سه‌رۆك به‌رهه‌م له‌گه‌ڵ وه‌زیری بازرگانی وپیشه‌سازی كوه‌یت كۆبۆوه‌
جێبه‌جێكردنی بڕیاره‌كانی كۆنگره‌ی كوه‌یت بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی عێراق گرنگن

- 2/20/2019 5:12:00 PM 1602 جار خوێندراوەتەوە
سەرۆک بەرهەم ساڵح و خالید رەوزان

خه‌ندان-

سه‌رۆككۆمارى عێراق له‌گه‌ڵ له‌ وه‌زیری بازرگانی وپیشه‌سازی كوه‌یت كۆبۆوه‌ و رایگه‌یاند، خواستی عێراق بۆ كرانه‌وه‌ به‌ڕوی وڵاتانی ناوچه‌كه‌ و جیهاندا له‌روى ئابوری و پیشه‌سازی به‌جۆرێكه‌ كه‌پێگه‌ی به‌هێزبكات و خواسته‌كانی گه‌له‌كه‌ی ده‌سته‌به‌ربكات.
 
نوسینگه‌ى ڕاگه‌یاندنى سه‌رۆكایه‌تى كۆمارى عێراق بڵاویكرده‌وه‌، سه‌رۆك كۆمار د.به‌رهه‌م ساڵح له ‌كۆشكی سه‌لام له ‌به‌غدا  له‌گه‌ڵ وه‌زیری بازرگانی و پیشه‌سازی كوه‌یت خالید ڕه‌وزان و شاندی یاوه‌ری كۆبۆته‌وه‌.

چاودێری و جێبه‌جێكردنی بڕیاره‌كانی كۆنگره‌ی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی عێراقی به‌گرنگ وه‌سفکرد کە له‌كوه‌یت ‌بەڕێوه‌چو

به‌پێى نوسینگه‌ى سه‌رۆكایه‌تى كۆمار، له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا سه‌رۆك به‌رهه‌م ساڵح جه‌ختی له ‌پێویستی به‌هێزكردنی هاوكاری بازرگانی نێوان هه‌ردو وڵات و چۆنیه‌تی به‌ره‌وپێشبردنی کرده‌وه‌ له ‌پێناوی گه‌شه‌كردنی ئابوری و به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌ش، هاوكات چاودێری و جێبه‌جێكردنی بڕیاره‌كانی كۆنگره‌ی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی عێراقیشی به‌ گرنگ وه‌سفکرد کە له‌كوه‌یت ‌بەڕێوه‌چو.
  
له‌میانی كۆبونه‌وه‌كه‌شدا، سه‌رۆك كۆمار ئاماژه‌یكرد به‌خواستی عێراق بۆ كرانه‌وه‌ به‌ڕوی وڵاتانی ناوچه‌كه‌ و جیهاندا له ‌گشت بواره‌كانی ئابوری و پیشه‌سازیدا به‌جۆرێك كه‌پێگه‌ی عێراق به‌هێزبكات و خواسته‌كانی گه‌له‌كه‌ی ده‌سته‌به‌ربكات، هه‌روه‌ها به‌شداری وڵاتی كوەیت-ی له ‌یارمه‌تیدانی ئاواره‌كان و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی ناوچه‌ زیان لێكه‌وتوه‌كان به‌رزنرخاند. 

به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانی وئابووری و گۆڕینه‌وه‌ی پسپۆڕی و هه‌ماهه‌نگی هاوبه‌ش له‌ گشت بواره‌كاندا

هاوكات، وه‌زیری بازرگانی و پیشه‌سازی كوه‌یت له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا، گرنگی وڵاته‌كه‌ی بۆ به‌ره‌وپێشبردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ عێراق دوپاتکرده‌وه‌ و ئاماده‌یی كۆمپانیاكانی كوه‌یت-یشی بۆ وه‌به‌رهێنان و دوباره‌ بوژاندنه‌وه‌ی ژێرخانی ئابوری عێراق ده‌ربڕی.

هه‌روه‌ها، له‌میانه‌ى كۆبونه‌وه‌كه‌دا باس له‌ چەند بابه‌تی گرنگی نێوان هه‌ردو وڵات كراون و جه‌ختیش له‌ به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانی وئابووری و گۆڕینه‌وه‌ی پسپۆڕی و هه‌ماهه‌نگی هاوبه‌ش له‌ گشت بواره‌كاندا كراوه‌ته‌وه‌.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP