لەسەر کاتى ناردنى بەشە بودجەی هەرێم لەلایەن بەغداوە بۆچونى جیاواز هەیە

- 2/20/2019 5:52:00 PM 17677 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ئەندامێکى پەرلەمانى عێراق رایدەگەیەنێت، بەهۆى ئەوەى حکومەتى هەرێم بۆچونى روون نییە لەسەر رادەستکردنى نەوت بە بەغداد، بۆیە دیار نییە کە حکومەتى ناوەند کەى بەشە بودجەى هەرێمى کوردستان دەنێرێت.

شیروان میرزا ئەندامى لیژنەى دارایی لە پەرلەمانى عیراق لەلێدوانێکى تایبەت بۆ خەندان رایگەیاند:"دیار نییە حکومەتى عێراقى کەى بەشە بودجەى هەرێمى کوردستان دەنێرێت، بەڵام پرۆژە یاساکە کەوتۆتە بوارى جێبەجێکردنەوە، ناردنى پەیوەستە بەوەى کە حکومەتى هەرێم و حکومەتى ناوەندى رێککەوتن بکەن لەسەر ئەوەى کە ئایا حکومەتى هەرێم نەوت رادەستى بەغداد دەکات یاخود نا، بۆ ئەوەى عێراق بزانێت چى بۆ هەرێم دەنێرێت، لەسەر ئەو بنەمایە بینێرێت کە ئایا نەوت رادەست دەکات یاخود نایکات.
بۆچونێکى رون لە حکومەتى هەرێمەوە نییە کە ئایا نەوت رادەست دەکات یان نا

 

لەبارەى هەڵوێستى حکومەتى هەرێمى کوردستان شیروان میرزا رایگەیاند: "تاکو ئێستا بۆچونێکى رون لە حکومەتى هەرێمەوە نییە کە ئایا نەوت رادەست دەکات یان نا، دەبێت حکومەتى عێراق بەرچاوى روون بێت کە هەرێمى کوردستان بە نیازى چییە، بۆیە هەتا ئێستا دیار نییە کەى حکومەتى عێراق موچە دەنێرێت".

سەرەتاى مانگى ئادار بەغداد 522 ملیار دینار بۆ هەرێم دەنێرێت

 

ئەمەش لە کاتێکدایە کە جەمال كۆچەر پەرلەمانتاری كورد لە ئەنجومەنى نوێنەرانى عیراق بە ماڵپەڕی (بغداد الیوم)ی ڕاگەیاندووە،“ کە لەسەرەتاى مانگى ئادار، وەزارەتی دارایی حكومەتی فیدڕاڵ بڕی 522 ملیار دینار وەك موچەی پێشمەرگە و فەرمانبەران رەوانەى هەرێمى کوردستان دەکات".

ئاشکراشى کردوە کە ئەو بڕە پارەیەى رەوانەى هەرێم دەکرێت، لەگەڵ داهاتەکانى دیکەدا بەشى ئەوە دەکات بەبێ پاشەکەوت موچەى فەرمانبەران بدرێت".



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP