سەلاحەدین دەمیرتاش لە زیندانەوە نامەیەک بۆ پەرلەمانتارانى ئەوروپا دەنێرێت

- 2/20/2019 8:24:00 PM 3644 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاش هاوسەرۆکى پێشوى پارتى دیموکراتى گەلان (هەدەپە) لەنامەیەکدا سەرنجى پەرلەمانتارانى ئەوروپا رادەکێشێت بۆ مەترسیدارى دۆخى تورکیا و داوایان لێدەکات هەر شتێکیان لەدەست دێ بیکەن.

سەڵاحەدین دەمیرتاش لە ناو زیندانەوە و لە رێگەى پارێزەرانى (هەدەپە) نامەکەى ناردوە و تیایدا نوسیویەتى: په‌رله‌مانتارانى هاوڕێم، ده‌مه‌وێت سه‌رنجتان ڕابكێشم بۆ سه‌ر بارودۆخێكی مه‌ترسیدار له‌ توركیا".

لەبەشێکى ترى نامەکەدا دەڵێت:" له‌یلا گیوڤه‌ن كه‌ ئه‌ندامێكی په‌رله‌مانی توركیایه‌، تا كاتی نووسینه‌ی ئه‌م نامه‌یه‌ ١٠٤ ڕۆژه‌ له‌ مانگرتندایه‌. له‌گه‌ڵ ئه‌ودا، له‌ زیندانه‌كان و له‌ ده‌ره‌وه‌ش نزیكه‌ی ٣٢٠ كه‌س له‌ مانگرتندان، تاکە داواکاریشیان کە ئێستا لە چاوەڕوانى مردندان ئەوەیە کە کۆتایی بهێنرێت بە گۆشه‌گیركردنی عه‌بدوڵا ئۆجەلان.
لابردنى گۆشەگیرى سەر ئۆجەلان ده‌بێته‌ هۆی كردنه‌وه‌ی ده‌روازه‌یەک بۆ سه‌روه‌ریی یاسا و که‌شوهه‌وای ئاشتی و گفتوگۆ له‌ توركیا

 

نوسیویشیەتى: "لابردنى گۆشەگیرى سەر ئۆجەلان ده‌بێته‌ هۆی كردنه‌وه‌ی ده‌روازه‌یەک بۆ سه‌روه‌ریی یاسا و که‌شوهه‌وای ئاشتی و گفتوگۆ له‌ توركیا، ئەمەش داوایەکى یاسایی و راستەقینەى رەوایە کە له‌ توركیا و له‌ سوریا و ئه‌وروپا ئاسایش و ئارامی و سه‌قامگیری بەهێزده‌كات".

لە کۆتایی نامەکەیدا بۆ پەرلەمانتارانى ئەوروپا، دەمیرتاش نوسیویەتى: تەندروستى مانگرتوان لە خواردن ڕۆژ به‌ ڕۆژ نزیكتر ده‌بێته‌وه‌ له‌ مردن. حكوومه‌ت چاوپۆشی له‌م بابه‌ته‌ گرنگه‌ ده‌كات. ئه‌مه‌ش مه‌ترسی و جدی­بونی بابه‌تەکە‌ زیاتر ده‌كات. سه‌دان مرۆڤ له‌ ڕێی ئاشتی و دیموكراتیدا خۆیان ڕووبه‌ڕووی مردن كردووه‌ته‌وه‌ و ده‌ستیان به‌ مانگرتن له‌ خواردن كردووه‌. ملیۆنان مرۆڤیش پشتگریییان ده‌كه‌ن. من پێم وایه‌ ئێوه‌ ئه‌م هاواره‌ ده‌بیستن. له‌ دڵه‌وه‌ باوه‌رم وایه‌ كه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م بابه‌ته‌ ببێته‌ ڕۆژی ڕای گشتی و كۆتایی به‌ مانگرتنه‌كان بهێنرێت و ده‌موده‌ست وه‌ڵامی داواكارییه‌ ڕه‌واكانی مانگرتووان بدرێته‌وه‌، ئێوه‌ هه‌ر شتێك له‌ ده‌ستان بێت به‌ گوێره‌ی ده‌رفه‌ته‌كانی خۆتان ده‌بنه‌ هاریكار".


نیشانەکردن :

#ده‌میرتاش #تورکیا

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP