سویسرا وەرگرتنەوەی هاوڵاتیانی وڵاتەکەی کە لەناو داعشدا بون رەتدەکاتەوە

- 2/20/2019 10:21:00 AM 2136 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

وه‌زیری دادی سویسرا لەبارەی هاوڵاتیانی وڵاتەکەی کە لە ناو داعشدا بون رایگەیاند، ئەو هاوڵاتیانیانە با له‌ سوریا و عێراق دادگایی بكرێن.

هێزەکانی سوریای دیموکرات(هەسەدە) کە ئێستا لە قۆناغی کۆتاییهێنان بە چەکدارانی داعشن لە سوریا رایانگەیاندوە، زیاتر لە 800 چەکداری بیانی داعشیان دەستگیرکردوە و داوا لە وڵاتانی ئەوروپا دەکەن وەریانبگرنەوە و لە وڵاتەکانی خۆیان دادگاییان بکەن.

كارین كێله‌ر-شوته‌ر، وه‌زیری دادی سویسرا لەوبارەیەوە رایگه‌یاند، "بۆ من سه‌ره‌كیترین شت ئاسایشی گه‌لی سوریا و هێزه‌ ئه‌منییه‌كانه‌، بۆچونی ئێمه‌ وه‌هایه‌ هاوڵاتیانی سویسری کە لە ناو داعشدا بون له‌و شوێنانه‌ دادگایی بكرێن كه‌ لێی زیندانی كراون".

بۆ من سه‌ره‌كیترین شت ئاسایشی گه‌لی سوریا و هێزه‌ ئه‌منییه‌كانه‌

 

ئاماژەی بەوەشکرد، "گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ به‌ ویستی خۆیان چونه‌ته‌ شه‌ڕ له‌ سوریا و عێراق، سویسرا ده‌خاته‌ مه‌ترسییه‌وه‌، ئایا ده‌توانین له‌و شوێنانەی ده‌ستگیركراون دادگاییان بكه‌ین؟، به‌ڵگه‌كان كۆبكه‌ینه‌وه‌ و پڕۆسه‌یه‌كی ئاسایی به‌ڕێوه‌ببه‌ین؟ زۆر زه‌حمه‌ته‌ له‌ دۆخێكی وه‌هادا دادگه‌كانی سویسرا بیر له‌وه‌ بكه‌نه‌وه‌ كه‌ چۆن دادگایی ئه‌و روداوانه‌ بكه‌ن كه‌ له‌ سوریا رویانداوه‌".

به‌پێی ناوه‌ندی هه‌واڵگریی سویسرا، 93 هاوڵاتی سویسرا چونه‌ته‌ ریزی چەکدارانی داعشەوە، له‌و ژماره‌یه 79 كه‌سیان چونه‌ته‌ سوریا و عێراق، هه‌روه‌ها‌ 27 كه‌سیان كوژراون و 16 كه‌سیشیان گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ سویسرا.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP