بریتانیا هۆشداری لە راگرتنی فرۆشتنی چەكی ئەڵمانی بە سعودیە دەدات

- 2/20/2019 11:01:00 AM 3735 جار خوێندراوەتەوە

خەندان- شادان عەلی

رۆژنامەی شپیگڵ-ی ئەڵمانیا رایگەیاند، بریتانیا داوا لە حكومەتی ئەڵمانیا دەكات چاوپۆشی رێگرتنی فرۆشتنی چەكە سەربازیەكانی وڵاتەكەی بكات بۆ سعودیە، ئەگەرنا متمانەی بازرگانی لە دەستدەدات.

بەپێی ئاژانسی رۆیتەرز، حكومەتی بریتانیا، لە رێگەی جێرێمی هینت، وەزیری دەرەوەی وڵاتەكەی، داوای لە ئەڵمانیا كردوە بۆ پێداچونەوەی بە بڕیاری راگرتنی فرۆشتنی چەك بە وڵاتی سعودیە و رایگەیاندوە، "ئەگەر ئەڵمانیا چاو بە بڕیارەكەیدا نەخشێنێتەوە، دەبێتە هۆی زەرەرمەندبونی پیشەسازی بەرگری بریتانیا و لەدەستدانی متمانەی بازرگانی".

ئەوە لە كاتێكدایە، لە مانگی تشرینی دوەمی ساڵی رابردودا، حكومەتی ئەڵمانیا رایگەیاند، مۆڵەت نادات بە هەناردەكردنی چەك بۆ وڵاتی سعودیە بەهۆكاری كوشتنی رۆژنامەنوس جەمال خاشقچی لە باڵیۆزخانەی ئەو وڵاتە.

هاوكات ئەڵمانیا بە فەرمی بڕیاری قەدەغەكردنی هەناردەی چەك-ی بۆ سعودیە دەرنەكردوە، بەڵام لە ئێستادا رێگری لە سێكتەرەكان دەكات بۆ رادەستكردنی چەك بەو وڵاتە.
ئەڵمانیا بە فەرمی بڕیاری قەدەغەكردنی هەناردەی چەكی بۆ سعودیە دەرنەكردوە

لەكاتێكدا ئەڵمانیا بە رێژەی لەسەدا دوو-ی تێكڕای هەناردەكردنی چەك بۆ سعودیە پێكدەهێنێت، كە بە بەراورد بە هەناردەكاری چەكی ویلایەتە یەكگرتوەكان و بریتانیا رێژەیەكی زۆر كەمە، بەڵام رۆڵی هەیە لە رێكەوتننامە هەناردەكاریەكانی چەك بۆ سعودیە، لەوانە رێكکەوتنی لەگەڵ حكومەتی بریتانیا بۆ كڕینی 48 تایفۆنی جەنگی بە بڕی 10 ملیار یۆرۆیە بۆ وڵاتی سعودیە.

لەوبارەیەوە جێرێمی هینت، وەزیری دەرەوەی بریتانیا لە نامەیەكیدا بۆ هایكۆ ماكس، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا رایگەیاند، "هەست بە دودڵی دەكەم لەبارەی كاریگەری بڕیارەكانی حكومەتی ئەڵمانیا سەبارەت بە سێكتەرەكانی پیشەسازی بەرگری بریتانی و ئەوروپی لەگەڵ ئەو سزایانەی لە توانای ئەوروپادا هەیە لەبارەی پابەندبون لەسەر پەیمانی باكوری ئەتڵەس".

هینت ئاماژەی بەوەشکردوە، كۆمپانیاكانی پیشەسازی سەربازی بریتانیا، لە توانایاندا نیە ژمارەیەك لەو رێككەوتنانەی لەگەڵ سعودیەدا هەیانە بە ئەنجام بگەیەنن، لەوانەش فرۆشتنی فڕۆكەكانی تایفۆن و تۆرنیدۆ بەو وڵاتە، لەكاتێكدا بڕیارەكەی ئەڵمانیا لەبارەی نەفرۆشتنی چەك بە سعودیە دەتوانێت كاریگەربێت لە پیشەسازی و فرۆشتنی ئەو دوو فڕۆكەیەدا.
كۆمپانیاكانی پیشەسازی سەربازی بریتانیا، لە توانایاندا نیە ئەو رێككەوتنانەی لەگەڵ سعودیەدا هەیانە بە ئەنجام بگەیەنن

ئەوەشی خستەڕو، "پێویستە زوو لە بارەی پرۆژەی هێزی بەرگریەوە دانوستان بكرێـت بەتایبەتی چەكەكانی یۆرۆفایتەر و تۆرنیدەر، لە ئەگەری رێكنەكەوتنیشدا، متمانەی بازرگانی ئەڵمانیا وەكو هاوبەرژەوەندێك دەكەوێتە مەترسیەوە".

بەپێی ئەو زانیاریانەی لە نامەكەی جێرێمی هینت-دا هاتوە، بڕیاری راگرتنی فرۆشتنی چەك بە سعودیە لە لایەن ئەڵمانیاوە، تا ساڵی 2026 بە ڕێژەی مەزەندەكراوی 2.3 ملیار یۆرۆ زیان بە كۆمپانیاكانی بەرگری ئەڵمانیا دەگەیەنێت.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP