پاساوھێنانەوە بۆ ئەو ھەمو ناشیرینیانەی پاساویان نیە
ڕێبین ھەردی: لەساڵیادی ١٧ شوبات ڕەخنەی توند ئاڕاستەی گۆڕان دەکات

- 2/20/2019 12:01:00 AM 18747 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

یەکێک لە نوسەرو رۆژنامەنووسە دیارەکانى خۆپیشاندانەکانى سەراى ئازادى سلێمانى رەخنەى توند لەو کەسانە دەگرێت کە ئەو کاتە چەندین دروشمى جۆراوجۆریان بەرزدەکردەوەو لە ئێستادا کەوتونەتە رێککەوتن و دانیشتن لەسەر مێزێک کە دەوریان حیمایەیە.

نوسەرى ناسراوى کورد رێبین هەردى لە نوسینێکدا لە پەیجى تایبەتى خۆى لە فەسیبووک وەک بیرهێنانەوەیەک بۆ خۆپیشاندانەکانى سەراى ئازادى سلێمانى و دۆخى ئەمڕۆى کوردستان نوسیویەتى: "دنیایه‌كی سیاسی ناشرین. پر له‌ درۆ. له‌ هه‌ڵگه‌رڕانه‌وه‌، له‌ پوچی. له‌ پاره‌خواردن و شۆڕشگێری وه‌همی و فس فس پاڵه‌وانی".

رێبین هەردى رەخنەى زیاتر لە دنیاى ئەمڕۆ دەگرێت بەبەراورد بەو دروشمانەى سەراى ئازادى و دەڵێت: "دنیایەکى پڕ له‌ بازرگانیكردن به‌ دروشم و بڕوا و پاساو هێنانه‌وه‌ بۆ ئه‌و هه‌موو شوره‌یی و ناشرینیانه‌ی پاساویان نیه‌..پر له‌ لادان و خۆ فرۆشتن به‌ناوی سیاسه‌ت و گه‌مه‌ی سیاسیه‌وه‌، پر له‌ رق و كینه‌ به‌ناوی عه‌قل و عاقڵێتیه‌وه‌، پر له‌ حه‌زی پۆست و دانیشتن له‌سه‌ر مێز و بوونی چه‌ند حیمایه‌یه‌ك به‌ناوی هه‌وڵی چاكسازیه‌وه‌. دوور زۆر دوور له‌ هه‌موو به‌رنامه‌یەك بۆ به‌دیهاتنی ئه‌و ئامانج و خه‌ونانه‌ی بریاربوو تا مردن له‌كه‌له‌ سه‌ری ئه‌م و ئه‌ودا بن..دوور زۆر دوور له‌ هه‌موو ئه‌و هیواو هاوار و خه‌ونانه‌ی ده‌یان و سه‌دان و بگره‌ هه‌زاران به‌عه‌شق و خۆ نه‌ویستی و ئازاره‌وه‌ به‌دوایه‌وه‌ بون و له‌ پێناویشیدا یان شه‌هید یان بریندار یان زیندانی یان ئاواره‌ بوون".

ئەو نوسینەى ئەمڕۆى رێبین هەردى کە یەکێکە لە رۆشنبیرە دیارەکانى هەرێمى کوردستان، هاوکاتە لەگەڵ رێککەوتنە سیاسییەکەى گۆڕان لەگەڵ پارتى دیموکراتى کوردستان لە ساڵیادى خۆپیشاندانەکانى ١٧ ى شوباتدا.

رێبین هەردى لە درێژەى بابەتەکەیدا نوسیویەتى: "سه‌رده‌مانێكی نه‌ك دوور رۆحێكی یاخی هه‌بوو.. خه‌ونی به‌ وڵاتێكی ترەوە ئه‌بینی.. وڵاتێك یاسا تیایدا بۆ گه‌وره‌كان و بچوكه‌كان وه‌ك یه‌ك بێت نه‌ك بكوژ له‌به‌ر حیزبیبوون بپارێزێت و هاولاتیه‌كی توڕه‌ و بێ ماف له‌به‌ر به‌رد هاویشتن بكوژێت.. سه‌رده‌مانێك هاوارێك هه‌بوو بۆ ولاتێك كه‌ حوكمرانی تیایدا له‌سه‌ر بناغه‌ی دۆستایه‌تی و برایه‌تی راسته‌قینه‌ بێت، نه‌ك رێكه‌وتنی درۆزنانه‌ و پر له‌ خیانه‌ت له‌ یه‌كدی بۆ دزینی سه‌رو سامانی وڵات..رۆژگارێك گه‌نجانێكی توره‌ و نائومێد خه‌ونێكی تریان هه‌بوو كه‌ نزیك له‌ خۆیانه‌ ئه‌یانبینی و هه‌نوكه‌ زۆر دوور ده‌سته‌ لێیان".


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP