه‌رى وه‌زاره‌تى كشتوكاڵ و ئه‌ندامانى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى كه‌ركوك له‌و لیژنه‌ هاوبه‌شه‌ى كه‌ركوك  بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ى كێشه‌ى زه‌وییه‌ كشتوكاڵیه‌كانى كه‌ركوك پێكهێنراوه‌ بوونیان هەیە.
بڕیاردراوە سەرجەم ئەو بڕیارانەی دادگا رابگیرێت کە دژی جوتیارانی کورد لە دادگاکانی کەرکوک تەمیز دەکرێتەوە

 

وتیشى، له‌ كۆبونه‌وه‌ى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ى لیژنه‌كه‌دا بڕیاردراوه‌، هه‌ریه‌ك له‌ زه‌وییه‌ كشتوكاڵیه‌كانى قه‌ره‌هه‌نجیر و شوان و پردێ و حەویجە بكرێت به‌ناوى خاوه‌نه‌كانیانه‌وه‌ كه‌ ئێستا تێیدا كارى كشتوكاڵ ده‌كه‌ن و به‌تایبه‌ت پێكهاته‌ى كورد و توركمان زه‌ره‌ه‌مه‌ندبون له‌ نه‌بونى موڵكیه‌تى ئه‌و زه‌ویانه‌ و ئێستا بڕیاردراوه‌ به‌ناویانه‌وه‌ بكرێت. 

ئه‌وه‌شیخسته‌رو، بڕیاردراوە سەرجەم ئەو بڕیارانەی دادگا رابگیرێت کە دژی جوتیارانی کورد لە دادگاکانی کەرکوک تەمیز دەکرێتەوە،  جگه‌له‌وه‌ى  بڕیاردراوە پڕۆسەی بە بازاڕکردن زەوییە کشتوکاڵیەکانی کەرکوکیش بگرێتەوە و كێشه‌ى زه‌ویوزارەکانى كه‌ركوك چاره‌سه‌ر بكرێت و مه‌له‌فه‌كان دابه‌شبكرێت.

ئه‌و ئه‌ندامه‌ى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق ئاماژه‌ى بۆئه‌وه‌شكرد، ماوه‌یه‌ك دانه‌نراوه‌ بۆ ته‌واوكردنى كاره‌كانى لیژنه‌كه‌، به‌ڵام كاره‌كان قۆناغى باشیان بڕیوه‌ و هه‌نگاوى باشنراوه‌، به‌راورد به‌ ساڵانى پێشو ئێستا هه‌وڵه‌كان جدیترن له‌لایه‌ن حكومه‌ت عێراقه‌وه‌، ئه‌م نیه‌ته‌ش بەروونى هه‌ستی پێده‌كرێت.


نیشانەکردن :

#كه‌ركوك #كشتوكاڵ

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP