"بەدەست گرفتی بێکارییەوە ناڵاندویانە"
کۆچی نێودەوڵەتی ڕاپۆرتێکی دەربارەی رەوشی ئاوارەکانی عێراق بڵاوكرده‌وه‌

- 2/20/2019 6:38:00 PM 2090 جار خوێندراوەتەوە
دیمەنێک لەژیانی ئاوارەکان

خه‌ندان-

رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی رایگه‌یاند، سەرباری کۆتایی هاتنی جەنگ و لەناوبردنی رێکخراوی چه‌كدارى داعش لە عێراق، دۆسێی ئاوارەکان کۆتایی پێ نەهاتوە، ده‌شڵێت، ئاوارەكان بەدرێژایی تەمەنی ئاوارەییان بەدەست گرفتی بێکارییەوە ناڵاندویانە.

بەپێی راپۆرتێکی رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی"iom"، کە بەهاوکاری زانلۆی "جۆرج تاون" سەبارەت رەوشی ئاوارەکانی عێراق بڵاویكردۆته‌وه‌ رایگه‌یاندوه‌، لە ئێستادا یەک ملیۆن و 800هەزار کەس لە عێراقدا بە ئاوارەیی ماونەتەوە و پێویستیان بەهاوکاری مرۆیی نێودەوڵەتی هەیە، لەو ژمارەیەش نزیکەی چوار هەزار خێزانی ئاوارە لەدەرەوەی کەمپەکان نیشتەجێن.

ئەو کەسانەی ئاوارەی ناوخۆی عێراقن بە درێژایی ماوەی ئاوارەییان لە خانوی کرێدا ژیاون

رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی ده‌شڵێت، بەپێی ئامارەکان %75ی ئەو کەسانەی ئاوارەی ناوخۆی عێراقن بە درێژایی ماوەی ئاوارەییان لە خانوی کرێدا ژیاون.

ئەوەشخراوەتەڕو، هاوڵاتیانی ئاوارەی عێراق بەدرێژایی تەمەنی ئاوارەییان بەدەست گرفتی بێکارییەوە ناڵاندویانە، بەجۆرێک بۆ بەردەوامبونی ژیانیان ناچاربون ئاست و کوالێتی ژیانیان کەمبکەنەوە و بەپشتبەستن بە قەرز و هاوکاری رێکخراوەکان ژیاون.

 ئاوارەکان ژمارەیان لە نزیکەی شەش ملیۆنەوە بۆ نزیکەی دو ملیۆن کەس کەمبوەتەوە

رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی لە راپۆرتەکەدا ئاماژه‌ى بۆئه‌وه‌شكردوه‌، هۆکاری سەرەکی نەگەڕانەوەی ئاوارەکان بۆسەر زێدی خۆیان بۆ مەترسی ئەمنی و وێرانبونی ناوچە رزگارکراوەکان و روخاندنی خانوەکانیان لەکاتی جەنگ دەگەڕێتەوە، کە تائێستاش دیمەنی کاولکاری بە سیمای شارە رزگارکراوەکانەوە دیارەو شیاوی ژیانکردن نییە.

رێكخراوه‌كه‌ ئاشکرایکردوە، لە مانگی نیسانی 2016، کە پەلامارەکانی داعش لە پارێزگاکانی نەینەواو سەڵاحەدین و پارێزگاکانی تر گەیشتە لوتکە، ژمارەی ئاوارەکان بۆ سێ ملیۆن و 42هەزار کەس بەرزبوە، بەڵام لە ئێستادا و سەرباری سەرجەم ئەو گرفتانەی  لەبەردەم گەڕانەوەی ئاوارەکانی عێراق دروستبون، ژمارەیان لە نزیکەی شەش ملیۆنەوە بۆ نزیکەی دو ملیۆن کەس کەمبوەتەوە.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP