حەوت منداڵی یەك خێزان لە كەنەدا گیانیانلەدەستدا

- 2/20/2019 11:27:00 AM 8707 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

لە ئەنجامی كەوتنەوەی ئاگر لە ماڵێكدا لە كەنەدا، حەوت منداڵی یەك خێزان گیانیانلەدەستدا.

بەپێی ئاژانسی رۆیتەرز، پۆلیسی هالیفكس لە كەنەدا رایگەیاندوە، لە ئەنجامی كەوتنەوەی ئاگر لە یەكێك ماڵی پەنابەرانی سوریادا لە كەنەدا، حەوت منداڵی سەر بە یەك خێزان گیانیانلەدەستدا.

بەگوێرەی رادیۆی فەرمی كەنەدا، ئەو خێزانە لە پەنابەرانی سوریان و تەمەنی منداڵەكانیشیان لەنێوان سێ مانگ بۆ 17 ساڵیدا بوە.

ئاماژە بەوەشکراوە، دایك و باوكی منداڵەكان بریندارن و لە ئێستادا بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەر لە نەخۆشخانەدا ماونەتەوە.

بەوتەی شایەتحاڵەكان، ئاگرەكە لە دوای 12:30ی شەوەوە بوە و دوای بیستنی دەنگەدەنگ و هاوار دایك و باوكی منداڵەكانیان بینیوە كە بە پەلە لە ماڵەكە هاتونەتە دەرەوە.

تا ئێستا بەرپرسانی بەرێوەبەر و پۆلیس لەبارەی چۆنیەتی كەوتنەوەی ئاگرەكەوە هیچ زانیاریەكیان بڵاونەكردوەتەوە.

مایك ساڤیج، بەڕێوەبەری پۆلیسی هالیفاكس لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر رایگەیاندوە، چاوەڕوانی دەستكەوتنی زانیاری زیاترن لەو بارەیەوە.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP